لەگەڵ شاناز خانی بوێردا دەڵێین بەڵێ لاریمان هەیە!
رۆژی یەك شەممە ١٤/٩/٢٠٢٥ خانمی یەکەمی عێراق خاتو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ، مژدەی دۆزینەوەی پاشماوەی گەرماوی فاتمەخان (حەمامی فاتمە خان)ی راگەیاند لەپشتی حەوشەی سەرا کە بینای تری لەسەر دروستکراوە دوای روخاندنی .
ئەو گەرماوەی کە چەندینجار لە دایکم و ژنە کۆنەکان چیرۆکەکانی مەراسیمی بردنی سینیە مۆمی بوکێ بۆ حەمام و حەوتە حەمام بۆ مناڵی تازە لەدایکبوم بیستوە کە لەو گەرماوەی پشتی سەرای سلێمانی بەڕێوەچوە .
وتەکانی خانمی یەکەمی عێراق لە مەراسیمیەکەدا هەر بە تەنیا باسکردنی پرۆسەی کنە پشکنین و دۆزینەوەی ئاسەواری گەرماوەکەی نەکرد ،بەڵکو پەیامێکی گرنگیشی پێبو تا چیتر یادگارییەکانی مێژوی سلێمانی جاران نەشێوێنرێت بە بیانوی فراوانکردن یا گۆڕینی سیمای سلێمانی کۆن بۆ مۆڵ و باڵەخانەکان . لەو بارەیەوە وتی “رێگەنادەین شوێنی مێژوویی بڕوخێنرێت و بكرێتە مۆڵی بازرگانی، تاوانە گەڕەك و خانووە كۆنەكان بڕوخێنرێن بۆ پرۆژەی بازرگانی”.
بە وتەیەکی گرنگیش کۆتایی هێنا بەقسەکانی کاتێك رویکردە “دەستەی وەبەرهێنان کە بۆ هەمو پرۆژەیەکی نیشتەجێ و بازرگانی نەڵێن لاریمان نییە ، ئێمە لاریمان هەیە” .
شاناز خان قسەی دڵی دەیان هەزار کەسی غەمخۆری سلێمانی و مێژوەکەی و یادگارییەکانی رابردوی نەوەکانی رابردوی کرد . ئەوەش سەرباری دڵسۆزیی و روانینی خۆی بۆ شارەکەمان ، هەم ئەمەکدارییە بۆ روانین و راسپاردەکانی سەرۆك مامجەلال و دادە هێرۆ ، هەم بەدەنگەوە چونی فریاد و هاوارەکانی ئێمەیە کە دەڵێین تێکدانی سیماکانی سلێمانی جاران رابگرن .ئاخر ئەگەر سەرۆك مامجەلال و هێرۆ خان نەبونایە ئێستا سەرای سلێمانیش بەدەردی ئەوان دەچو ، هەرچەندە هێرۆ خان زۆر کۆششی کرد کە بینای مەعاریف و خەستەخانەی مەعاریف نەکرێت بە کاسە مۆڵ ، بەڵام بەداخەوە هەر تێکدرا ، خۆ ئەگەر سەرۆك مامجەلال فریا نەکەوتایە ئەو دەیان باخچەیەی ئێستای گەڕەکەکانی سلێمانی ، هەموی پرۆژەی نیشتەجێ دەبون ، بەڕێزیان فریا نەکەوتایە ئێستا پارکی ئازادییمان نەدەبو ، نەوەکانی دوای راپەڕین مۆنێمێنتی گەشمەرگەکانی رۆژی مەنعەتەجەولەی حوزەیرانی ١٩٦٣ یان نەدەبینی ، نەیان دەزانی ئەم پارکی ئازادییەی ئێستا رۆژگارێك سەربازگە و جێگەی مرۆڤ کوژیی بوە . هێرۆ خان فریا نەکەوتایە ئەمنە سورەکەش نەدەما نەوەکانی دوای ٢٠٠٠ نەیان دەزانی دامودەزگایەکی داپڵۆسێنەر هەبوە باپیر و مام و خاڵ و پور کەسوکاریانی تیادا ئەشکەنجەدراوە و کوژراون .
هەرگیز لە وڵاتانی پێشکەوتودا ، شارو ئاوەدانییەکان بەو جۆرە فراوان و گەورە ناکرێن کە خانوبەرە و بیناکۆنەکان بڕوخێنرێن و ،تەلار و مۆڵ و جادە و شەقامی نوێ یان لە جێگەدا دروست بکرێت ،بەڵکو فراوانکردنەکە لە دەرەوەی شارەوەیە .
