هەیبەتێکی سوک و سەلیم

هەیبەتێکی سوک و سەلیم

جار بینراوە: (881)

سەرۆکی سەندیکا ساختەچیە فەرمیەکەی بەغدا و سەپان و کۆیلە سوک و رسواکانی لەم خولەی بەناو پەرڵەمانی بەغدا بەشێکن لە جاشۆلکەکانی سەردەمی سەدام و دەسەڵاتی شۆڤینزمی ئەم سەردەمە. نزیکەی چارەکە سەدەیەکە پرۆتێست و نارازی و سەرهەڵدانەکان واقعی گەندەڵی و ساختەکاری و فروفێڵی سیاسی و فەرمانرەوایی ئەم سەردەمەی وێرانەی عێراق لە جەوهەردا نەگۆریوە.

ئەم مێژوە دەمامکە وەهمیەکانی لە روخساری بێشەرمیان راماڵێوە. واقعێکی تری تفت و تاڵ ئەوەیە بەشێک بەناو نوێنەرانی کورد بە زەبری فروفێڵ، دۆخی سیاسی ئاڵۆزی هەرێم و دەستتێوەردانی بیانی درێژە بە بونیان لەو شانۆگەریەدا دەدەن.

مێژوی ئەم دەسەڵات و شانۆگەری نوێنەرایەتی لە دەیان بەڵگە و دۆکیۆمێنت و ە نێودەوڵەتیەکان و ئەمریکا و ئەوانەشی کە لە ویکیلیکس بڵاوکراون، دەیسەلمێنن بەدرەوشتر و گەندەڵترین بەرپرسی حکومی و حزبی و میلیشیاکانی جیهان لە عێراقن. هاوکات لە ساتی دارشتنی رەشنوسی دەستوری وێرانەی عێراق بە رازیکردنی پارتی و یەکێتی بە پۆست و پلە و پارە و بەچاوسورکردنەوە لێێان کرۆکی پرسی نەتەوەییان پشتگوێ خستوە. کاتێک مسعود بارزانی لەو گرێبەستە هەڵگەرایەوە و پرسی ریفراندۆمی راگەیاند، ئەمریکا و عێراق و ئێران و تورکیا و بەشێک لە کورد شکستیان بەپرۆسەکە هێنا. ئێستا مسعود بارزانی و حزبەکەی ناچارن مامەڵە لەگەڵ لێکەوتەکانی شکستەکە بکەن، بەواتایەکی تر لەو تەڵەیەیەی تێدا چەقیان بەستوە بواری جموجۆڵیان سنوردارە.

کۆنە کۆیلەیەکی مەزهەبی و فکری سەردەمی سەدام کە وەک ئامۆزاکەی خاوەنی هەیبەتێکی سوک و رسوایە و خەڵکی مۆڵگەی کۆنە بەعسیەکانە لەسایەی هزری سازانی وێرانکەر کە ئەمریکا بەسەر عێراقدا سەپاندویەتی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی ساختەچیەکانی وێرانەی عێراق دانراوە. ئەم زاتە لە یەکەم شەکرشکاندینیدا وەک جرجێکی لەرزۆک لە زەلکاوی سیاسیدا باس لە ” شمالی عێراق ” دەکات. کارەساتە ساختەچیەکی لەمجۆرە سەرۆکێ باندە چەواشەکارەکانی عێڕاق لە سەردەمی بەناو فیدراڵێدا هەرێمی کوردستان بە خواستی عەرەبە فاشیستەکان ناوزەد بکات.

لەو کارەساتتر نوێنەرە ساختەچێ و نارەسەناکانی کورد لەو دیوەخانە عەشائیرەدا وەک بوکەکانی بوکە باران لە دەوری هەڵکروزاون و دەستی سواڵکردنیان بۆ پانکردۆتەوە و نقەیان لێوە نایەت. کاتێک بەرژەوەندی حزبی و تایبەت زاڵ دەبن بەسەر هەڵوێستی پێویستدا ئیتر نوێنەرایەتیکردنی نەتەوە پوچەڵ و بێ بەها دەبێت.

لەمە سەیرو سەمەرەتر وارسەکانی مام جلال و دادە هێرۆ ونەوە و جێگرەوە بێخەمەکانی کاک نەوشیروان گورج و گوڵتر لە جاران لەم گەمە قێزەوانە ئاشکرا و ژێربەژێر خەونەکانی باو باپیر و شەهیدەکان وەک نوشتە و دوعا لە عەمامەکانی دەسەڵاتدارانی بەغدا دەچەقێنن.

یەکێتی و پارتی ناتوانن بەرەنگاری دەسەڵاتی بەغدا ببنەوە، چونکە:

١- سەرچاوەیەکی گرنگی پارە و پۆست و پلەیە (سێ پایەکە) ،

٢- زەمینەی دەستوری و یاسایی دەسەڵات و مامەڵەکردنیانە لەگەڵ بەغدا،

٣- هێزە ئیقلیمیەکان وئەمریکاش، دەستبەرداری پارتی و یەکێتی نابن چونکە هاوکێشەی لەرزۆکی شیعە و سوننە و کورد لە عێراقی دوای سەدام یان راگرتوە.

پارتی کێشەی لەگەڵ ئەم تەوەرانەدا نیە، هەموی بۆ قازانجی خۆی بەکار دەهێنێت وتا ئەم چرکەیەش براوەی یەکەمە، دۆراوەکانیش بروسکەی پیرۆزبایی و رەزامەندی بە تەتەرەکانیان بۆ پارتی دەنێرن.

کێشەی بنەرەتی کورد لە گەڵ بەغدا تەنها ئەوە نیە پۆستێکی رەمزی بێ رەونەقیان بۆ داناوە، بەڵکو ئەوەیە عەلاویەکی کۆنە بەعسی، مالیکی دز و کۆنە تێرۆریست، خەزعەلیەکی تێرۆریست و مرۆڤکوژ، عەمارێکی بەکرێگیراو، سەدرێکی خۆپەرست و گومانلێکراو، حەکیمێکی گەندەڵی عێراق پەرست، عەبادیەکی درۆزن و ساختەچی، عەبدولمەهدیەکی دز و دو رو، سودانیەکی ناجێگیری موسەیەر و خەنجەرەکانی کەمەری سەدام، بەم دوایەش شۆڤینزمێکی بێ هەیبەت و رێوی ئاسا بونەتە گەمەکەر لە بریاردان لە پێگەی کورد لە وێرانەی عێراقدا، لەمەش زیاتر کارەسات ئەوەیە چەند کورد و تاقم و گروپ کە وەک ئۆپزسیۆنێکی کورد لە هەرێم خۆیان عەرزدەکەن ئەم گێژاو و گەلە شۆڤینزمانەی بەغدا بە کرۆکی چارەی پرسی کورد لە باشور پێناسەدەکەن.

با چاوەروان بین تا ببینین ئەم سەندیکا مەزهەبی و نەتەوەییە شۆڤینزمە و کوردێک وەک سەرۆکێک بۆ عێراق چی دەکەن؟ نزیکەی چارەکە سەدەیەکە چەندین جار ئەم شانۆگەریە و قەوانە سواوەمان تاقیکردۆتەوە.

دێرزەمانێکە کورد گوتیوەتی: ئەو کەسە کەسە ئەلفێکی بەسە

بابەتى تر

👤
Live: 84 Today: 987 📊 Click Here