وەزارەتی دادی عێراق: لە مانگی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار زیندانی ئازادکراون

وەزارەتی دادی عێراق ئاماری ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە لە مانگی حوزەیراندا ئازادکراون و دەڵێت، ژمارەیان زیاتر لە دوو هەزار کەسە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی تەمموزی ٢٠٢٥، وەزارەتی دادی عێراق ئاماری ئەو کەسانەی کە لەمانگی حوزەیراندا ئازادکراون بڵاوکردەوە و وتی، دوو هەزار و ١٩٥ زیندانی لەو مانگەدا ئازادکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ٣٧٥ زیندانی بە مەرجی ئازادکردن، بە بڕیارێکی هەڵبژاردەی، یان لەگەڵ تەواوبوونی سزاکەیان ئازادکراون، لەکاتێکدا هەزارو ٨١٩ زیندانی بەپێی یاسای لێبوردنی گشتی ئازادکراون.
باسی لەوەشکرد، دەزگای چاکسازی بەردەوام چاودێری میکانیزمی ئازادکردنی دەکات دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاساییەکان، لەپاڵ پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی بەگوێرەی چوارچێوە یاساییەکان و بە بەرزترین ئاستی پیشەیی.