مەسعود بارزانی و میراتی شکست

مەسعود بارزانی و میراتی شکست

جار بینراوە: (5.8K)

زیرەک کەمال

ئەو سەرۆکەى کە لەنێو کۆشک و شەقامەکانی هەولێر وەک پاشایەکی شارستانی کۆن ڕێ دەکرد، ئەو مەسعود بارزانی یەی کە لەگەڵ خەیاڵ پڵاویەکانى “سەربەخۆیی” و ” ئابووری ” ڕێی دەکرد، ئیمپراتۆریەتەکی  لەسەر شانی ئەو گەلە زەحمەتکێشە بنیاد ناوە کە هەموو ڕۆژێک وەکو مشەخۆر لەسەر گیرفانى هاووڵاتى و حکومەت دەوڵەمەنتر دەبێت. بەڵام من دەپرسم ئایا ئەو کاتەی لەبەردەم مایک قسەى بۆ میدیاکان دەکرد و بە ناوی “بەرگری لە حەقی گەلی کورد”ەوە قسەی دەکرد، بیری لەو موچەخۆرە کردەوە  کە چەندین مانگ مووچەیان نەدراوە؟
ئەمڕۆ کە خەڵکی کوردستان لەگەڵ قەیرانی ئابووری و دواکەوتنی مووچەکان بۆتە مەخسەرە، “بابە مەلا” لەنێو کۆشکەکانی  بە ئاسوودەیی و تەنانەت لە دەرەوەی وڵات چێژ لە ژیان دەبینێت و وەکو ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت لەو میلەتە . راستی چۆن دەتوانێت مرۆڤێک کە نزیکەی پەنجا ساڵ لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتووە، ئەوەندە بێ هەست و بێ شعور  بێت لە ئازاری خەڵکەکەی؟


ڕەنگە وەڵامەکە لەوەدا بێت کە ئەو هەرگیز نەیزانیوە مانای ئەوە چییە کە مرۆڤ بێ نان و ئاو بژی، چونکە ڕۆژێک لە ڕۆژان نە کاری کردووە و نە دەزانێت پێویستیەکانی بەڕێوەبردنی ماڵ چییە.
لە ماوەی حوکمڕانی درێژی ئەم “سەرۆکە سوواوەدا” گەلی کورد شایەتی ئەوە بوون کە چۆن دەسەڵات و سامان لەنێو ئەندامانی خێزانەکەی دابەش کراوە وەک میراتێکی پاشایەتی. کوڕەکانی هەریەکە و لە پۆستێکی باڵادان ، نەوەی نەوەکەشی پلەو پۆستێکیان لەلای خەیاتی تایبەت بۆ دووراوە کە لە مۆزەنبیقیش ئەو نازناو و پلەیە نییە و بەشدار لە کاروباری حکومەت دەکات، و هەموو ئەوانەی یان بە خێزانەکەیەوە هەیە خاوەنی سەرمایە و کۆمپانیان. بەڵام کاتێک خەڵک لە شەقامەکان هاوار دەکەن بۆ مافەکانیان، ئەو لە بەرزە نگای کۆشکەوە  دەڵێت “من بۆ بەرژەوەندی گەل کار دەکەم!” راستی ئەگەر ئەمە بەرژەوەندی گەل بێت، ئەوا گەل چی خراپەی کردووە کە شایەنی ئەم سزایە بێت؟

هەروەها، گرنگە باسی ئەو هەڵوێستە شەرمەزارانە بکەین کە بەرامبەر بە بەغدا وەری گرتووە. جارێک ” فەلتە دەدات ”  بودجەی میلەتێک دەوەستێنێت ، جارێکی تر وەک منداڵێکی لووت شکاو دەگەڕێتەوە لای باوکی   و داوای لێبوردن دەکات. ئایا ئەمە شێوەی ئەو سیاسەتمەدارە مەزنەیە کە گوایە “ڕزگارکەری گەلی کورد”ە؟ ئەو کاتەی خەڵک لە گۆڕەپانەکان بە هاواری “نانمان دەوێت” و “مووچەمان بدەنێ” دەنگیان بەرز دەکرەوە، وەڵام دانەوەی داواکانیان بریتیبووە لە هەڕەشە و ترس و گرتن.


لە کۆتاییدا،دەڵێم ئەگەر مەسعود بارزانی راست دەکات و نایەوێت ئەوەندەی تر خۆی بکاتە بنێشتە خۆشەی دەمی سۆشیاڵ میدیا و کۆمەگا ، با بە یەکجاری لە سیاسەت دووربکەوێتەوە  و ڕێگە بدات بە خوێنی نوێ و بیرۆکەی پێشکەوتوو بێنە پێشەوە. چونکە ئەو میراتەی کە بۆ نەوەی داهاتووی خۆی کۆکردۆتەوە و بەجێی دەهێڵێت، بەشی هەموو گەلی چینیش دەکات .

بابەتى تر

👤
Live: 71 Today: 2,493 📊 Click Here