هاوڵاتیان و دەسەڵاتی هەرێم لە کوێی روداوەکاندان؟

هاوڵاتیان و دەسەڵاتی هەرێم لە کوێی روداوەکاندان؟

جار بینراوە: (1.6K)

عەرەب وتەنی: ” انما للصبر حدود”

لە سەردەمێکدا دەگوزەرێین یاسا و رێساکانی سیاسەت و حوکمرانی و کۆمەڵایەتی تایبەت لە ناوچەکەمان زۆر لەجاران جیاوازن. هاوکێشەکانی دوژمن ودۆست، هاوپەیمان و رکابەر. زەمینە فکریەکان و ئەجێندا سیاسسیەکان بونەتە مەتەڵێک وەک ئەوەی هێلکە لە مریشکە یاخود پێچەوانەکەی. سۆشیاڵ میدیا بۆتە مەیدانێکی سەردەمی قەیسەرەکان بۆ زۆرانبازی چاک و خراپ، ژیر و کاڵفامەکان.

لەم دۆخەدا زۆربەی هێزە کوردیەکان لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان، لەم دوایەشدا پەکەکە، کەنارگیریان بژاردە کردوە، چونکە دەزانن لەئەرزی واقعدا کوردستان لەتکراو و داگیرکراوە، بە پەرتەوازەیی سیاسی کورد و ئەجێندا تایبەتە جیاکان نەک هەر دەرەقەت نایەن بەڵکو بە دڵەراوکێ و ترسەوە مامەڵەش دەکەن.

لاوازبونی بەرچاوی ئێران، روخاندنی رژێمی ئەسەد، باڵادەستی ئیسرائیڵ لە ناوچەکە، ئیفلیجکردنی حزب اللە و حەماس و هاوسۆزەکانیان، دەسەڵاتی رەهای ئەمریکا، بەهێزبونی پێگەی سعودیە و هاوجۆرەکانی لە کەنداو و سنوردارکردنی دەسەڵاتی میلیشیا شیعەکان لە عێراق و ناوچەکە و چەندین گۆرانکاری هەستیاری تر، هاوکێشەی سیاسی و و هەواڵگری و سەربازیان لە ناوچەکە بەشێوازێک گوریوە کە چاوەروانیەکانی ئایندە بریتین لە ماڵئاوایی لە چەمکەکانی ئیحتوای جوتەی ئێران و عێراق، راگرتنێکی لەرزۆکی هاوسەنگی هێزی زلهێزەکان، پێگەی تورکیا وەک پۆلیسی ناوچەکە و گەلێک گۆرانکاری هەستیاری تریش. ئەمریکا چەندین بنکەی سەربازی بەهێزی لە ناوچەکە هەیە کە زۆربەیان لە باشور و رۆژئاوای کوردستان جێگرن. لە لاکەی تریش روسیا بەخەستی کاردەکات بۆ گۆرانکاری لە جیۆپۆڵیتیکی ناوچەکە بە قازانجی خۆی.

باشوری کوردستان لەتبو و نیوەی داگیرکراو، دەسەڵاتێکی شۆڤینزمی مەزهەبی و نەتەوەیی لە بەغدا، گەلێک قەیرانی دارایی و نێوان هەرێم و بەغدا، مەترسی میلیشیا شیعەکان ئەو فاکتەرانن کە پێگەی هەرێمیان گەمارۆ داوە و لاواز کردوە.

زیادە بۆ سەرجەم ئەم دۆخ و مەترسیانە گرێکوێرەی هەرێم ناتەبایی حوکمرانی و هێزە سیاسیەکانیەتی، درەختێک لە ناخدا کلۆرە بۆیە چەماندنەوە و تێکشکاندنی ئەستەم نیە،

سەرەرای چاوچنۆکی و قۆرخکاری دەسەڵاتی هەرێم بەڵام ناهەقیان ناگرم وا کەنارگیر گیەساونەتەوە، هەوڵێکە بۆ مانەوەی خۆیان و تێوەنەگڵان لە هاوکێشەیەک توانای بەرەنگاربونەوەیان نیە. کورد وتەنی دەستیان بە کڵاویان گرتوە تا با نەیبات، خۆشمان بوێت یاخود ترش لە سایەی ئەم سیاسەتدا کیانی هەرێمی کوردستان وەک ماڵێکی کارتۆنی ماوە و نەروخاوە. ئەگەرچی هەوڵەکانی مسعود بارزانی بۆ پرسی ریفراندۆم بەتەنیشت خواستە تایبەتیاکانی خۆی بەڵام کارێک بو بۆ لادانی کورد لە فرە داو و تەڵانەی دژی بەکارن.

