نەگبەتیەکانی کورد… بەڵام …!

نەگبەتیەکانی کورد… بەڵام …!

جار بینراوە: (0)

هیچکات کوردبون نەگبەتی نەبوە و نیە بەڵکو راستیەکی مێژوییە وەک هەمو پێکهاتە و نەتەوەکانی ئەم هەسارەیە یەزدان و سروشت بەخشیویانە. هیچ نەتەوەیەک بە کاملی مواسەفات چاوی نەکردۆتەوە. روداوەکانی مێژو نێو نەتەوەکان و ناوخۆشیان مێژویان بەو ئاراستەیەدا بردوە، بۆ نمونە دورگەیەکی وەک ئەمریکا کە خاوەنی نەبوە و موڵکی ئەم و ئەو بوە لە هەزاران میل دور لەو دورگەیە و چەندین دەردەسەری و شەر و وێرانکاری بینیوە ئەمرۆ بەهێزترین پێکهاتەی سیاسی و سەربازی و دنیایە. ئایا ئەمە زادەی سودفە بوە یاخود شتی تر لە پشتیەوە هەبون ؟

نەگبەتیەکانی کورد تەنها لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوخۆ سەرچاوەیان نەکردوە، بەڵکو پێگەی کوردستان لە ناوچەیەکی هەستیار و دابەشبو بەسەر چەند دەوڵەت و هێزی ناوچەکەدا کە تا ئەم ساتەش رۆڵی هەستیار و گرنگیان لە هاوکێشە سیاسیەکانی دنیادا هەیە بریاردەر بون.

سروشت رۆحی بە کورد لە نێو سێ ئیمپراتۆری ئیسلامی بەهێزی ناوچەکەمان بەخشیوە، فارس، تورک و عەرەب، وێرای ئەوەی کورد بەرامبەر دەسەڵاتی ستەمکاریان سەرهەڵدان و شۆرشی بەرپاکردوە، مەخابن لە گەمارۆدان و ستەم و نیەتی شۆڤینزیان تا ئەم چرکەیەش رزگاری نەبوە.

زیادە بۆ ئەمانەش ئاینی ئیسلام سەرەرای چەندین بەهای بەرزی وەلێ دەسەڵاتدارە ئیسلامیەکان بە سوننەو شیعەوە دژ بە کورد بەکاریان هێناوە، بەجۆرێک کە نامۆیە بە باوەرە رەسەنەکانی و تێرامانی کورد بۆ ئەم دنیا و ئەو دنیا. مەخابن کورد نەک نەیتوانیوە بەسەریاندا زاڵ بێت، بەڵکو بۆتە قوربانیەکی خەست زامداری ئەو موسڵمانە ساختەچیانەی بەناوی ئاینەوە دژ بە کورد کردویانە. زیادە بۆم ئەم واقعەش بە درێژایی مێژو کورد سەرپشک نەبوە بریاری خۆی بدات، بەڵکو زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە کوردیان ناچار کردوە بەرژەوەندی و هاوکێشەکانیان بەهەند وەربگرن. دابەشبونی سیاسی کورد لەسایەی ئەم واقیعەوە سەری هەڵداوە. هێزە کوردیەکان بە هەمو رەنگەکانیان، سەرەرای بەرهەڵستی و بەرگریکردن، لە دوا مەتافدا ملکەچی واقعە سەپێنراوەکە بون.

لە قەناعەتەوە بێت یاخود ناچاری گەڵێک لە کوردە دڵ زامدارەکان پەنایان بۆ ئاراستە سیاسی و ئایدۆلۆژە باوەکانی سەردەمەکان بردوە، ئاڵای یاخیبونیان شەکاندۆتەوە. مێژوی دروستبونی ئاراستە و گروپ و حزبەکان لە گەورە و پەنابردن بۆ بەرگریکردن و هەڵگرتنی چەک ئەمە دەسەلمێنن.

شکستی شۆرشەکانی باکور و بارزان و حکومەتی شێخی نەمر و کۆماری مەهاباد ئەو روداوانە دڵتەزێنانەن. شایستەی باسکردنە سەرکردەکانی ئەم سەرهەڵدان و شۆڕشانەی کورد پێناسەی ئاینییان هەبوە: شێخ، قازی، مەلا، مورید و دەروێشەکان. ئاماژەی حاشاهەڵنەگرە کە بۆ کورد ئایین ئامرازێک بوە بۆ مانەوە لەسەر زێدی باو و باپیرانی، چونکە لە بنەرەتدا کورد لە ئایندا فەنەتیک و رادیکاڵ نەبوە، بەڵکو میانرەو و خۆشباوەر.

لە بەرامبەردا بەشێکی بەرچاوی سەرکردە و کەسایەتیە ئیسلامیەکانی تورک و فارس و عەرەب دەسەلاتیان بۆ دژایەتیکردنی کورد بەکار هێناوە، بۆ نمونە چەند بەرپرسێکی ئەزهەر، ئیسلامیە بەکرێگیراوەکانی رژێمەکانی تورکیا و عێراق، چەند ئایەتوڵڵایەکی ئێران وەک خەڵخالی، خومەینی و خامەینی، دامەزرێنەری حماس شێخ یاسین و سەرکردە تێرۆریستەکان ئیسلام لە کورد و غەیرە کورد و چەند بەکرێگیراوێکی ئیسلامی کورد وەک ئەنسار ئیسلام، بزوتنەوەی ئیسلامی، تاقمە تێرۆریستەکانی هەناردەکراوی تاڵیبان، داعش ورژێمی تورکیا …تاد.

