پەرلەمانی عێراق داوای ڕێكخستنی دۆسیەی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان دەكات

پەرلەمانی عێراق داوای ڕێكخستنی دۆسیەی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان دەكات

جار بینراوە: (1.7K)

_

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامە لە چاودێریكردنی دۆسیەی ڕێكخستنی دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەو پێیەی كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر جموجۆڵی بازرگانی و وەبەرهێنان و ئابووری نیشتیمانی.

ژمارهیهك له ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رۆژنامهی سهباح’ـیان راگەیاندووە، كە مەبەستی كۆبوونەوە و لیژنە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، پتەوكردنی چاودێریی و یەكخستنی باجەكان و ڕێكارەكانه، بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و پاراستنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و بازرگانان و وەبەرهێنەران.

بەها نوری، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەندێك لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان نایەكسانییەكی زۆری تێدایە لە باجەكاندا و پێویست دەكات هەماهەنگی لە نێوان هەردوو حكومەتی ناوەندی و هەرێم پتەوتر بكرێت و لەلایان پسپۆڕانەوە چاودێرییەكی ورد بكرێت.

روونیشی كردووەتەوە، كە یەكخستنی باجەكان كارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران دەكات و گەرەنتی دادپەروەری دەكات لە نێوان بازرگاناندا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنە تایبەتەكان كار لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەی هاوبەش دەكەن لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ پتەوكردنی كۆنتڕۆڵكردنی دەروازەكان و جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكان.  

لای خۆیەوە حوسێن مەردان، جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ژمارەی دەروازەكانی هەرێم زۆرە و ئەمەش چاودێریكردن و ڕێكخستنی ئاڵۆزتر دەكات.

باسی لەوەش كردووە، هەندێك لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی ڕادەستی حكومەتی ناوەندی نەكراونەتەوە، ئەمەش ناهاوسەنگی لە باجەكان و ڕێكارەكان دروست دەكات.

دەشڵێت، مەبەستی كۆبوونەوە خولییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێم، چارەسەركردنی ئەم ناهاوسەنگییە و گەرنتیكردنی شەفافییەت و دادپەروەری ئابوورییە.  

حسێن سەعبەری، جێگری سەرۆكی لیژنەی وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، پەرلەمان چاودێری ئەو ڕێكەوتنانە دەكات كه لەگەڵ حكومەتی هەرێم كراوە، بۆ گەرنتی كۆنتڕۆڵكردنی تێكڕای دەروازە فەرمییەكان و ئاسانكاری جموجۆڵی كەلوپەلەكان، بەمەبەستی پتەوكردنی گەشەپێدان و هەلی وەبەرهێنان بەتایبەتی لە ناوچەكانی هەرێمی کوردستان.

ئەو پەرلەمانتارانە دووپاتی دەكەنەوە، مەبەست لەهەموو ئەم هەوڵانە، ڕێكخستنی دەروازەكان و پتەوكردنی هەماهەنگی نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمە، بۆ ئاسانكاری كردن لە جوڵەی بازرگانی و پتەوكردنی شەفافییەت و پاراستنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران و پاڵپشتیكردنی گەشەی ئابووری.

بابەتى تر

👤
Live: 84 Today: 1,432 📊 Click Here