وەزارەتی دارایی هەرێم: دەستگیرا بە سەر ژمارەیەک موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی
.jpg)
-
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان:
  
 لەسەر داوای وەزارەتی دارایی و ئابووری دەستگیرا بە سەر ژمارەیەک موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی.
  
 لەزیادکردنێکی ئاشکرادا سەرجەم ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیاو چاڤی دەفرۆشرێت کە دەستیانبەسەرداگیراوە و ژمارەیان 60 موڵکە. 
  
 قەرزەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر کۆمپانیای نالیا گەیشتووەتە نزیکەی 92 ملیار دینار.
  
 پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە ژمارە ( ٩٠ / دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە / ٢٠٢١ / ڕاستکردنەوە ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢١/١٠/٢٠ ) تایبەت بە یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری ، وە ئاماژە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی ژمارە ( ٢٠٢٤/٦٨٤ ) لەڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/٩/٢٢ ) تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە ( حجز ) لەسەر سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤی.
  
 وە ئاماژە بەبڕیاری داگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ژمارە ( ٧٣٢/پ/٢٠٢٤ ) لەڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/١١/٢٦ ) تایبەت بەڕاستاندنی بڕیاری ئاماژە بۆکراوی جێبەجێکاری داد لە سلێمانی لەبەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری وە ڕەتکردنەوەی تانەی پێداچوونەوەی کۆمپانیای نالیا.
  
 وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو هەڵدەستێت بە فرۆشتنی موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی کۆمپانیای نالیاوچاڤی کە ژمارەیان ( ٦٠ ) موڵکە و پێکهاتووە لە چەندین پارچە زەوی و هۆتێل و کافتریا و کابینەی گەشتیاری و هتد…..کە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرز و سوودە کەڵەکەبووەکانی کە لەئێستادا گەیشتووەتە بڕی ( ٩١٫٧٦٠٫٦٦٫٣٥٠ ) ملیار دینار.
  
 شایەنی باسە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی وەزیر بەشێوەی چڕوپڕ کاری لەسەر ئەو دۆسیەیە کردووە، دواجار لەساڵی ( ٢٠٢١ ) دوای بردنەوەی دۆسیەیەکی یاسایی لەکۆمپانیای نالیا لەلایەن وەزارەتی دارایی و و ئەنجامدانی سەرجەم ڕێکارەکان، لەلایەن لیژنەیەکەوە چوار پارچە زەوی دانرابوو بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو پارچە زەویانە لە بنەڕەتدا بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری تەرخان کراوە و ناتوانرێت ڕەگەزەکانیان بگۆڕدرێت و بخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە، وەخەمڵاندنێکی نادروست بۆ نرخەکانیان کرابوو وە ڕێگری یاسایی هەبوو بۆ فرۆشتنیان ، بۆیە بەبڕیاری بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری سەرجەم پرۆسەکە ڕاگیراو جارێکی تر لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە کار لەسەر دۆسیەکە کرایەوە و سەرجەم ئەو موڵکانەی کە شایستەی فرۆشتنن نیشانەی گلدانەوەیان خرایە سەر.
  
 دواجار لەسەر داوای (بانکی سلێمانی یەک) سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتمان و دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیای نالیا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان و پابەند نەبوونی لایەنی دار، وەزارەتمان بەمافی یاسایی خۆی دەزانێت لە ڕێگای زیادکردنی ئاشکراوە سەرجەم ئەو موڵکانە بفرۆشێت کە نیشانەی گلدانەوەیان خراوەتە سەر و داواکارین هەرکەس و لایەنێک ئارەزوومەندە بەشداری لەو زیادکردنەدا بکات دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداریەکە لە ڕۆژنامەی فەرمی دەتوانێت ڕێکارە یاسایی و کارگێڕیەکان جێبەجي بکات و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات.
  
 بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان/ وەزارەتی دارایی و ئابووری
 ٢٠٢٥/٨/٣١
 
								


 
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                    
Post Comment