یان ژیان یانەخۆ مردنێکی گەورە
لەدوای فەوتی ئیمپراتریەتی عوسمانی و کۆتایی جەنگی یەکەم، دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کورد هاتە پێشەوە بەڵام وەک نەتەوەکانیتری ناوچەکە نەبوینە خاوەن دەوڵەت و کیانی سەربەخۆی خۆمان. هۆکارەکانی فەشەل و لەدەستدان، فاکتەرە دەرەکی و ناوخۆییەکان، بەدرێژایی سەدەیەک و تائێستاش زۆری لەسەر نوسراوە و زۆریش وتراوەتەوە، هەوڵدان و خەبات و قوربانیدانیش بۆ راستکردنەوە و گەیشتن بەو ئامانجە زۆری بۆکراوە، مەبەستی ئەم باسەی من نیە.
ئێستا و دوای سەد ساڵ دەرفەتێکی هاوشێوە وەیان باشتر هاتۆتە پێشمان، شوکری فەزڵی وتەنی (بیری تیژی دەوێ و نابێت هەر بەدوعاو نوێژی بکەین).
مانگێک کەمترە و هەموو کورد پێکەوە، لەپشتیوانی رۆژاوادا، بەیەک دەنگ دەیانوت:
(دوو کۆ دوو ناکاتە چوار و دەکاتە یەک)
ئەم دروشمە لەدنیادا، دەنگی دایەوە، هەرئەوکات لەستونێکدا نوسیبوم (پارتی و یەکێتی سواری شەپۆلەکە بوون لێ بەکردار پێچەوانەی ئەم رابونەی نەتەوەکەمانن) ئەمڕۆ سەنگی مەحەکە .
هیچ گەلێکی ژێردەستە و قوربانیدەر بۆسەربەخۆیی نابێت چاوەڕوانی پشتیوانی بێگانە و رەزامەندی گەلی سەردەستە بێت. حیکایەتی موائەمەرە و فرۆشتن و پشتێکردن لەمەسەلەی چارەنوس و سەربەخۆیدا، بەهانەیە بۆ نەبونی بیری تیژ و ئازایەتی سەرکردە و ئامادەیی گەل. چونکە گەلانی ژێردەستە لەخەباتکردن بۆ ئازادیی، بیر لەژمارە، قەبارەی قوربانی و کارەسات و وێرانکاریی ناکەنەوە.
دەرفەتی ئێستا، لەم جەنگەیا کەناوچەکەی گرتۆتەوە، پێویستییەکان و بەرژەوەندییەکانی (ئەمەریکا و ئیسرائیل) بۆ حوکومڕانی خۆبەخۆی کورد و چارەسەری کێشە نەتەوەیی ونیشتیمانییەکانمان، بەدەنگەوەچون و پشتیوانی ئێمەیش بۆ ئەوان، هیچ لێزانی و بیرکردنەوەی ناوێت! پێش بڕیاری حکومەت و سەرانی حیزبەکانی هەرێم ئەو پشتیوانیە، بڕیاری ناو دڵ و دەرونی هەموو خەڵکی کوردستانە.
ئەمڕۆ هەر سەرکردەیەک، هەر حیزب و رێکخراوێکی کوردستان، لەئیرادە و هەڕەشەی (ئێران، تورکیا، عێراق، سوریا و دەوڵەتەکانی ناوچەکە) بترسێت و بەنیازی تەسلیم بوونی ئەوان هەنگاو بنێت، مانای وایە بۆ سەد ساڵی ئایندە، کورد و مەسەلەی کورد دەخاتە زبڵدانەوە! بۆ هەتا هەتایە شکۆی کورد و ئیرادەی ئەو شەقامە دەشکێنێت کەمانگی پێشوو بەڕوی هەموو دنیادا، هاواری ناسنامەکەی خۆی دەکرد.
شانازییەکی گەورە و سەروەریی مێژویی و نەتەوەیی بۆ کورد ئەوە دەبوو “مەسعود بارزانی” بێ گوێدانە بەرژەوەندییەکانی حیزب و بنەماڵەکەی راستەوخۆ ئەو پشتیوانییەی رابگەیەندایە، گەر فەوت و فەناش چارەنوسمان بێت! دەبوا پێش هەموان ئەو بەڕوی ئەو مەرگەوە بچوایە.
ئەو مەرگ و مردنەی جاری یەکەم لەشانزەی ئۆکتۆبەردا، لەناو کەرکوکدا، بۆی هەڵکەوت، نەچوو! نەیکرد! لەدەست خۆی و کوردیشی دا.
ئەمجارەیان، زەمەن و چارەنوس(مردنێکی گەورەتر)ی لەگەڵ کوردی هەرچوار پارچەکەدا پێ بەخشیوەتەوە! هەروەک چۆن لەمێژوودا، مردنی گەورەی بەزۆر سەرکردە بەخشیوە، مرۆڤایەتی شانازیان پێوە دەکات.
هەمومان لەپاراستن و پارێزگاری هەژمونی خێزان و بنەماڵەکانی سەرانی حیزبە ەکانی هەرێم تێدەگەین، لەو ستونەی (تورکیە و ئێران) یش تێدەگەین کەئەوانی راگیرکردوە بەڵام گەر هەڵوێست و کرداری کوردانە نەکەن، هەرگیز نابێت ئەمجارە رێگە بەخۆیان بدەن لەپێناوی پاراستنی خۆیان و بنەماڵەکانیاندا، چارەنوس و ئومێد و هیوای گەلی کورد رەش بکەن! خۆ ئەگەر بەهانەیان بۆ مانەوە و ئایندەیان دۆستایەتی (تورکیە و ئێران) ی دراوسێیە؟ دڵنیابن لەبەهێز بونەوەی ئەواندا، یەکەم هەنگاویان فەوتی هەرێم و حکومدارێتیەکەی کوردستان و تەسلیمبونمان بەعێراقی عەرەبی ئیسلامی دەبێت.
ئێستا داوای جەماوەری لەسەرانی حیزبە ەکانی هەرێم پشتیوانیە بۆ کوردی رۆژهەڵات و گەلانی ئێران ئەگەر راستەوخۆ راینەگەیەنن! باشترین هەنگاوێکی سیاسی و دبلۆماسی بۆ پاراستنی خۆیان، دورکەوتنەوە و بێلایەنی و بێ ئاگایی حیزب و بنەماڵەکانیانە لەو بڕیارەی گەلی کورد بەبێ ئاگایی ئەوان چاوەڕوانێتی و ئەیدات.
ئەمجارەش لای کەمی دەتوانن ئیشەکە بدەنە دەست ئەو پەرلەمانەی تەنیا دامەزراوەی هەرێمی کوردستانە، وەک چۆن بۆ پشتیوانی و ناردنی هێزی سەربازی بۆ “کۆبانی” وایانکرد و بڕیارەکەیان کرد بەدەنگی نوێنەرەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان..! بەهەمان شێوە بۆ پشتیوانی گەلی رۆژهەڵاتی کوردستانەکەشمان هەر وابکەن.
خۆ ئەگەر بەم نەفەس و سیاسەتەی (بێلایەنی و نەبونە داردەست) رەفتار دەکەن؟ دڵنیابن پێش گەلەکەی خۆتان، دۆست و دوژمنەکانتان رەحمتان پێناکەن .















Post Comment