وانەکانی هەرەسهێنانی ڕۆژاڤا بۆ ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان

وانەکانی هەرەسهێنانی ڕۆژاڤا بۆ ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان

جار بینراوە: (1.5K)

دوای ڕوداوە کارەساتبارەکانی ڕۆژاڤا، ئەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم بەقووڵی بیر بکەنەوە و لەخۆیان بپرسن: ئەوەی لە ڕۆژاڤا ڕووی دا، تۆ بڵێیت لێرەش ڕووبدات؟ بەداخەوە، ئەمڕۆ دەسەڵاتداران تەنها بیرلە بەهێزکردنی پێگەی خۆیان و حیزبەکانیان ئەکەن، لەسەر حسابی دەستکەوتەکانی خەلکی کوردستان و یەکڕیزی وهاوهەڵوێستی کورد.

هەرێمی کوردستان نزیکە لە کارەساتێکی هاوشێوەی ڕۆژاڤا، لەبەر ئەم هۆکارانە:

○ کەلێن لە سیستمی حوکمڕانیدا: پاش ٢٢ ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، حوکمڕانی کوردی نەیتوانیوە سیستمێکی دیموکراسی پێکبهێنێت کە بتوانێت ماف و ئازادییەکانی خەڵکی هەرێم بپارێزێت. پاش ڕوخاندنی ڕژێمێکی دیکتاتۆری عەرەب، ئەمڕۆ لەژێر سایەی دوو ئیدارەی کوردی دا وردەووردە ماف وئازادیەکانمان ڕۆژ بە ڕۆژ سنوردارتر دەبن و دەستکەوتەکان دەتوێنەوە.

○ پاشکۆیەتی و پشت بەستن بە هێزە دەرەکییەکان: پاشکۆیەتی زلهێزە ناوچەییەکان و هێزە عەرەبەکانی بەغدا. لەجیاتی ئەوەی دوو هێزە یەکەی هەرێم هەموو وزە و توانایان بۆ بەهێزکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێم بەکاربهێنن، لە جیاتی ئەوەی هێزی پێشمەرگە یەکبخەن، لەجیاتی ئەوەی بەهەموو جۆرێک پەرلەمان کارا بکەنەوە و کابینەیەکی هەمەلایەنە دامەزرێنن، بەداخەوە خەرێکی خەنجەر لە یەک وەشاندن لە بەغدا و بەوەش زیاتر خەریکی لاواز کردنی پێگەی کوردن.

○ گۆڕانی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان: تا ئێستا ئەمریکا هەرێمی بەکارهێناوە وەک بەربەستێک بۆ کۆنترل کردن و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی دەسەڵات و ئایدیۆلۆژی جمهوری ئیسلامی. ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتەوە سەر جمهوری ئیسلامی و ڕژێم بگۆڕێت، یان لاوازتری بکات، یاخود ڕیککەوێت لەگەڵیدا، ئایا چیتر ئەم “بەربەستە” سوودێکی بۆ ستراتیژی ئەمریکا دەبێت؟

لەم جیهانە ئاڵۆزەدا، هیچ هاوپەیمانێک ئامادە نییە بەرپرسیاریەتیی هەرێمێکی پڕ لە قەیران و سەرئێشە بگرێتە ئەستۆ، بەتایبەت ئەگەر گۆڕانکاریی گەورەی ناوچەیی بێنە ئاراوە، وەک ئەوەی کە لە سوریا ڕووی دا .

ئەوەشمان لەبیر نەچێت، کە نزیکەی ٣٠ ساڵە هەوپەیمانەکانمان تکامان لێ ئەکەن کە یەکڕیزی بپارێزین و کۆتایی بە دوو ئیدارەیی بهێنین و هیزی پێشمەرگە یەکبخەین.. و هتد.

دروستبوونی هەرێمی کوردستان، لە هەل و مەرجێکی زۆر تایبەتدا ڕووی داوە، کە وەک بردنەوەی لۆتۆ وا بوو!

ڕەنگە سەد ساڵی تر ئەم هەل و مەرجە نەرەخسێت! پارتی و یەکێتی و هەموو لایەنەکانی تر لە بەردەم بەرپرسیاریەتی و تاقیکردنەوەی مێژوودان. ئایا ئەم هەلە ئەقۆزنەوە و هەرێمێکی بەهێز و یەکگرتوو، کە تیادا ماف و ئازادییەکانی خەڵک پارێزراو بن، بنیاد ئەنێن، یاخۆد ئەم دەستکەوتە ئەکەنە قوربانی ململانێی حیزبایەتی و بەمەش جێی خۆیان ئەکەنەوە لە زبڵدانی مێژوودا؟

ئەمڕۆ، بەتایبەت کە سەرؤک ترەمپ ئەمریکا بەڕێوە دەبات، کێشەی زۆر گەورەتر هەیە کە خۆی پێوە سەرقاڵ کردووە. گرنگی کێشەی کوردی باشور لای زلهێزەکان و بەتایبەت ئەمریکا، ڕەنگە سفر بێت! لەبەر ئەوە با سبەی کەس شیوەن نەکات و بڵێت ئەمریکا و کومەڵگای نێو دەوڵەتی غەدریان لێ کردین و جێیان هێشتین. نەخێر، ئەوەی کە غەدری لێ کردین تەنها ئەو دوو پارتەن کە دەساڵاتی ڕەهایان هەیە.

بابەتى تر

👤
Live: 75 Today: 568 📊 Click Here