هەموو شتێ لە بارەی كۆرو مۆرەوە
هەردوو كۆرو مۆری گەورەو بچوك دوو گوندی گەرمەسێرن و ئێستا بە هۆی بوونی گازەوە ناویان لە سەر نەخشەی ناوچەكەو جیهانەو تەنانەت ترەمپیش دەیانناسێت.
ئەو ناوچەیە بە درێژای هەزاران ساڵ نەوتی ڕەش بە سەر زەویەكەیدا وەك جۆگەی ئاو ڕێی كردوە ، ئینگلیز لە ساڵی 1930 ویستیان وەبەرهێنانی تیابكەن ، بەڵام وتیان بە كەڵك نایەت و وازیان لێهێنا، ساڵی 1981 حكومەتی عێرا دەستی كرد بە كار تێیدا، بەڵام پێشمەرگە ڕێگریان كردو چەند ئەندازیارو كارمەندی بیانیشیان گرت و دواترئازاد كران، ساڵی 1989 یان 90 دیسان حكومەتی عێراقی كاری تیا كردو بۆڕیەكی غازی لە كۆرو مۆرەوە بۆ كەركوك ڕاكێشا ، لە دوو هەزارو حەوتەوەهەرێمی كوردستان و كۆمپانیای دانا غاز لەو شوێنە كار دەكەن و كۆمپانیاكە هەر بە كۆرو مۆرەكانەوە نەوەستاوە زەوی چەندین گوندی دیكەشەی گرێداوە بە زەوی كۆرو مۆرەوە، لەوانە كانی قادر، مامیسك ، پاریاوڵە، ئاوای شێخ جەلال ، گوندی حەمید بەگ ، خەڵكی ئەم گوندانە زەنگەنەو تاڵەبانی و شێخان و گلن.
لە كۆتای هەشتاكان بەعس ئەم كێڵگەیەی وەك دژایەتی بەكورد و خزمەت بە سوپا شكستخواردوەكەی ناو نا ئەنفال، لە نوسراوی بەعسدا بە كێڵگەی غازی ئەنفال ناوی هاتوە،لە نەوەدەكان.
تا ئێستا 11 جار پەلاماری كۆرو مۆر دراوە ، یەك دوو جار خەڵك لە سەر ئەو پەلامارانە گیراوەو دواتر ئازادكراوە، بكەرانی ئەو كارانەبە ساروخی كاتیۆشاو درۆن پەلاماری كۆرو مۆریان داوە، لەوە دەچێت لە دەرەوەی عێراقیش خەڵكیك هەبن خۆشییان بە چارەی ئەو كێڵگە غازیەدا نەیەتەوە ، پێشتر عەلی جەعفەر و چەند كەسێك گیران لە سەر یەك لە پەلامارەكان و سەكۆی موشەكەكە لە نزیك دوز لە گۆڕستانێك دۆزرایەوە، بەڵام دواتر عەلی جەعفەر كە توركمانێكی حەشدی شەعبی بوو ئازاد كرا ، ئێستاش گومان لە حاجی ئەحمەد ئەسعەد چرداغلی دەكرێت و هەموو چاوەكان لە سەر ئەون ، حاجی ئەحەمدیش فەرماندەیەكی توركمانیی حەشدەو كەسێكی توند ڕەوی زمان پیسەو لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجار وتی ئەو توركانەی دەنگ بە ئێمە نەدات بێشەرەفە، دواتر ئەو خۆی دەرنەچوو، راستی كۆمیسیۆن هەر ناوەكەی دورخستەوە، حەشدی توركمانیەو دۆستی توركیاشەو گۆرانیش بە باڵای ئێراندا دەڵێت.
گومان دەكرێت بۆڕی دوەمی كۆرو مۆر كە ئێستا زۆربەی كارەكانی تەواو بووەو ڕۆژانە توانای زیاتر لە یەك ملیار مەتر سێ جا گوازتنەوەی گازی هەیە، بۆ دەرەوەی عێراق و بۆ توركیاو ئەوروپا بێت ، بۆڕیە تازەكە كە تەنها 36 كیلۆ مەتری ماوە بۆ ناو خاكی توركیا بەلای ئێران و ڕوسیاشەوە جێی دڕدۆنگی و قینە، كۆرو مۆر لە سنوری چەمچەماڵ و ژێر نفوزی دەسەڵاتی یەكێتیدایە ، بەڵام نەتوانراوە نەبۆ چەمچەماڵ نەبۆ ناوچەكە سودێكی ستراتیژی بەرچاوی هەبێت ، تەنانەت جادەو بانی نێوان كۆرو مۆر قادر كەرەم چەمچەماڵ دەبوو بكرایەتە دوو سایدو ئەم بەرو ئەو بەری سەوز بكرایە ، بەڵام نەكرا ، گەرچی كاتی خۆی من دیزاینەكەیم بینی بوو، هەروەها بڕیار بوو لە سنوری چەمچەماڵ شارێكی گازی پێشكەوتو دروست بكرێت ئەویش هەر نەكرا .
كۆرو مۆر جگە لە گروپێكی كەمی سنورەكە، مەینەتی و خەمەكەی بۆ سنورەكەیەو خێرەكەشی بۆ ئەوانەی هەر كاتێك بیانەوێت شۆڕشگێڕو نیشتمان پەرەوەر دەكەن بە جاش و جاش دەكەن بە تێكۆشەر.
هەر بۆ زانیاری دوای بۆردومانی دوودرۆنەكەی ئەمجارە كە یەكێكیان لە تانكی نەفتاكەی دا و ئەوی تر لە دەرەوەی كێڵگەكە تەقیەوە ، گروپێكی ئەمەریكی هەموو پارچەی درۆنەكەی نا تانكیەكەی كۆكردەوەو بردی، جگە لەوەش گومانی دەستلە پشتبوونی توركیاو ئێرانیش دەكرێت ، كوردە بۆرەش لە بری لەم دۆخەدا پێكەوە بن ، یەك تاوانبار دەكەن و سیناریۆ بۆ یەكتر دروستدەكەن.
كۆرو مۆرو چەمچەماڵ كارەبای كوردستان دابین دەكەن، بەڵام حكومەت لە سەری سەرەوە دەیەوێت كوێریان بكاتەوەو درێژە بە ئەنفالكردنیان بدات.















Post Comment