نەوت و غاز هی حزب نیە، بەڵام
نیشتمان موڵكی هەموومانە، كەواتە برینێكی نیشتمان، كێماسیەكی دەبێت هەموومان لە خەمیدا بین ، وەك جوانیەكیی نیشتمانیش دەبێت مایەی دڵخۆشی گشتمان بێت .
جیاوازی كردن لە نێوان شوێنێك بۆ شوێنێكی تری ئەو نیشتمانە بە هەر بیانویەك ستەمە، ناشرینیە ، بێئاوەزی و جیاكاریە.
نەوت و غازی كوردستان لە چەمچەماڵ بێت یان زاخۆ هی گەلی كوردستانە، بەرتاقای ئەوەی زاخۆی پێجواندەكرێت دەبێت چەمچەماڵیشی پێجوانبكرێت ، بگرە زیاتر لەبەر ئەوەی لێرەوە ئەو غازە دەكشێ .
دەبوو ئێستا لە كۆرو مۆرەوە تا سلێمانی جادەی دوو سایدی سەت مەتری هەبا و ئەم بەرو ئەو بەری جادەش دارو سەوزای با، دەسەڵات دەبوو دانا غازی ناچار بكردایە ئەو كارە بكات ، نەك وێنەی شوێنێكی تر بە مەبەست دڵی خەڵكی جەباری و شێخان و شوان و سەنگاوو چەمچەماڵی پێبگوشرێت.
حكومەت یان نابێت هەبێت یان دەبێت هی هەموو كوردستان بێت، لە ناو حكومەتیشا خۆ وەك ئۆپۆزسیۆن نیشان دان لە بەر ئەوەی نەتوانراوە نوێنەرایەتی بكرێت، ناشرینیە ، لە بری پرتەو بۆڵە شەڕی یەكسانی و عەدالەت بكە.
پێمخۆشە هەولێر ببێتە بەهەشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بەڵام پێمناخۆشە ئەمە وانیشانبدرێت كە ئەها سلێمانی چۆنەو هەولێر چۆن، شەرمە لە بری هەڵبەستی درۆو پیاهەڵدان جیاوازی لە نێوان دوو یانەدا بكرێت بۆ نەورۆز بكڕوزێیتەوەو بۆ زاخۆش بخەنیتەوە، فەرموو ئەوەش بۆ نەورۆز بكە كە بۆ شوێنی تری دەكەیت .
سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی دەبێت نوێنەری هەموو خەڵكی كوردستان بن ، نەك كادیری لق و مەڵەبند وەك ئەوەی لەبانگەشەی هەڵبژاردنا وا دەردەكەون .
لە تەك ئاوەدانی و جادەو بان و سەوزایدا دەبێت شعوری ئەوە هەبێت شكۆ بۆ پارلەمانیش بگێڕدرێتەوە كە ئێستابە هەوەس پەكخراوە، دەبێت بایەخ بە مرۆڤێكیش بدرێت كە خۆ بڕیارو خۆ خاوەن بێت نەك فێری كۆیلایەتی و چۆنێتی پیاهەڵدانی سەرۆكی حزب و كارەكتەری حزب بكرێت .
نەوت و غاز هی حزبێك نیە، ڕاستە، بۆیە ناكرێ حزب بۆ فریودانی خەڵك ، قوتكردنەوەی سەرمایەداری مشە خۆر ، میدیای چەواشەكاری حزبی بخرێتە گەڕو پەروەردەو تەندروستی پشتگوێ بخرێت و ناخودای حزبیش بۆ پژمەیەك ببرێتە ئەڵمانیاو نەمساو ئەمەریكاو خەڵكیش چاوی دەر ئەهات ، پێمەڵَێ چەند جادەت كردوە پێمبڵێ كەرتی تەندروستی و پەروەردەت چۆنە .
نەوت و غاز هی حزب نیە، بەڵام حزب خەڵكی پێدەكڕێت ، حزب جباوازی پێدەكات ، حزب دەتوانێ لادێی پێ بكاتە شارو شاری پێ لە شاری بخات ، ئەوانە ڕاستین و نكوڵیان لێناكرێت ، حزب زەوی تەخشان و پەخشان دەكات ، شاخیش هەلا هەلادەكات و بە دەستی خۆی دەست دەنێتە بینەقاقای داڕبەڕوو سەوزایی نیشتمان، لە زەوی و زاریش كێی بوێت دەیداتێ و كێشی نەوێت دەیبات بە ناخی زەویدا.
حزب دۆخی حزبی بونی ناچاری ، یان حزبی بوونی ئیجباری دەدات بە سەر هاونیشتمانیداو ئەوەی ئەوەش نەكات، نیشتمانەكەی لێدەكاتەدۆزەخ، وەك بۆ هەندێكی كردوە بە دۆزەخ، باسی بەهەشتی كۆیلەكان و مۆدێلەكان و بەكرێگیراوەكان ناكەم



Post Comment