ئامانجەکەش ئەوەیە تا مێژوی شارەکان وەك خۆیان بمێننەوە ، ئەو کاتە خەڵکی بیانی و نەوەکانی دواتر ، هونەری بیناسازیی سەردەمی پێشتر و ئێستا بەراورد دەکەن .
ئەوروپا کە بە قاڕەی کۆن و پیر ناسراوە نمونەیەکی زیندوە بۆ پشتیوانیکردنی قسەکانم کە قەدەغە و بڤەیە بینایەک دیوارێکی هەزارساڵەییش دەستکاریی بکرێت و بگۆڕدرێت .
ساڵانی هەشتای سەدەی رابردو لە میانی سەردانم بۆ چەند شارێکی ئێران ئەم راستیەم دەبینی . کەچی لە عێراق نازانم مەرامەکە سیاسیی بو یا نەزانین بو ، هەمیشە بیناو گەڕەکە کۆنەکان تێک دەدران ، ئەوانەیشی تێك نەدەدران پشت گوێ دەخران تا ژیان تیایدا تاڵ بێت . لە ش کە زیاتر مەرامەکە سیاسیی بو دەست نەپارێزراوە ، تەنانەت مەرام و پیلانی روخاندنی قەڵاکەی کەرکوکیش لە ئارادا بو .
ئەو رۆژەی بیناکەی نوری علی (قەسرەکەی نوری علی ) و ریزەدوکانەکەی تەنیشتی روخێنرا ، مێردمناڵ بوم ، بەڵام زۆر غەمبار بوم کە ئەو شوێنە گرنگەی بیناسازیی سلێمانی لە ناوچو . ئێمە لەو سەردەمە هۆکەیمان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە کاربەدەستانی ئەمنیی ترساون لەو باڵەخانەیەوە تەقە لە بینای پارێزگای سلێمانی بکرێت . دواتریش بە بیانوی جیاجیا وەك دروستکردنی ناوچەی بازرگانیی و لێدانی جادە چەندین گەڕەک ئیستملاک کران هی تریش روخێنران . جا ئەگەر بیانوەکە ئەمنیی بوبێت یا پەی نەبردن بە پاراستنی شارەکۆنەکان و نەزانین هەردوکیان کارەساتن و دەست وەشاندن بوە لە گەڕەك و خانوبەرەکانی کە دەبنە مێژوی شاری سلێمانی . ئێستا من هیچ جێگەیەك نەماوە لە گەڕەکی شێخانی ئەسڵی (کە بەداخەوە بوە بە دارەسوتاوەکە) یا لە شەقامی کاك احمدی شێخ و هەندێك شوێنی تری سەرکارێز ، مەڵکەندیی ، کانێسکان و گەڕەکە کۆنەکانی تر کە بچمەوە لایان و یادگارییەکانی خۆمی تیادا ببینمەوە .
بەداخەوە دوای ١٩٩١ هەمان سیاسەت درێژەی درایە ،ئەمجارە زۆر بە خراپتر ، کە شاری گەشتیاریی سەرچناریش دەگرێتەوە . ئەگەر بیانویەک هەبێت گوایە خانوبەرەکانی ئێمە خەسڵەتی ئەوانەی ئەوروپایان نییە هەموی بە قوڕ و خشتی کاڵ دروستکراوە (کە بیانویەکی لاوازە بۆ تێکدانی گەڕەکە کۆنەکان) ، ئەی خۆ بینای مەعاریف و خەستەخانەی مەعاریف قوتانخانەکانی لای فولکەی سجن و زۆری تریش بە بەردو چیمەنتۆ دروستکرابون . مەسەلەکە تەنیا و تەنیا قاچاخچێتیی و گیرفان پڕ کردنە و هیچی تر . توخوا شەقامی بێکەس یا کاک ئەحمەدی شێخ و توی مەلیک یا چەندینی تر ئێستا جوان و دڵگیرن یا چل ساڵ لەمەوبەر ، ئەی سابونکەرانی ئێستا و چل ساڵ لەمەوبەر ؟!. بۆیە ئێمەش هاوڕای شاناز خان دەبین کە دەڵێین لاریمان هەیە لە ئیستملاك کردن و تێکدانی خانو بەرەو گەڕەکە کۆنەکانی شارەکەمان ،لاریمان هەیە لە فراوانکردنی سلێمانی لەسەر حسابی شارە کۆنەکە ،هەرچەندە ئیتر سلێمانی لە هەمو روەیەکەوە لەوە زیاتر بەرگەی فراوانکردن ناگرێت ، لەوە زیاتر بەرگەی ئەو هەمو ژمارەی دانیشتوان و باڵەخانە و مۆڵە ناگرێت .
 
								


 
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                    
Post Comment