گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان بۆ ئاگربەستی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بەڕێوەدەچێت

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تەمموزی 2025، شاندی دانوستانکاری رووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستەنبووڵ بە نێوەندگیری حکومەتی تورکیا، گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی ئاگربەست بۆ جەنگی سێ ساڵەی نێوان بەڕێوە ببەن.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەربارەی دانوستانەکانی ئەمڕۆی ئیستەنبووڵ، پێشبینی دەکات لە گفتوگۆکاندا شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی لەگەڵ شاندی ڕووسیا بە وردی قسە لە بارەی ئاگربەست بکەن و “هەوڵی ئازادکردن و گەڕاندنەوەی دیلەکانی جەنگ و منداڵە ڕفێندراوە ئۆکرانییەکان دەدرێت، لەگەڵ ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوەیەک لە ئاستی سەرۆکایەتی دا”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێویستیان بە چڕکردنەوەی دانوستانەکانی هەیە، هەربۆیە جەخت لە دیداری تایبەت لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا دەکاتەوە.
بەگوێرەی زانیاری میدیای تورکیا، سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا ڕۆستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایش و بەرگریی نیشتمانی دەبێت و کارنامەی دانوستانەکان بریتییە لە ئازادکردنی زیندانیان و گەڕاندنەوەی منداڵە ڕفێنراوەکان و ڕاگرتنی شەڕ.