یەکبونی کورد تاکە وەڵامە بۆ جینۆسایدی سیاسی
لەم سەردەمەدا بەڵێن و دۆستایەتی و رێککەوتن و وەفا لە سیاسەت وەک سەرابی بیابانیان لێهاتوە، تایبەت بۆ ئەوانەی پشتئەستور بەو چەمکانە لە لاوازی و خەیاڵپڵاویەوە سیاسەت دەکەن. لەگەڵ دارمانی دیواری بەرڵین سیاسەت بۆتە کاڵایەکی هەرزان بەها چونکە هاوسەنگی فکر و هێز شڵەژاوە و سنورەکان کاڵبونەتوە و چەمکی دۆست و دوژمن بۆتە ئەختەبوتێکی سەرلێشێوەنەر، هەریسەیەکی فکری و سیاسی سەریهەڵداوە، بۆ کاڵفام و لاوازەکان وەک چێشتی مجەوری لێهاتوە. ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەو سەرلێشوانە رۆژانە بەخەستی ئاسمان و ئەرزی تەنیوە، تایبەت دوای روخاندنی رژێمی ئەسەد و لاوازکردنی پێگەی ئێران و جەمسەرەکانی لە لوبنان و عێراق و ناوچەکە.
ناحەز و رکابەرە مەزهەبی و سیاسیەکانی ئێران، تایبەت ئەمریکای ترامپ و سوننەکان و گروپە رادیکاڵ و تێرۆریستە ئیسلامیەکان و پاشماوەکانی داعش ئەم دۆخە بە فرسەتێکی زێرین دەبینن بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندەکانیان.
مێژوی بزافی کوردایەتی تەنراوە، لە مەقامی دا لە ناچاریەوە، بەپەنابردنی سەرکردەکانی کورد بۆ لایەنێک لە لایەنەکانی جەمسەرە نێودەوڵەتیە بەهێزەکان. مەلا مستافا نەی دەشاردەوە کە خوازیارە کوردستان ببێتە ولایەتی ٥١ ی ئەمریکا، خوالێخۆشبو یارمەتی و پشتگیری ئێرانی ئەو سەردەمە و ئیسرائیڵی پەسند دەکرد بۆ زیندوراگرتنی شۆرشی ئەیلول و پاراستنی کورد لە هەمەجیەتی رژێمەکانی عێراق. دۆکیۆمێنتەکانی ویکیلیکس دەیسەلمێنن ئەمریکا و ئێران و چەند وڵاتێکی عەرەبی لە ساڵی ١٩٧٢ ەوە بەخەستی کاریان کردوە بۆ لاوازکردنی رژێمی سەدام بەرامبەر بە بەهێزکردنی شای ئێران کە لە دۆکترینی سەرۆکی ئەمریکا، نیکسۆن، بە پۆلیسی ناوچەکە بینراوە. لەم ئاڵوگۆرەدا شۆرشی ئەیلولیان کرایە قوربانی لە ئاکامی رێکەوتنی جەزائیر ١٩٧٥ نێوان سەدام و شای ئێران. بۆ خۆم ئەو دۆکیۆکێنتانەم وەرگێراوە بۆ کوردی لە نامیلکەیەکدا کۆیانم کردۆتەوە، بەشێکێشیم ئاشکرا کردوە. کۆنگرێسی ئەمریکی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر رۆڵی ئەمریکا لە شکستی شۆرشی پێکهێنا، ی لێژنەکە ناسراوە بەناوی سەرۆکەکەی پێی دەوترێت ی بایک، گرنگترین خاڵی رەتکردنەوەی هێنری کیسنجەر، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئەندازیاری رێکەوتنی جەزائیر، کاتێک دەڵێت هیچ بەڵێێنێکی سیاسیم بە کوردەکان نەداوە، ئەوان زۆرتر رۆڵی هەواڵگریان هەبوە.
لە سەرەتای شەستەکانەوە جمال عبدالناصر، جۆرج حەبەش و عبدول کەریم خەتیب، سێ کوچکەی بزافی نەتەوەی عەرەبی، هانی بەناو گروپی چەپرەوی پارتیان دەدا تا دژ بە ” ئیمپریاڵیزم، رژێمی بەکرێگیراوی شا و کۆنەپەرست” بوەستن. لە ئاکامدا ئەم روداوانە دەردەسەری و کارەساتیان بۆ خۆیان و نەتەوەکەشیان بەرهەم هێنا.
