هەتا کەی دەرگای پەرلەمانی کوردستان بە داخراوی دەمێنێتەوە…؟!
شاهۆز سدیق
سێ ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی یاسایی بەسەرچووە و بەکاربەڕێکەر کارەکانی ڕایی دەکات، لەولاشەوە ساڵێک و دوو مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوەو دەرگای پەرلەمان بۆ کاری پەرلەمان داخراوەو کارەکانی لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە پەکخراوە، داخستنی دەرگای پەرلەمان حسابنەکردنە بۆ دەنگی هاوڵاتییان، ئەگەرچی هەموو حزبەکان کەم تا زۆر کەمتەرخەمن لەم دۆخە بەڵام کەمتەرخەمی زیاتر دەکەوێتە سەرشانی پارتی و یەکێتی.
لە تەواوی دوونیا پەرلەمان بۆ ڕێکخستن و دانانی یاساکان و چاودێریکردنی کاروبارەکانی حکومەتە، لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان ئەگەر گەورەترین گەندەڵی هەبێت، هیچ کەسێک نییە لێپرسینەوە لە بەرپرسان بکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زیاتر لە ساڵێکە هەرێمی کوردستان پەرلەمانەکەی داخراوە، هەرچەندە حکومەت کاربەڕێکەرە و کابینەی دەیەم پێکنەهێنراوە، بەڵام ئەرکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانە چاودێری کارەکانی حکومەت بکات، پێکنەهێنانی حکومەتیش بۆ خۆی جۆرێکە لەو قەیرانە دەستکردانەی ساڵانێکە بەردەوامی هەیە لە هەرێمی کوردستان.
داخستنی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکومەت کێشەیە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، دواجار خەڵک باجەکەی دەدات، چونکە وادەردەکەوێت کاری پەرلەمانتارانی ئەم خوولەی پەرلەمان تەنها بریتی بوو لە شەرعییەت دان بەو مووچە زۆرەی خۆیان کە مانگانە وەریدەگرن، لە کاتێکدا دەبێت پەرلەمانتاران فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی درووستبکەن تاوەکوو دەرگای پەرلەمان بکرێتەوە و دانیشتنەکانی ئاسایی بکرێتەوە.
بەتێگەیشتنی من حزبەکانی دەسەڵات گرنگی پەرلەمانیان لە هەرێمی کوردستان کەمکردووەتەوە، لە کاتێدا پەرلەمان بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانانە، یەکێکە لەو دەسەڵاتانەی چاودێری دەسەڵاتەکانی دیکە دەکات، ئەرکی پەرلەمان ئەوەیە چاودێری دامەزراوە حکوومییەکان بکات پڕۆژە یاسا و بودجە پەسەند بکات، بەڵام دەسەڵات نە پڕۆژە یاسا و نە بوودجە و نە ڕێگەش دەدەن چاودێری دەسەڵاتەکانی دیکە بکات، ئەو فەساد و گەندەڵییەی هەیە پێیان خۆش نییە کەس چاودێری بکات بەسەریانەوە.
لەلایەکی دیکەوە داخستنی دەرگای پەرلەمانی کوردستان حسابنەکردنە بۆ دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان، وە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار ڕێگرن لە کردنەوەی دەرگای پەرلەمان و خۆیان نایانەوێت دانیشتنەکانی ئاسایی بکرێتەوە.
پرسیارەکە لێرە ئەوەیە پەرلەمانێک لە ماوەی دوو خول سێ ساڵ بەداخراوی بمێنێتەوە ئایا شەرعییەتی لای خەڵکی هەرێمی کوردستان دەمێنێت…؟!















Post Comment