ته‌مموز 20, 2025

گەنجێکی موسڵمان بەربژێرە بۆ سەرۆکشارەوانیی نیویۆرک و ترەمپیش دەڵێ دەستگیری دەکەن

جار بینراوە: (6.6K)

زۆهران مەمدانی، گەنجێکی تەمەن 34 ساڵی موسڵمان کە لە ئۆگەندا لەدایکبووە، دوای بردنەوەی هەڵبژاردنی بەرایی وەکو بەربژێری دیموکراتەکانی ئەمریکا بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک. بردنەوەکەی کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە؛ لەکاتێکدا هەندێک بە هەڕەشە بۆ سەر سیستمی سەرمایەداری دایدەنێن، هەندێکی دیکە وەک بەرگریکارێکی دۆزی فەڵەستین دەیبینن.

زۆهران مەمدانی، کە لە بنەماڵەیەکی هیندییە و لە تەمەنی 7 ساڵییەوە لەگەڵ دایک و باوکی رووی لە نیویۆرک کردووە، دوای بردنەوەکەی لە گوتارێکدا رایگەیاند: “هاوڕێیان، بردمانەوە. من دەبمە بەربژێری دیموکراتیتان بۆ پۆستی سەرۆکشارەوانیی نیویۆرک.”

بەپێی ئەنجامەکان، زۆهران بە فەرمی بووەتە بەربژێری پارتی دیموکرات و ئێستا تەنیا یەک وێستگەی لەپێشە، ئەویش بردنەوەی هەڵبژاردنە گشتییەکەیە کە رۆژی 4ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی کۆنگرێس بەڕێوەدەچێت و رکابەری لەگەڵ بەربژێرانی کۆماری و سەربەخۆکان دەکات.

جەیک ئۆفینهارتز، شرۆڤەکاری سیاسی، پێی وایە بردنەوەی زۆهران رووداوێکی گرنگە و دەڵێت: “زۆهران مەمدانی بە فەرمی بووە براوەی هەڵبژاردنی بەرایی پارتی دیموکرات بۆ پۆستی سەرۆکشارەوانیی نیویۆرک. بەم بردنەوەیە خاڵێکی وەرچەرخان لەم شارە سەرمایەدارەدا تۆمار دەکات.”

بەرنامەی هەڵبژاردنی زۆهران مەمدانی جەخت لەسەر کەمکردنەوەی کرێی خانووبەرە، هەڵوەشاندنەوەی قەرزی خوێندکاران و زیادکردنی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان دەکاتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی گەنجان بتوانن بەرگەی سەختییەکانی ژیان لە شاری نیویۆرک بگرن.

هەڵوێستە چەپڕەوانەکانی زۆهران وایکردووە رووبەڕووی رەخنەی توند ببێتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە زۆهران بەڵێنی داوە رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکانی کۆچبەران ببێتەوە، گوتی: “باشە، ئیدی ئێمە ناچار دەبین دەستگیری بکەین. ئێمە لەم وڵاتەدا کۆمۆنیستێکمان ناوێت. لە نزیکەوە چاودێری دەکەین، چونکە خەڵکێکی زۆر پێم دەڵێن ئەو کۆچبەرێکی نایاساییە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas