پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ: بەهۆی خەمساردی حکومەتی هەرێمەوە روفاتی 155 ئەنفالکراو زیاتر لە ساڵێکە لە پزیشکی دادی بەغدایە

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ: بەهۆی خەمساردی حکومەتی هەرێمەوە روفاتی 155 ئەنفالکراو زیاتر لە ساڵێکە لە پزیشکی دادی بەغدایە

جار بینراوە: (17)

- سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی نیسانی 2026، عەدنان حسێن، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەی راگەیاند، “روفاتی 155 ئەنفالکراو زیاتر لە ساڵێکە لە پزیشکی دادی بەغدایە بۆ ئەوەی پشکنینی DNA بۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام تائێستا نە پشکنیان بۆ کراوە نە هیچ رێکارێکی دیکەش بۆ هێنانەوەیان گیراوەتەبەر”.

لەبارەی ئەوەی ئەرکی هێنانەوەی ئەم روفاتانە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە یان عێراق ئەو پەرلەمانتارە وتی، “حکومەتی هەرێم ئەرکەکەی خستووەتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، هەروەها خەمساردیی حکومەتی هەرێم وایکردووە، دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ بکەونە ژێر کاریگەریی کەشوهەوا یان کاریگەریی مرۆیی بەهۆی ئەوە نەتوانراوە دەربهێنرێنەوە، بەمەش خەریکە ئەو جینۆسایدە گەورەیەی دژ بە گەلی کورد کراوە، بەتەواوی شوێنپرز دەبێت”.

وتیشی، “ئەو روفاتانە منداڵی کوردستانن لە گەرمیان بنێژرێن یان بادینان هیچ جیاوازییەکی نییە، حکومەتی هەرێم دەتوانێت چەند تیمێک دروست بکات و لە هەنگاوی یەکەمدا تەرمەکان بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بپارێزرێن، دواتر پشکنینی (DNA)یان بۆ بکرێت، ئەگەر پشکنینیشیان بۆ نەکرێت گرنگ ئەوەیە ئەوانە هەموویان منداڵی کوردستانن و بێنەوە باوەشی نیشتمان”.

عەدنان حسێن ئاماژەی بەوەکرد، “لەبری بەیاننامە و هاوخەمی با حکومەتی هەرێم روفاتی ئەو 155 ئەنفالکراوە بگەڕێنێتەوە”.

راشیگەیاند، “لە کۆی 182 هەزار ئەنفالکراوی کورد دوای 22 ساڵ لە رووخانی بەعس، کەمتر لە %1ی تەرمەکان (کە نزیکەی 2400 کەسێک دەبێت) گەڕێنراونەتەوە, بەهۆی ئەمەوە سەدان دایک لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی ڕووفاتی ئازیزەکانیاندا، بە هێمنی سەریان نایەوە”.

بابەتى تر

👤
Live: 59 Today: 1,490 📊 Click Here