وڵاتان و نوێنەرانیان

وڵاتان و نوێنەرانیان

جار بینراوە: (893)

یەكەم :

لە ناو ئەمەریكادا دۆست و هاوسۆزی گەلی كورد زۆرن ، هەڵبەت ڕەوەندی كوردیش هەن ، گەرچی كەمن لە چاو وڵاتانی ئەوروپا ، بەڵام دەتوانن ڕۆڵی گەورە لە لەقاودانی ئەوانەدا ببینن ، كە دەبنە نوێنەری ئەو وڵاتە لە وڵاتە داگیركارەكانی كوردستان ، تۆم باراك نمونەی نوێنەرێكی خراپی وڵاتێكی گەورەو خاوەن دەسەڵاتی دنیایە ، لە مەودای چەند ڕۆژێكدا ئەو تۆم باراكە ، هەموو ئەو ڕێزو نرخاندنەی گەلی كورد لە ساڵی نەوەدو یەكەوە بۆ ئەمەریكاو گەلی ئەمەریكا هەیانەبە هەدەری دا ، هەڵبەت هەر لەو وڵاتە نمونەی دۆستی كوردی وەك پیتەر گالبرێس و سامانسا پاوەرو زۆری تر هەن، من هیچ بەڵگەیەكم لانیە تۆم باراك لە بەرانبەر دوژمنایەتی كوردو هەسەدەو خەونی كورد پارەی وەرگرتبێت یان هەر شتێكی دیكە ، بەڵام ئەو لای خەڵكی كورد ئەمەریكای شەرمەزار كرد ، بیریشتان نەچێت زۆرێك نوێنەرو نمایندەی وڵاتان لەم ناوچەیە بە پارەو خەڵات مڕكراون و بونەتە بە كرێگیراوی دەسەڵاتدارانی ناوچەكە ، بۆ ئەمە دەیان چیرۆك و زانیاری وتراو بەردەستن .

دوەم :

ئاكار ئەوەیە نوێنەری وڵاتێك لە هەر وڵاتێك لە كێشەی نێو خۆیی ئەو وڵاتە یان كێشەی نێو خۆیی وڵاتێكی دیكە تەرەفدار نەبێت ، تەنانەت ئەگەرلە سەرو خۆیشیەوە بەو جۆرە ڕێنمای بكرێت ، چونكە ئەو لایەنگریە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵكێك لە وڵاتەكەی و گەلەكەی خۆی توڕەو نیگەران بكات ، باراك كە لە بنەڕەتا باڵیۆزی ئەمەریكایە لە توركیا ، ئەركێكی تری پێسپێردراوە ، كە دەستوەردانە لە كارو باری سوریا بە قازانجی هەتەشەو جۆلانی ، هەڵبەت لەو ئەركەیدا بە موو لە داواو بڕیارو ڕاسپاردەكانی ئەنقەرەو دیمەشق لانادات و پێش ئەوەی ئەوان قسە بكەن ئەو ئەوە دەكات كە لە خزمەتی توركیاو سوریای جۆلانیدایە، نمونەی شەكر شكاندنەكەی دەرهەق بە تەواو بونی ئەركی هەسەدە ، وەك ئەوەی هەسەدە بە كرێگیراوی تۆم باراك بن ، نەك نوێنەری گەلێكی ستەملێكراو.

سێیەم :

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت دروستكردنەوەی داعشە بە شێوەیەكی تر ، داعشی ڕێگە پێدراو ، من نازانم ئەمەریكاو دەسەڵاتی ئەمەریكا ئەوەیان دەوێت یان ناو ئایە ئەو داعشە تازەیە بۆچی ئەرك دار دەكەن ، بۆچی بەردەدرێتە كورد، بەڵام دەزانم وێنەو گرتەو گوتەی ئەوانەی بە ناوی سوپای سوریاوە پەلاماری كوردستانی ڕۆژئاوا دەدەن هەمان وێنەو گرتەو گوتەی داعشە ، بڕینی بسكی كچە كورد لە بندا پاش شەهید بوونی كچەكەو ڕابواردن بە بسكەكەی ، نیشاندانی كیژی كورد وەك سەبایەو بە دیاری بەخشین بەیەكتر، شكاندنی كێلی شەهیدان، سڕینەوەی پێڵاو بەئاڵای گەلێك و بزوتنەوەیەك و وێنەی سەردارێكی كورد، هەموو ئەمانە پیسماوەی داعشین و تۆم باراك وەك نوێنەری ئەمەریكا بەهاندانی ئەمانە كورد كە دۆستی ئەمەریكا بوون لە ناوچەكە دەكاتە نەیارو دژ.

چوارەم :

سیاسەت كە لە ئاكارو بەها داماڵرا، دەبێتە پڕۆژەیەكی بازرگانی بێمۆراڵانەو ئێستا تۆم باراك ئەوە دەكات كە پێویستە بەر لەوەی كورد لە وە زیاتر نیگەران و توڕە بكات گەلی ئەمەریكاو دەسەڵاتدارانی ئەمەریكاو سیناتی ئەمەریكا ئەوەی لێقەبوڵ نەكەن، دەزانم دوای دەیان ساڵی تر ئەگەر ئەم مام تۆمە بمێنێت كە ئێستا میراتگری مام سامە، پەشیوان دەبێتەوە ، دەیڵێت یان نا ئەوەیان بابەتێكی دیكەیە ، خۆ هینری كیسنجەریش لە دوا دوای تەمەندا دەرهەق بە كورد هەندێك پەشیمانی دەربڕی ، تۆ بڵێی جارێ هەر چارەنووسی كورد بەو جۆرە بێت.

پێنجەم :

لە ناو هەموو گەلانی دنیادا خەڵكانێكی زۆر هەن گەلی كوردیان خۆش دەوێت و هەست بە ئازارو نەهامەتی ئەم گەلە دەكەن، من بە هۆی ئەوەی لە سەر كەركوك و ئەنفال زۆر كتێب و بابەتم نووسیوەو زۆر دۆستی كوردم لە ناو خەڵكانی كەنەدی ، بەریتانی ، فەڕەنسی و فنلەندی و ئەڵمانی و تەنانەت عەرەب و تورك و ئەرمەن و فارسیشدا بینیوە، دەزانم خەڵكانێك هەن بە دڵ لە گەڵ ئازادی ئێمەدان، جارێكیان گلەییم لە تورك كرد بەتایبەت نازم حیكمەت كەشینی هێرۆشیما دەكات و دەرسیم نابینێ ، بەڵام توركی ئازادی خوازم لە ناو بزوتنەوەی ڕزگاری گەلی كوردا بینی ، لە ئامەد میدیا كارێكی ئازادیخوازی توركم بینی نەفرەتی لە بكوژانی كورد دەكرد، چەندین دۆست و ئاشنای فەڕەنسیم هەبووە ، وتویانە خەون بە دەوڵەتی كوردانەوە دەبینین، جارێك دۆستێكی هۆڵەندی پێی وتم خوا یار بێت لە دەوڵەتەكەی ئێوەدا دەبمە باڵیۆزی هۆڵەنداو دەبێت ئێوە فێری كوردیم بكەن ، خۆزگا وڵاتان ئەو دۆستانەیان دەكردە باڵیۆز لە عێراق و ئێران و سوریاو توركیا، نەك باراكێك پارەی لە مرۆڤ لا گرنگتر بێت

بابەتى تر

👤
Live: 179 Today: 856 📊 Click Here