هەڵوەشانەوەی پیرۆز؛ پەڕینەوە بۆ وەرچەرخانی نوێ
هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەکان و دەوڵەتە فرە نەتەوە و ئایین و پێکهاتەکان و دیکتاتۆرییەکان لە جیهاندا هەمیشە بوونەتە پەڕینەوەی مرۆڤایەتی لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر. لە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەکانیشدا، هەڵوەشانەوەیان دۆخی باشتری لە ڕووی ماف و ئازادی و ئابووری و بەڕێوەبردنەوە بۆ گەلان و ئایین و پێکهاتەکان لێکەوتووەتەوە.
لەم ڕۆژانەدا، باسی دۆخی ئێران و کاریگەریی لەسەر ناوچەکە دەکرێت، لەلایەن کەسانێک و هەندێک لایەنەوە داکۆکی لە حکومەتی تاران و مانەوەی وەک خۆی دەکرێت و نەمان و ڕووخان، یان هەڵوەشاندنەوەی بە کارەسات ناودەبەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەزموونی مرۆڤایەتی و مێژوو پێمان دەڵێت، بەوشێوەیە نییە و ئەگەر هاتوو گۆڕانکاریی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سیستم و دەوڵەت لە ئێران ڕوویدا، وەرچەرخانی گەورە دروست دەبێت و گەلانی ئێران و پێکهاتەکان و ناوچەکە لە قۆناغێکەوە دەپەڕنەوە بۆ قۆناغێکی تر، کە هەرگیز لەوەی ئێستا خراپتر نابێت. بە ڕووخان و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی ئێستای تاران، نە ژیان دەوەستێت و نە دونیا کۆتایی پێ دێت و نە ژیان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغێکی دواکەوتووتر و خراپتر.
لە خوارەوە چەند نمونەیەکی لە هەڵوەشاندنەوە و ڕووخانی دەسەڵاتە دیکتاتۆری و پاشایەتی و ئیمپراتۆرەکان دەخەمەڕوو، تاوەکو لایەنی گرنگ و باش و پیرۆزی هەڵوەشاندنەوە زیاتر ڕوون بێتەوە.
1 – هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانی بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و بالکان، دەستپێکردنی قۆناغێکی دیکەبوو و ژیان و دۆخی باشتری لەسەردەمی عوسمانییەکان بۆ دروستکردن.
2 – هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەکانی ئیسپانیا، پروس، هەنگاریا و نەمسا و… هتد لە ئەوروپا ژیان و دۆخی باشتری بۆ دونیا و گەلان دروستکرد.
3 – هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریی تزارەکان لە ڕووسیا قۆناغێکی جیاوازی لە پیشەسازی و بەڕێوەبردن و مافی چارەی خۆنووسینی بۆ گەلانی ڕووسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست دروستکرد.
4 – هەڵوەشاندنەوە و ڕووخانی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی بنەماڵەی چینگ لە وڵاتی چین، بووە وەرچەرخانێکی گەورە بۆ چینییەکان و چوونە قۆناغێکی دیکە، کە لە ڕووی ئابووری، سەربەخۆیی سیاسی، سەقامگیری و گەشەکردنەوە چینی کرد بە یەکێک لە وڵاتە کاریگەرەکانی جیهان.
5 – هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەت ژیانێکی باشتری بۆ گەلانی قەوقاز، ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دروستکرد.
6 – هەڵوەشاندنەوەی یۆگسلاڤیا ژیانیکی باشتری بۆ گەلانی سڕب، کروات، مەکەدۆنی، بۆسنی… هتد دروستکردووە.
7 – هەڵوەشاندنەوەی چیکۆسلاڤاکیا و بوونی بە دوو دەوڵەتی چیک و سلۆڤاکیا، ژیانێکی باشتری بۆ ئەو دووگەلە دروستکردووە.
8 – ڕووخانی دەسەڵاتی هەر یەک لەم دیکتاتۆرانە (سەدام، قەزافی، ئەسەد، موبارەک، بن عەلی و عەلی عەبدوڵا ساڵح) پێویستییەکی حەتمی بوون. بە نەمانیان نەک مرۆڤایەتی هیچی لە دەستنەداوە بەڵکو لە دەسەڵات و تاوانکارییەکانیان ڕزگاری بووە.
هیچ یەک لە ڕووخانەکان و هەڵوەشاندنەوەکان نەبوونە هۆی کۆتایهاتن بە مرۆڤایەتی و وەستاندنی ژیان، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی هیچ دەوڵەتێک پێویست بە نیگەرانی ناکات.
هیچ هەڵوەشاندنەوەیەک دۆخی خراپتری لە دۆخی پێشتری خۆی دروستنەکردووە، بەڵکو قەڵەمبازێک و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی دروستکردووە.
لە سەروبەندی ڕووخان و هەڵوەشانەوەکاندا، هەمیشە کەسانێک هەبوون، کە بانگەشەی ڕوودانی کارەسات و تێکچوونی ژیان و …. زۆر بابەتی دیکە دەکەن و داکۆکی لە مانەوەی دۆخەکان وەک خۆیان دەکەن و نایانەوێت هیچ گۆڕانکاری و وەرچەرخانێک ڕووبدات. ئەو بانگەشانە لە کاتێکدان، ئەو دەسەڵاتانە خۆیان کارەسات و سەرچاوەی نەهامەتی و شەڕ و هەژاری و ئاوارەیی و کوشتار و لەسێدارەدان و نەدانی مافی خەڵک و گەلان و پێکهاتەکانن.
ئەوانەی لە دژی گۆڕینی دەوڵەتە پاشایەتی و دیکتاتۆری و داپڵۆسێنەرەکانان، دوو دەستەن: دەستەی یەکەمیان ئەو کەسانەن، کە بەرژەوەندییان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتانەدا هەیە و بە نەمانیان بەرژەوەندییەکانیان لە دەست دەدەن. دەستەی دووەمیشیان ئەو کەسانەن، کە قاڵبگرتوو و نەریتخوازان و لە گۆڕانکاری و تێپەڕاندنی قۆناغێک بۆ قۆناغێکی تر دەترس و لە دژی ئەزموونی نوێی سیاسی و ئابووری و بەڕێوەبردنن.















Post Comment