هەڵمەتی هەڵبژاردن و دەرئەنجامە پێشوەختە دیاریکراوەکانی
هەڵبژاردن خۆی پایەیەکی دیموکراسییە، بەڵام لە دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەکانی وەک هەرێمەکەی ئێمە، هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەرئەنجامەکانیان کە پێشوەختە دیاریکراون، دیمەنەکەمان لە پێش چاوە کە هیچ لە دنیای ئێمە ناگۆڕێت. وەک جیۆڤانی سارتۆری باسی دەکات، هەڵبژاردن لەم جۆرە ژینگەیانەدا “ڕێوڕەسمی شەرعیەتپێدانن نەک ئامرازی گۆڕانکاری”. سیناریۆی پێشکەشکراو ئەم پارادۆکسە دەخاتە ڕوو: کاندیدەکان بە دەچنە ناو ئەو کەمپەینەی هەڵبژاردن کە سور دەزانن ناتوانن سەرکەوتن بەدەستبێنن، بەڵام هێشتا بە هۆکاری پەیوەست بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی، دڵسۆزی حزبی، یان پابەندبوونی دامەزراوەیی بەشداری دەکەن.
هەر بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا زۆرێک لە کاندیدەکان دەزانن سەرناکەون، بەڵام بەهۆی لایەنگرانی خۆیان و کۆمسیۆنەوە بەشداری دەکەن، سروشتی ڕەمزیی نەک پراکتیکی کاندیدبوونیان ئاشکرا دەکات. تەنانەت لە بەرامبەر هەندێک شکستیشدا، ڕەنگە کاندیدەکان وەک ئامرازێک بۆ خۆدەرخستن، دووپاتکردنەوەی دڵسۆزی بۆ کوتلە سیاسییەکانیان، بانگەشەی خۆیان دەکەن. پیپا نۆریس لە کتێبی (بۆچی هەڵبژاردنەکان شکست دێنن؟) ئەم جۆرە کاندیدانە بە “هیوای ساختە” وەسف دەکات، کە بەردەوامبوون لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەرجەستە دەکەن تەنانەت دەشزانن کە ناتوانن سەرکەوتن بەدەست بێنن. بەم مانایە، دۆڕان هێشتا دەتوانرێت وەک جۆرێک لە ئامادەبوون لێکبدرێتەوە، وەک چۆن یەکێک لە کاندیدەکان لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا باسی لەوە کرد کە “دەزانم سەرناکەوم، بەڵام دڵخۆشم بەوەی وێنەی خۆم بە ستونی کارەبا و دیوارەکانەوە دەبینم”.
لەم کەمپەینی هەڵبژاردنەدا هەموو هێز و قەوارەکان، کاندیدەکانیان بەڕاستی ڕوویەکی قایمیان هەیە، لانی کەم لەبەر ئەوەی هیچ قسەیەک و هیچ مژدەیەکیان نەماوە بە خەڵکی بڵێن. لێرەدا هەڵبژاردن دەگۆڕێت بۆ شانۆی دەرکەوتن: کاندیدەکان وەک قەبارە بوونیان هەیە نەک وەک کارەکتەرێکی ڕاستەقینە و سەرسەختی گۆڕانکاری. تێری کارل لە کتێبی (دیموکراسی چییە و چی نییە؟) دەڵێ: “بەبێ بەدیلی گۆڕانکارییەکی جەوهەری، هەڵبژاردن بەهای نامێنێت و دەبێتە کێبڕکێی دەرکەوتن و نمایش” . کاتێک حزبەکان چیتر ناتوانن بەڵێنی چاکسازی یان باشترکردنی ژیانی خەڵک بدەن، لەبری ئەوە پشت بە هێزی بەرهەمهێنراوی کاندیدەکان دەبەستن، ڕوویەکی قایم کە نەبوونی سیاسەتێکی ڕاستەقینە دەشارێتەوە.