تۆ بڵێی تاسەر ئەمەیان بۆ بچێتە سەر؟

تا ئەم چرکەیەش هاوڵاتیانی باشوری کوردستان، سەرەرای گەندەڵی و ستەم و خۆسەپاندن و پێشێلکردنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ بەڵام دانیان بە خۆیاندا گرتوە، چونکە لەم دۆخە دژوار و ئاڵۆزەدا لەلایەک ئەڵتەرنەتیڤێکی جدی کورد بەدی ناکەن، چونکە زۆربەی هێزەکانی بەناو ئۆپزسییۆن لە تەرمایی وەهمێک زیاتر نین و خاوەنی ئەقڵیەتێکی خۆپەرست و هەرزەکارن.

خەڵکی کوردستان خەمخۆرن کیانی هەرێم نەکەنە قوربانی و پارویەکی ئاسان بۆ سەرجەم گەمەکەرە ناحەزەکانی کورد، لە سەرویانەوە دەسەڵاتی بەغدا. بۆخۆم تێدەگەم پارتی هەواداری بەغدا نیە، یەکێتی ئیرسێکی مێژویی دێرزەمین لەگەڵ بەغدا درێژە پێدەدات، چەند هێزێکی بەناو ئۆپزسیۆن ئۆپۆرچینستانە بەغدا وەک کارتی فشار لەسەر دەسەڵاتی هەرێم بەکار دەهێنن و بەغداش لە زۆر بواردا هاوکاریان دەکات. تۆ بڵێێ ئەم گەمە قێزەوەنانەی کورد و بەغدا نزمترین ئاستی مافەکانی کورد لە سیستەمێک بەناو فیدراڵ و لە واقعدا زۆڵ و فێڵباز بهێننەدی؟ ئەوانەی دەمێننەوە: کاری چەکداری دژ بە دەسەڵاتی هەرێم کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە و لەلایەن ناحەز و دوژمنانی کورد دەقۆزرێتەوە، خۆپیشاندان و نارەزایەتی سیڤیل بە خوێنرشتن وەڵام دراونەتەوە، بێدەنگیش فیزی دەسەڵات و سنگ دەرپەراندنی خەستتر دەکەن.

هاڵاتیانی کوردستان لەبەردەم دیلێمایەکن، لەبەردەم ئەژدهایەکی چەندین کەللە و چەپۆک و پۆستاڵ و شمشێردا گیریان خواردوە، بەڵام تا ئەم چرکەیەش ژیرانە یاخیبونێکی بەردەوامی بێ هات و هاواریان و ئامادەسازی بێدەنگیان بژاردە کردوە، بۆ ئایندەش دڵنیام هەمو رێگا و ئەگەرەکان لەبەردەمیاندا قفڵ نەکراون.

لەو قەناعەتەدام بوژاندنەوەی کۆمەڵایەتی رێگە دروستەکەیە بۆ سەرهەڵدانی شۆرشیکی کۆمەڵایەتی کە بەرد لەسەر بەرد و بست بەبست کاری بۆ بکرێت، پرۆسەیەک سەبر و نەفەسێ درێژی پێویستە کە تێیدا گرنگە لایەنگرانی ئەم رێگە سەخت و درێژە بەرپرسیار نەبن لە رشتنی خوێنی کورد.

پیرمەندی ناوداری فەرەنسی، پۆل سارتەر دەڵێت: مرۆڤ بەرد نیە نەگۆرێت.

رۆتەردام: ١٨ دیسەمبەر ٢٠٢٥

👤
Live: 81 Today: 951 📊 Click Here