سەرکردەکانی شۆرش و سەرهەڵدانەکانی کوردستان، قازی محمد، شێخ محمودی نەمر، شۆرشەکانی بارزان، مەلا مستەفا، عبدالرحمن قاسملۆ، مام جلال و نەوشیروان مستەفا و هەروەها مسعود بارزانیش بونەتە قوربانی ئەو پرۆسە ئاڵۆز و فروفێڵ و ساختەچیەتی زلهێزەکان و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان. مەخابن لەو مێژوە درێژ و ئاڵۆزەدا سەرکردە و هێزە کوردیەکان ملکەچی ئەوە بون کە بەسەریاندا سەپێنراون، بەپێچەوانەوە روبەروی کوشتن و دەردەسەری بون. ئەوەی لە رۆژئاوا رویدا و رودەدات دوبارەبونەوەی مێژوە بە کاراکتەر و گەمەکەری نوێ. و بۆ ئامانجی دەسەڵاتی رەهای ئەمریکای ترامپ و هاوپەیمانەکان لە دنیا و ناوچەکەمان. نەتەوەی کورد باجێکی ئێجگار قورس دەدات گەر فریای خۆی نەکەوێت چونکە جەمسەرگەری نێودەوڵەتی ئەم سەردەمە پوچەڵبون لە فکر و خەمخۆری بۆ ئایندەی مرۆڤایەتی و دنیا.
بەدرەوشتی و سپڵەیی سیاسی زلهێزەکان و لە لوتکەدا ترامپی ئەمریکا و پیرە تۆم باراکی پارەپەرست کە لە شکستی شۆرشی ئەیلولیشا رۆڵی بەرچاوی هەبوە، شۆڤینزمی تورکیا و خۆپەرستی فەرەنسا و بۆگەنی و گەنیوی چەند وڵاتێکی کەنداو و عەمالەت و جاشایەتی چەند کەسایەتی کوردی بەکرێگیراو و تێرۆریستە ئیسلامیەکان و پاشماوەکانی داعش کەرەستە بنەرەتیەکانی جینۆسایدی سیاسی بزافی کوردایەتین.
کەسێکی وەک شەرع. تێرۆریست، داعشێکی مرۆڤکوژ، سیخوری تورکیا و ئیسرائیل و بازرگانی تلیاک شوێنی ئەو دادگای نێودەوڵەتیە بۆ تاوان، بەڵام کەسێکی وەک ترامپ بۆ مەرامە شەخسی و سیاسیەکانی لە کۆشکی سپی پێشوازی لێدەکات و گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵدەکات بۆ تاوانەکانی دژ بە کورد. ماکرۆنی فەرەنسا کە ناسراو بو بە پاڵپشتی بەهێزی رۆژئاوا لە پەیامێکیدا بێشەرمانە و کروزاوە پیرۆزبایی لە ترامپ دەکات بۆ سەرکەوتنە مەزنەکانی لە سوریا، ئەمەو چەندین نمونەی تر زو یاخود درەنگ باجی ئەم کارە قێزەوەنانەیان دەدەن، چونکە هیچکات مێژو لە چەقێکدا نەوەستاوە، کورد وتەنی رۆژان رۆژی تری لەدوایە،
سەرەرای ئەم لایەنە رەشانەی خیانەت لە کورد و پشتکردن لێی، خۆشبەختانە تەوژمێکی رەسەنی نەتەوەیی لە کوردستان و لە هەر سوچ و قوژبنێکی دنیا کوردێکی لێبێت لە هەڵچوندایە، لە وڵاتانی ئەوروپا دەیان خۆپیشاندانەکانی رەوەندی کورد زۆر چڕوپڕ و ئاشتیانە بەرێوەدەچن، ئەوەی شایستەی باسکردنە کیژان و گەنجانی کورد گەرم و بەپەرۆشیەوە سەرقافڵەی ئەم هەڵساندنەوە نەتەوەییەن.
پێویستە کورد بۆ دنیای دەرەوە قەڵایەکی پتەو بێت ولە ناوەوەش ململانێی هێمن و دروست بە ئامانجی یەکبونی کورد لە سەرتاپای گەورە.
رۆتەردام: ٢٥ جانواری ٢٠٢٦














Post Comment