نامەیەکی کراوە بۆ هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، بەتایبەتی مەسعود بارزانی
وەک ئاشکرایە گەلی کورد لە مێژویەکی کۆنەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە نەهامەتیدا دەژی و بەردەوام لەبەردەم مەترسی قڕکردنو جینۆساید دایە. بەداخەوە تەنانەت لە باشوریش پاش نزیکەی ٣٥ ساڵ لە حوکمڕانی هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار ئەگەری ئەم مەترسییەی کەم نەکردۆتەوە، بگرە بەڵایەکی تری بەسەر خەڵکی ئێمەدا هێناوە، بەڵای لە دەستدانی ورەو بێباوەڕی خەڵکی کورد بە دەسەڵاتی کوردی بۆ پارێزگاری لە مافەکانیان لە ئەنجامی گەندەڵی، نایەکسانی لە دابەشکردنی داهات و هەلی کار، نا یەگرتویی هێزە کوردییەکان لە نێو خۆیاندا و بگرە دەست خستنە نێو دەستی هەموو دوژمنێک بۆ وێرانکردنی یەکتری.
دڵنیام خۆتان باش ئەزانن کە خەڵکی کوردستان زۆر دڵشکاو و ناڕازییە لێتان. بەڵام بەڕێزان ئێستا هەلێکی مێژویی گەورە هاتۆتە بەردەستان ئەگەر بتانەوێت کەمێک ئیعتیبار بۆ خۆتان و خەباتی پێشینەی باو باپیرتان بگەڕێنەوەو دڵی ڕەنجاوی کورد بە گشتیو خەڵکی باشوری کوردستان بەتایبەتی لە خۆتان ئاشت کەنەوە.
ئێستا ئەو کاتەیە کە سنوری باشوری کوردستان بکەنەوە بۆ هەمو یارمەتیەکی پێویست بۆ گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و بکەونە گفتوگۆی ئازایانە بەرامبەر ڕژێمی تورکی دڕەندە و بە ڕاشکاوانە و ئازایانە پێیان بڵێن کە ئیتر ئێوەش ئامادەن سنوری باشوری کوردستان بکەنەوە و بە هەموو جۆرێک یارمەتی گەلی کورد بدەن لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕووی سەربازی، چەک، ئازوقە، هاریکاری ئاوارە و بریندارانەوە لە دژی ڕژێمی تیرۆریستی جولانی. چونکە لە داهاتویەکی دوور یان نزیک کاتێک لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی بەڕێزتانەوە عێراق پەلاماری ناوچە سەربەخۆکانی باشور دەدات بە هاریکاری تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەرەب دڵنیا بن ئەوەی دواجار ئەگەر غەمی بێتو بە هانامانەوە بێت تەنها گەلی کوردە لە بەشەکانی تری کوردستان و دەرەوەی کوردستان نە هیچ کەسو وڵاتێکی تر.
هەڵبەت ئاشکرایە کاريکی وا بوێرانە چۆن وەڵام دەدرێتەوە بە تایبەتی لە لایەن تورکیاوە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانن کە دوژمن حیزبی ئازا و بڕیاری ئازایانە لە بەرچاو ئەگرێ نەک سەرشۆڕکردن بۆ هەموو ویستو نیازێکیان لە ناوچەکەیا لە پێناوی هەندێک بەرژەوەندی دەسەڵات و یدا بۆ بنەماڵەکانتان.
بەڕێزان خۆتان و هەموو گەلی کوردیش ئەزانێت سەرکردەکانی ئێوە بەڕێزانی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی هێند دەوڵەمەندن بەشی هەزاران پشتی داهاتوتان، هەرچەند ئەوە خۆشگوزەرانی و پایەیەکی مەزنی بۆ دابینکردوون لە ئێستادا بەڵام سبەی مێژوو بەجۆرێکی تر ناوتان تۆمار دەکات. هەڵبەت هەموو کەس و دەسەڵات و لایەنێک پێی خۆشە و هەوڵی ئەوە دەدات کە ناوێکی جوان لە مێژودا بۆ خۆی تۆمار بکات و قارەمانی ڕاستەقینەی ناو نەتەوەکەی خۆی بێت. دڵنیا بن گەلی کوردیش لە داهاتودا هەروا نەزان و دڵڕەش و نەخوێندەوار نامێنێتەوە، ڕۆژێک دێت کە ئێمەش وەک نەتەوەکانی تر بە دەیان و سەدان مێژوونوسی ڕاستگۆ، نوسەر، هونەرمەند، ئەدیب، مامۆستای پسپۆڕمان دەبێت بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و نوسینەوەی مێژووتان بە ڕاستگۆیی. تکام وایە ئەم هەلە بقۆزنەوەو لە بەردەم گەلی کورد دڵسۆزی خۆتان ئازایانە بۆ کوردان بسەلمێنن.
بانگهێشتی ژنێکی کورد















Post Comment