نەوەی نوێ: دوای ئەشکەنجەدانی لەناو دادگا داوا دەکەین دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید بگوازرێتەوە بەغدا

_
 جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت: “دواى بێڕێزیی و ئەشکەنجەدانى لەلایەن هێزێکى چەکداری یەکێتییەوە، داوا دەکەین دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید بگوێزرێتەوە بۆ بەغدا و دەڵێت، ئەم رەفتارە تەنها نیشانەى رێزنەگرتن نییە لە کەرامەتى مرۆڤ، بەڵکو پێشێلکارییەکى روون و ئاشکراى بنەما ەکانى مافى مرۆڤە.”
 ئەمڕۆ یەکشەممە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “لە دادگاى سلێمانییش هێزێکى چەکدارى یەکێتىی کە نزیکەى 50 کەس بوون، بەشێوازێکى نەشیاو مامەڵەیان دژی شاسوار عەبدولواحید کرد و ئەشکەنجەیاندا، بەشێوەیەک کە کەلەپچەى لەدەست کرابوو’ و بە کەلەپچەکە راکێشراوە و بەهۆیەوە بریندار بووە، وەک ئەوەى تۆمەتبارێکى تیرۆر بێت، لەکاتێکدا ئەو تۆمەتەى ئاڕاستەى کراوە دارە بەرۆژنامەوانییەوە و سکاڵاکاریش لە دەزگاى دژە تیرۆرى یەکێتى کار دەکات”.
 ئاماژەی بەوەشکردووە، “شاسوار عەبدولواحید بەتوندى مامەڵەى لەگەڵ کراوە، راکێشراو پاشان بەتوندی پاڵی پێوەنراوە، لەکاتێکدا کە کەلەپچەکراو بوو، ئەم مامەڵەیەش بووە هۆکارى برینداربوونى زۆرى دەستى، ئەم رەفتارە تەنها نیشانەى رێزنەگرتن نییە لە کەرامەتى مرۆڤ، بەڵکو پێشێلکارییەکى روون و ئاشکراى بنەما ەکانى مافى مرۆڤە، کوا مەردایەتیی و شەرەفى رکابەریى لەم کارەدا؟”
 لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “کاتێک سەرکردەیەکى سیاسیى مەدەنىی و بێ چەک لەلایەن دەسەڵاتە سەرکەوتکەرەکەتانەوە دەستگیرکراوە، مەردایەتیی و شەهامەتی ئەم رەفتارە نائەخلاقیە لەکوێدایە کە هەموو نەریت و یاساو رێسا ئاسمانیى و زەمینیەکان رەتی دەکەنەوە و هیچ کەسێک قبوڵى ناکات.”
 دەشڵێت، “دادگاى سلێمانى لە سەردەمى “بەناو دیموکراسیەتی بافڵ و قوباد”دا گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانى بەڵتەجییەکان، ئەوەى ئێستاش ئەو دوو برایە بەسلێمانىی و خەڵکەکەى دەیکەن، رەنگدانەوەى رق و کینەیەکى قوڵە دژى ئەم شارەو رۆڵەکانى.”
 هەروەها، “داوا لەهەموو باڵیوزخانەى وڵاتان، ئەوانەى کە گرنگیی بە بەرگریکردن لە دیموکراسیەت لەهەرێمى کوردستان دەدەن، بەجددى لەم کەیسە بڕوانن، چونکە ئێمە متمانەمان بە دادگاى سلێمانىی نەماوەو داوا دەکەین هەموو ئەو کەیسانەى کە دژی شاسوار عەبدولواحید لەوێ سەیریان دەکرێت بگوێزرێنەوە بۆ دادگاکانى بەغدا”.
  
 
								


 
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                    
Post Comment