ڕۆڵی کورد و و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەو دۆخە ناسەقامگیرەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە چییە؟
شەهراز همزە ئەحمەد
وەک دیارە ئێران دراوسێیەکی گرنگە بەهۆی جوگرافیا و کاریگەری لەسەر عێراق، هێزێکی کاریگەرە. کورد بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە و ئاسایشی سنوورەکان ناچارە مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات و کورد هەوڵدەدات نەبێتە “پردی گواستنەوەی” ئامانجەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل دژ بە ئێران، چونکە ئەمە مەترسی لەسەر مانەوەی خۆی دروست دەکات. هەربۆیەش دەکرێت بڵێین کورد سیاسەتێکی چەوت جێبەجێ دەکات و تەواوێک پاڵپشتی لە نەڕووخان و مانەوەی ڕژێمی ئیسلامی دەکات و دۆخی هاوڵاتیانیشی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر و نائارامتر دەبات.
بەڵام لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی کورد بە نیمچە هاوپەیمانێکی ئێران دادەنرێت بەڵام بۆچی هێزە چەکدارە شیعەکانی عێراق و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر ڕۆژە و بەهۆی بیانوویەکەوە لە ڕێگای درۆنی خۆ کوژییەوە هاوڵاتیانی سیڤیلی هەرێم دەکەنە ئامانج و حوکمەتی هەرێمیش بێ دەنگی هەڵبژاردووە؟
هەر وەک ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان لە گوندێک و لەدەرەوەی شاری هەولێر لەڕێگای درۆنێکی خۆ کوژییەوە دوو هاوڵاتی سیڤیل لە شیرنەی خەودا کوژران و دوو منداڵی بچووکیان لە باوەشی دایک و باوکیان کرد! ئەمە و چەندان هۆکاریتر هەن کە پێمان دەڵێن حوکمەتی هەرێم شکستی هێناوە لە بەڕێوەبردنی هەرێم و بووەتە دار دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران.
تەنانەت لە ناوخۆشدا دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بارودۆخێکی ناهەمواریان بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان خوڵقاندووە کە ڕۆژ بە ڕۆژ نەهامەتی و برسێتی بەرۆکی تاک بە تاکی گۆمەڵگای کوردی دەگرێتەوە ، چوونکە بەهۆی سیاسەتی چەوتی بنەماڵەییەوە جارێکی تر مووچەخۆران و هاوالاتیانی هەرێم خۆیان لەبەردەم “تۆنێلێکی تاریک”دا دەبیننەوە. چۆن دەکرێت حکومەتێک کە بانگەشەی “شەفافییەت” و “دیجیتاڵکردنی دارایی” دەکات، نەتوانێت بڕی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ (کە بە مەرجی بەغدا دانراوە) کۆبکاتەوە؟ ئایا ئەمە “کەمیی داهاتە” یان “دیارنەمانی داهات” لە ناو گیرفانی حزب و کۆمپانیاکاندا؟
ئەم چەقبەستووییە نوێیە، ئەو ڕاستییە تاڵە دەسەلمێنێت کە پرسی مووچە کراوەتە بارمتەی ململانێی سیاسی. کاتێک هەرێم دەڵێت ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە بنێرێت، لە کاتێکدا داهاتی ناوخۆ چەندین هێندەی ئەوەیە، مانای وایە حکومەت نایەوێت کێشەی مووچە چارەسەر ببێت، چونکە بەردەوامیی ئەم قەیرانە باشترین بیانووە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی .
قەیرانی “متمانە” نەک “داهات”
پرسیاری مووچەخۆران ڕوونە: ئایا ئەوەی دەگوزەرێت لێکەوتەی جەنگ و گەرووی هورمزە؟ نەخێر، ئەمە قەیرانێکی دەستکردە. کاتێک ٢٢ جار بەڵێن دەدەیت و لە ٢٣یەمین جاردا دەگەیتەوە خاڵی سفر، ماناکەی ئەوەیە کە لایەنی بەرپرس یان “ناتوانێت” یان “نایەوێت” ئەم بارگرانییە لەسەر شانی خەڵک لابات.















Post Comment