کورد و ئیپمراتۆرەکان فارس و تورک و عەرەب

سەدامی سوننە مەزهەب پشتئەستور بە سورەتی ئەنفال لە قۆرئان سەختترین تاوان دژ بە کورد دەکات،. دۆکیۆمینتە فەرمیەکان لە ١٩٧٢ تا ١٩٧٥ دەسەلمێنن عەرەب و فارس و تورک و ئەمریکا هۆکاری بنەرەتی شکستی شۆرشی ئەیلول بون. ئەوە ” پیاوە ئاینییە بەکرێگیراوەکان بون بە پلانی سەدام خۆیان تەقینەوە بۆ کوشتنی مەلا مستافا، سەرکردی شۆرشی ئەیلول. رێکخراوی ئیسلامی موجاهیدنی خەڵقی تێرۆریستی ئێرانی، خۆبەخشانە بونە جاشی سەدام و کەوتنە قەتل عامی کورد لە باشور. ئەوە دامەزرێنەر و سەرکردەی حەماس. شێخ یاسین بو، فەتوای دەرکرد کە خوێنی کورد حەڵالە و نزیکەی ٢٥.٠٠٠ هەزار تێرۆریستی نارد بۆ هاوکاری سەدام لە قڕکردنی کورد. مانگێک پێش روخاندنی سەدام لە کۆنگرەی ئۆپزسیۆنی عێراق لە لەندەن پرسی فیدراڵیزم بۆ ئایندەی عێراق پەسند دەکرێت، هێزە ئیسلامیە شیعەکان بەرهەڵستی دەکەن لەوەی دان بە مافی فیدراڵی بۆ ئایندەی عێراقدا بنێن، لەژێر فشاری ئەمریکا بۆ ماوەیەک ملکەچ دەبن، دواتر کە کۆنترۆڵی هێز دەکەن بێشەرمانە پاشگەز دەبنەوە لە پەیمان وئیمان و خواکەشیان. ئێستا بەرپرسانی شیعە وەک صەدر و حەکیم و عەبادی و مالکی و خەزعەلی کورد لە بنەرەتدا وەک هاوڵاتیەکی وێرانەی عێراق دەبینن. دەیان ساڵ رژێمی تورکیا کوردی وەک تورکی چیاکان دەبینی، لە سوریاش رژێمی ئەسەد کوردی لە هەمو مافەکان بێبەری کردبو من تێناگەم کورد چ سودێکی لەم جۆرە ئیسلامیانە کردو؟.

ئەم راستیانە ئاماژەی حاشاهەڵنەگرن کە بزافی کوردایەتی سەبری ئەیوبی لەگەڵ ئەم پێکهاتە جیاوازە سیاسی و حوکمرانی عەرەب و تورک و فارسدا هەبوە. مەخابن لە سەرجەم ئەو قۆناغانەدا رەوشی سیاسی ناوخۆی کورد ئەستەم بوە مامەڵەیەکی دروست و گونجاو لە گەڵ ئەم گەلەکۆمەی دوژمنان بکات. هەر هێزێکی کوردی باشور دەهۆڵی خۆی لێداوە.

لەم رەوشەی سیاسیەی ئێستا لە ناوچەکە پرسی کورد تەنها پرسێکی نەتەوەیی نیە نێوان بزافی کوردایەتی و رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان، بەڵکو قوڵاییەکی فرە رەهەندی لە جیۆپۆڵیتیکی ناوچەکە و دنیادا لەخۆ گرتوە.

هەر هێزێک بەتەما بێت کورد بەپاساوی ئاین و هاوڵاتیبون دەستەمۆ بکات سەری لە بەردی ئەلحەد دەدات، هەڵچون و پرۆتێستی کورد لە هەمو سوچ و قوژبنێکی دنیا دژ بە هەوڵی زلهێزەکان و تێرۆریستی ئیسلامی بۆ سرینەوەی ناسنامەی کورد لە رۆژئاوا و دواتر لە گەورە سەلماندیان کورد نەتەوەیەکی زیندوە و

” ئەی رەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان”. کاتیەتی نەتەوەی کورد دەرک بکات بەوەی لە بنەرەتدا ئایندەی لە دەستی خۆیدایە. هێزە رەسەنەکانی کوردستان لە رۆژئاوا سەلماندویانە کە ئەهلی ئەوەن کە رۆژئاوای کوردستان ببێتە نمونەیەکی زیندوی بزافی کوردایەتی لە چارەی دیموکراسی و رێزگرتن لە مافەکانی کەمایەتیە نەتەوەییەکان و ئاینییەکان.

بابەتى تر

👤
Live: 108 Today: 1,652 📊 Click Here