نێچیرڤان بارزانی: پێشوازی لە پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ دەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە

نێچیرڤان بارزانی: پێشوازی لە پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ دەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە

جار بینراوە: (1.2K)

-

دوێنێ دووشەممە 29ی ئەیلولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی راگەیاند، بەپێی پلانەکە بێت ئەگەر ئیسرائیل و حەماس و لایەنەکانی دیکە جێبەجێی بکەن، جەنگی غەززە کۆتایی دێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئەیلولی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، “پێشوازی لە پلانی گشتگیری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە دەکەم و پێشەنگایەتییەکەی بەرز دەنرخێنم”.

ئاماژەی بەوەکرد، “هانی هەموو لایەنەکان دەدەم کە بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە لە گفتوگۆدا بەشدار بن و رۆحیەتی سازش نیشان بدەن، لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانییەکی درێژخایەن بۆ گەلانی ناوچەکە”.

دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی پلانەکەیان ئاشکراکرد.

ترەمپ رایگەیاند، “پلانەکە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی جەنگێک کە دەیان و سەدان ساڵە بەردەوامە”.

تائێستا حەماس بە فەرمی وەڵامی پلانەکەی ترەمپی نەداوەتەوە، چەندین وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی لەسەر هێڵن لەگەڵیدا تاوەکو رەتینەکاتەوە و ئاشتی لە غەززە بێتە ئاراوە.

بەپێی پلانەکە، دەبێ حەماس چەک دابنێت و هیچ رۆڵێکی لە حکومڕانی غەززەدا نەمێنێت.

بابەتى تر

👤
Live: 19 Today: 61 📊 Click Here