چەند تێبینییەکی کورت لەسەر کۆنگرە رۆژنامەگەریەکەی قوباد تاڵەبانی لەبارەی لافاوەکەی چەمچەماڵ

چەند تێبینییەکی کورت لەسەر کۆنگرە رۆژنامەگەریەکەی قوباد تاڵەبانی لەبارەی لافاوەکەی چەمچەماڵ

جار بینراوە: (1.4K)

– جێگری سەرۆکی حکومەت بوێری دەکات بەرپرسانی خوارەوەی حکومی خۆی لابەرێت کە من پێمباشبوو، بەڵام ئەی پۆستەکانی سەرەوەی قائیمقام، وەک پارێزگاری سلێمانی ، خۆی وەک جێگری سەرۆکی حکومەت، تا چەند خەمسارد و کەموکورتی هەبووە لە موتابەعەکردنی بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ ئەو شارۆچەکە گەورەیە، بۆ هێندە کەمە تا چەند هەوڵی داوە لە گەڵ مەسرور بارزانی کە ئەم بڕە پارەیەو کڕینی ئامێر و کەلوپەلی پێویست بۆ ئەو شارۆچەکەیە دابینبکات، تا چەند هەوڵیداوە لەو پارەیەی داهاتی جیاجیای سلێمانی دەچێتە گیرفانی یەکێتیەوە بپچڕێت بۆ ئەو شارە و ناوچەکانی تری دەڤەری سلێمانی؟ بۆچی حکومەت بووە بە شاگرد لەلای حزب، بۆ ئاوڕ لە چەمچەماڵ نەدراوەتەوە لە کاتێکدا قائمیقامەکەی دەڵێت: بەسەدان نامەم لەبارەی پێویستیەکانی شارۆچکەکەیەوە بەرزکردۆتەوە. ئایا لە کوردستان هەر پۆستەکانی خوارەوە دەبێت ” کبش فدا بن؟”.

– جێگری سەرۆکی حکومەت ئازابوو بۆ لادانی قائیمقام و سەرۆکی شارەوانی و دوو پۆستەکەی تر، ئەی بۆ بە دوور و نزیک باسی کۆمپانیای ( بەرێزی ) نەکرد کە ناوی ئەو و کۆمەڵێک خاوەن ڤێلا دێن لە گۆڕینی رێڕەوی ئاوەکەدا، گەر وایە هەقە ناوی بهاتەیە، گەر وا نییە دەبوایە رابگەیەندرایەو لە بازنەی گومان دەربکرایە، من ماوەیەکە بۆم دەرکەوتووە حکومەت تەنها شاگردی حزب نییە، بەڵکو شاگردی کۆمپانیاکانیشە، بوێری ناکرێت ناویان بە خراپ بهێنرێت، بە باشە نەبێت.

– گەر شەفافیەتمان دەوێت، دەبێت ئەو ە مادام وەک خۆیان دەڵێن خەڵکی پسپۆری زانکۆی سلێمانی و چەرمۆ لەگەڵ خەڵکانی تر ئامادەیان کردووە، دەبوایە بەتەواوی بڵاوکرایەتەوە، ئەوەی جێگری سەرۆکی حكومەت رایگەیاند کورتەو نیوەناچڵ بوو، ئەگینا دەبوایە هەر هەمووی رابگەیەندرایەو لە پێگە ئەلکترۆنییەکان بڵاوبکرایەتەوە.

– میدیایەکی بە ” سەرەتان ” ناوبرد، سەرەتان زۆرە لەکوردستاندا ناوی سەرەتانەکانی حزبەکەی خۆشیانی بهێنایە، چونکە کەم کەناڵی حزبی هەیە سەرەتان نەبێت، بە تایبەتی ئەوانەی لەم چەند ساڵەی دوایدا دامەزراون بە میدیا ئاشکراکان و سێبەرەکانشیەوە، ئەو میدیایانە نەک مەیدانێکن بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاری، بەڵکو بەرەی پشتەوەی شەڕی پارتی و یەکێتی و سەرکردەکانی هەردوولان. کارەساتەکە ئەوەیە هەموویان بە سامانی گشتی خەڵکی کوردستان بەڕێوەدەبرێن و شەڕێ ناشیرینی یەکتریان پێدەکرێت، کە بە دوور و نزیک ان بە کاری میدیایەوە نییە!

بابەتى تر

👤
Live: 158 Today: 2,036 📊 Click Here