دیاردەیەکی زۆر بەرچاو لەم هەڵبژاردنەدا “زیندانکردنی سێ سەرکردەی هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتە لە سلێمانی”، کە بە شێوەیەکی ڕەمزی پێمان دەڵێت هێز و کاریگەری ئۆپۆزسیۆن وەهمە. ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا تروسکاییەک بە دەنگ و قورسایی هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات مابێت، ئەوا ئەم هەڵبژاردنە هیچ هیوایەک نەماوە. وەک ستیڤن لیڤیتسکی دەڵێت، زۆرجار دەسەڵاتدارانی تاکڕەو باڵادەستی خۆیان بە سەرکوتکردن یان بێناوبانگکردنی ڕکابەرەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەپارێزن، دڵنیا دەبن لەوەی کە مەیدانی سیاسی بە داخراویی و پێشبینیکراو دەمێنێتەوە. یان دەسەڵات لەڕێی دروستکردنی هێزی کارتۆنی کە لەودیو دیوارەکەوە سەربەخۆیانن، دەیانەوێت وا نیشان بدەن کە ڕکابەریان هەیە.
ئەم هەڵبژاردنە هەر لەسەرەتاوە ئەنجامەکانی دیارە و دەزانین هیچ موعجیزەیەک ڕوونادات کە شایەنی باسکردن بێت. سەرباری ئەوەی ئەگەر دیزاینیش نەکرێت، ئەنجامێکی جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو نابینین. دایڤید بیتام لە کتێبی (شەرعیەتی دەسەڵات) دا باس لەوە دەکات کە “هەڵبژاردن لە پرۆسەیەکی دیمۆکراسیدا ئەگەر پێش هەڵبژاردنەکە ئەنجامەکەی زاندرا ئەوە دیموکراسی نییە”. دڵنیایی دەرئەنجامەکان لەم هەڵمەتانەدا، خودی گەرموگوڕی کێبڕکێی هەڵمەتی هەڵبژاردن تێکدەدات، هەڵبژاردنەکان دەگۆڕێت بۆ تەڵەی سیاسی . هەربۆیە ئەگەری ئەوەهەیە بەرەی بایکۆت و پشتکردنە سندوقەکانی دەنگدان فراوان بێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە، کاندیدەکان نەک لە ڕێگەی دیدگای گۆڕانکاری بەڵکو لە ڕێگەی پابەندبوون بە لایەنگران و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەوە ڕەوایەتی بە بەشداریکردنیان دەدەن. ئەم ئەم کردەیە ڕەنگدانەوەی فێڵێکە لە زۆرێک لە دەسەڵاتە ستەمکارەکاندا، کە دڵسۆزی سیاسی و ئەندامێتی بۆ پارتێکی دیاریکراو ڕەوایەتی بە کاندید دەدات نەک شتی تر. بە گوێرەی بۆچوونی ئەندرێو هیوود “هەڵبژاردن لەم جۆرە ڕژێمانەدا کەمتر بە هەڵبژاردنەوە هەیە و زیاتر بە بەرهەمهێنانەوەی تۆڕەکانی دڵسۆزی و وەلائی سیاسییەوە هەیە”. لایەنگران چاوەڕێی ئەوە دەکەن سەرکردەکانیان بێن و لەپاڵیاندا بوەستن، تەنانەت ئەگەر بشزانن سەرناکەون، چونکە خودی کردەوەکە شوناس و بینینێکی بەکۆمەڵ دووپات دەکاتەوە.
لەم هەڵبژارەدنەدا تەواو خەڵک بێئومێد بوون لە هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات . بەهۆی ئەوەی هیچ هێز و قەوارەیەکی دەرەوەی دەسەڵات (لانی کەم وەک هەڵبژاردنەکەی ٢٠٠٩) باوەڕپێکراو نییە کە ئومێدی خۆیانی لەسەر هەڵبچنن، لێرەدا هاوڵاتیان ڕووبەڕووی واقیعێک دەبنەوە لانی کەم دەزانن کە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسی لە کوردستان و عیراقدا ڕوونادات. ئێرنێستۆ لاکلاو لە کتێبی (لە بارەی عەقڵی پۆپۆلیستییەوە) ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرجار سیاسەت لەسەر وەهمی گۆڕان گەشە دەکات. ئەو کەسایەتی و هێزانەی کە بەڵێن دەدەن، دەشزانن کە هیچ ناگۆڕێت و بەڵێنەکانیان ڕاست نین.
دواجار، لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە ئەوە دەبیندرێت کە هەڵبژاردن وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری کارناکات، بەڵکو وەک میکانیزمێک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی چەقبەستوویی و لە گۆڕنانی ئومێد و هیوا لەم سیستەمە حوکمڕانەدا کاردەکات، کە هەموو هێزەکان بە دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات دەستیان هەیە لە هێشتنەوە و کاراکردنەوەی ئەم جۆرە سیستەمە وەک خۆی.















Post Comment