هەڤاڵ ئەبوبەکر: ئیدارەی سلێمانی بێبەرییە لە هەموو ئەو ململانێ سیاسییانەی ڕوودەدەن

_ هێڤار هیوا
یەکەمین دیداری کوردناسی لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی لە رۆژانی 25 بۆ 27ـی مانگی 9ـی 2025 بەڕێوەدەچێت و تێیدا دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، “سلێمانی پێشکەوتووترین شاری ناوچەکەیە”. دەشڵێت: “بێدەنگی نوخبەیە کە کۆمەڵێک دەسەڵاتداری لە مێژووی ئەم شارە کردووە بە دەسەڵاتدار کە ئیدارەی شارەکە لێی بێبەرییە”.
لە سەرەتای قسەکانیدا پارێزگاری سلێمانی بە ئامادەبووانی وت، “ئێوە بژاردەیەکی راستتان هەڵبژارد ئەویش هەڵبژاردنی سلێمانی و زانکۆی ئەمریکییە. ئێمە هەمیشە وەک حکومەتی خۆجێی، کارمان لەسەر بوارەکانی پەروەردە، کلتور، ئابووری، ژینگە و سەقامگیری کردووە و توانیومانە سلێمانی بەرینە ئاستی نێودەوڵەتی و ئێستا شاری داهێنەری ئەدەبە لە یونسکۆ.”
ئاماژەی بەوەشکرد، سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان و هەموو کوردستانە، هەر لە سەرەتاوە پایتەخت و دەوڵەت و میرنشین بووە، بۆیە خۆی بە پایتەختە گەورەکان بەراورد دەکات نەک شارەکانی دیکە، چی لە سەردەمی مەلیک مەحموود چی لە سەردەمی پاشایەتی و رژێمی پێشوو و بە ئێستاشەوە. سەرۆک کۆمارە کوردەکان هەموویان خەڵکی ئەم شارە بوون و ئەوە سلێمانییە توانیویەتی ئەم کەسە ئەکادیمیانە بەرهەم بهێنێت، یاخود دکتۆر بەرهەم ساڵح کە سەرۆکی بۆردی زانکۆی ئەمریکییە.
دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی: “سلێمانی یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارە شارستانییەتە بەردەوامەکانی هەموو جیهان و بە بەرپرسیارییەتی و زانیارییەوە ئەم قسەیە دەکەین. لەم کوردستانەی ئێمەدا، لە 100 هەزار ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا خەڵک تێیدا ژیاوە، سەرباری ئەو هەموو پاکتاو و جینۆسایدەی بەرامبەری کراوە، دەپرسین چۆن لەناو ئەم جەنگ و ئاگرەدا ماوینەتەوە؟ وەڵامەکەی ئەوەیە ئێمە بەشێکین لەم سروشتە، وەک خاک، ئاو، خۆر و سەوزایی ڕەسەنین. ئەوەشی ئێمەی پاراستووە، زمان و ئەدەب و کلتور و فەرهەنگە کە رەسەنایەتییەکی زۆری تێدا بووە.”
“زمانی کوردی لە سەردەمێکدا لە نێوان سێ زمانی زۆر باڵادەستی وەک فارسی و عەرەبی و تورکی، توانیویەتی بەردەوام بێت. نموونەش نالی کە سەرباری باڵادەستی ئەدەبی فارسی و 700 ساڵ دەسەڵاتی عوسمانی، توانیویەتی خۆی بسەلـمێنێت، بۆیە لە شکسپیر گرنگترە چونکە ئەو زەمینەیەکی باشتری بۆ رەخساوە بەڵام ئێمە داگیرکراو و دابەشکراو بووین. خۆشبەختانە لە مانگی 10، زانکۆی کوردی لە ئەڵمانیا دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی زمانی کوردی تێدا بخوێندرێت. هەروەها لە ئەمریکا و کەنەداش زمانی کوردی دەخوێندرێت. بۆیە ئەوەی ئێمە دەهێڵێتەوە رەسەنایەتی زمانمانە.” پارێزگاری سلێمانی وا دەڵێت.
باسی لەوەشکرد: ئێستا سلێمانی کراوەترین کۆمەڵگەی کۆمەڵایەتییە لە هەموو ناوچەکاندا. شوێن نەماوە بەناوی هونەرمەند و بەهرەمەندەکانمانەوە ناوی بنێین ئەوەندە داهێنەر و کەسی گرنگمان هەیە. ئازایەتی خەڵکی ئەم شارە ئازادی فەراهەم کردووە. سەقامگیرترین شاری عێراقین لەبەر ئەوەی ئازادییەکان لێرە زۆرن، ئاسایش و سەقامگیری سلێمانی زۆر باشە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی دا بە رووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی و وتی: “هەموو ئەو تێبینییەی ئێوە لەسەر رووداوەکانی رابردوو هەتانە، لە نەخوێندنەوەی ئێوەیە لەسەر مێژووی ئەم شارە. ئەم شارە بە ململانێی براکان و ململانێی سیاسی دەستیپێکردووە. نە لەگەڵین، نە دەچینە ناوی، نە ڕەوایەتی پێ دەدەین و نە لە پشتین، بەڵام بێدەنگی نوخبە، کۆمەڵێک دەسەڵاتداری لە مێژووی ئەم شارە کردووە بە دەسەڵاتدار کە ئیدارە بێبەرییە لە هەموو ئەو ململانێ سیاسییانەی ڕوودەدەن. بەڵام هەموو ئەو ململانێیانە هێزیان بە داهێنەرەکانمان بەخشیوە. دواجار ئەوەی ماونەتەوە ڕەسەنەکان بوون، ناڕەسەنەکانیش مێژوو لە لاپەڕەکانی خۆیدا بە ڕەشی تۆماری کردوون و هەڵیگرتوون.”















Post Comment