کاردانەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان چیمان پێدەڵێن؟

ئەگەر چاوێک بەناو کۆمێنتەکانی ناو فەزای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بۆ کۆمەڵگەی کوردی بخشێنینەوە دەبینین، بەشێکی هەرە زۆری نوسینەکانی ئەو کۆمێنتانە نەرێنین، یاخود شێوازێکی توندوتیژی و رق وکینەی لەدەربڕیندا لەخۆگرتووە، کاتێک دەیانخوێنیتەوە دەبینیت کە چەند کۆمەڵگەیەکی توندوتیژمان هەیە، یان پرسیارێکت لادروست دەبێت کە، بۆچی ئەو خەڵکە ئەوەندە بە رق و کینە رای خۆیان لەسەر ئەو هەواڵە یان ئەو بابەتە دەردەبڕن کەلەناو فەزای تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بڵاودەبنەوە، لێرەدا بەپێی خوێندنەوە بۆ دەربڕینەکان دەتوانین چەند هۆکارێک بخەینەڕوو.
هۆکارێکی نوسینی کۆمێنتی زبر دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە هەمیشە لەکاتی بونی قەیرانەکان و بارۆدۆخە ناهەموارەکاندا، هاووڵاتی دەکەوێتە بارودۆخێکی دژوارەوە و توشی حاڵەتێکی دەرونی خراپ دەبێتەوە، بۆنموونە موچەخۆرێک تەنها سەرچاوەی داهاتی مووچەیە و سەرچاوەی خەرجی ڕۆژانەیەتی، لەکاتێکدا ئەو بڕەپارەیەی پێنادرێت لە بەرامبەریشدا خەرجی رۆژانەی بۆژیان وگوزەران و بۆ تێرکردنی پێداویستیییەکانی هەیە، لەبەرامبەریشدا توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی نییە، بۆیە جۆرەها کێشەی خێزانی بۆدروستدەکات و رووبەڕووی فشاری دەرونی دەکاتەوە، یان کاسبکارێک کە چاوەڕێی ئەوبڕەپارەیەیە لە رێگەی کاسبیەکەیەوە بەدەستی بێنێت و ئێوارە بە دەستی پڕەوە بگەڕێتەوە ناو ماڵ ومنداڵ بەڵام ئەوچاوەڕوانییەی نایەتەدی، یان بێکارێک کە جۆرەها خەون وخەیاڵی هەیە پێی ناگات و کاری دەستناکەوێت، بۆیە کاتێک لەڕێی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە چەندین لێدوانی نابەرپرسانەو بەرزونزمی بەرپرسان و کەسانی حزبی دەبێت، یان دەبینێت بەهەدەردانی داهاتێکی زۆر هەیە و ئەویش سەرسفرەوخوانی بەتاڵە یان دەبینێت نادادپەروەرییەکی زۆر هەیە، بۆیە گومانی تێدانییە کە پەنابەرێتەبەر نوسینی کۆمێنتێکی زبرو پڕ رق وکینە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ دابەشبونی خەڵک بەسەر حزبەکاندا، وەک دەزانین لەهەرێمی کوردستاندا حزبی سیاسی زۆرە و خاوەنی ئەندام و لایەنگری زۆرن، لەکاتی ململانێکان و دروستبونی تەنگژەکان یان کاتی هەڵبژاردنەکاندا و بەهۆی بوونی بەرژەوەندییەکانەوە بەهەرشێوازێک بێت، سۆشیال میدیاش وەک ئامرازێکی بەردەست و زووگەیەنەر و بێسانسۆر ئەم خەڵکانە بەنوسینی کۆمێنت بەردەبنەگیانی یەکتر، لەئێستاداو لەم سەردەمی گەردوونی ئەلکترۆنییەدا بەسوپای ئەلکترۆنی یان مێشولەی ئەلکترۆنی ناودەبرێت، بۆیە گەر چاوێک بە کۆمێنتەکاندا بخشێنینەوە سوپایەک لەنوسەری کۆمێنتی رقاوی و شکاندن دەبینین.
هۆکارێکیتری نوسینی کۆمێنتی پڕ رق و کینەی ناو سۆشیال میدیا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان وەک دەرەچەیەک بۆ دربڕینیی بێزاری و خۆبەتاڵکردنەوە دەیبینن، بۆنمونە ئەگەر هاوڵاتی لەئەدای حکومەت و بەرپرسان ڕازی نەبێت و دەنگی بەلایەنی بەرپرس نەگات، یان بڕیارێک دەربچێت و لەسەر گرانکردن و قورسکردنی بارو گوزەرانی ئەو بێت، ئەوکات بەدەربڕینی کۆمێنتی پڕ رق و کینە دەیەوێت ئەو بێزارییەی دەرببڕێت و ئەوەی لەناخیایەتی بیخاتەنێو کۆمێنتەکانەوە، بۆیە پەنا بۆ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەبات.
هۆکارێکیتری نوسینی کۆمێنتی پڕ رق و کینە دەتوانین بڵێن چاولێکەری یان لاساییکردنەوەیە، کاتێک لەئەنجامی بڵاوبونەوەی هەواڵێک یان پۆستێک دا، بینەرێک دەبینێت کۆمێنتی نەرێنی تێدا نوسراوە ئەویش بەهەمانشێوەی ئەو حەزدەکات لەوجۆرە کۆمێنتە دووبارەبکاتەوە، بێئەوەی ئەو بابەتە بڵاوکراوەیە ئەوبگرێتەوە یان پەیوەندی بەژیانییەوە هەبێت.