لە”کۆناکسا”وە بۆ تاران:مێژووی نەعرەتە وەک ستراتیژێکی مایەپووچ
لە “کۆناکسا”وە کۆناکسا: ئەو شوێنە بوو.، کە هەردوو لەشکری کۆرش و ئەردەشێر تێیدا بە شەڕ هاتن.] بۆ تاران:
مێژووی نەعرەتە وەک ستراتیژێکی مایەپووچ.
ئەو کاتەی کۆڕشی بچووک، کوڕی داریووشی دووەم (پاشای هەخامەنشیەکان) ، لە کۆتایی سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا، لە دوای مردنی باوکی بە هاوکاری لەشکری یۆنانیەکان ئۆردوو کۆدەکاتەوەو دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ئەردەشێری برای کە بوو بە جێنشینی باوکی. لەشکری یۆنانیەکان لە دەوری کۆ دەبنەوە و باسی هێز و قارەمانێتی خۆیانیان بۆ دەکات و لە بەرمبەریشدا باسی لەشکری براکەی دەکات، ئەو دەڵێت: ” لەبەر ئەوەی من لە ئێوە باشتر زانیاریم هەیە لەسەر لەشکری دوژمن پێتان دەڵێم تێکۆشانتان چۆن دەست پێ بکەن، ڕەنگە ئەوان بە ژمارە زۆر بن و هاوار و نەعرەتەی بکێشن و پەلامار بدەن، ئەگەر ئێوە گوێ بەو هاوار و نەعرەتەیەی ئەوان نەدەن، بۆ باقی کردارەکانی تریان، هەست بە شەرمەزاری دەکەم باسی ئەوانتان بۆ بکەم، چونکە ئێوە بە ڕاستی خەڵکی ئەم دەڤەرە ناناسن چ جۆرە بونەوەرێکن، زۆریش ناخایەنێ ئەوەشتان بۆ ڕوون دەبێتەوە”.
ئەم حەکایەتە ئەوە دەر دەخات کە “نەعرەتەی سیاسی” ڕەگێکی مێژوویی قووڵی هەیە، بۆ ئەوان، ستراتیژێکە کە پشت بە شۆکی دەروونی و شێواندنی وێنەی واقیع دەبەستێت، ئەگەرچی ئەمە لە کورت مەودادا وەک “هەژموون” دەردەکەوێت، بەڵام لە دوور مەودادا دەبێتە جۆرێک لە خۆخەڵەتاندن و دابڕان لە باڵانسی راستەقینەی هێز.
هەر لە شەڕی “دوازدە ڕۆژە”وە تا ئەم جەنگەی ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئێران لە ڕێی ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد و دەرکەوتنی سەرشاشەکان و لێدوانی ووتەبێژەکەیان و جەنگی میدیاییەوە، دەیەوێت “سەرکەوتنێکی مەجازی” دروست بکات کە لە واقیعدا بوونی نییە.
ئەم جۆرە مێنتاڵێتیە زیاتر لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک نۆرمێکی چەقبەستوو، هێزێکی زۆری هەیە و وەک سیستمی بیرکردنەوە کۆی ڕەفتاری هێزەکانی دەوڵەتی خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆی و حوکمیان دەکات، “خۆت پێچەوانەی واقیع دەر بخە، بۆ ئەوەی وەک براوە دەرکەوی”. ئەو ووڵاتە داروپەردووی لەبەر یەک هەڵوەشاوەتەوە، تا ئەم ساتە زیاتر لە (٩٠٠٠) هێرش کراوەتە سەری و وێران بووە، کەچی هێشتا هەر نەعرەتە دەکێشن و وای نیشان دەدەن کە ئەوان باڵادەستن و باڵانسی هێز بە باری ئەواندا شکاوەتەوە، ئەمەش تەنها سەرکەوتنێکی مەجازی و شکستێکی واقیعیە.
دەرەنجام، چیرۆکی کۆڕشی بچووک و نەعرەتەکانی ئەردەشێر، وانەیەکی مێژووییە بۆ هەر عەقڵێکی سیاسی کە دەیەوێت بە “هەژموونی مەجازی” ڕووبەڕووی “واقیعی سەربازی” ببێتەوە. ئێرانی ئەمرۆ، لە نێوان کانی زیرەکی دەستکرد و هاواری ووتەبێژەکانیدا، خەریکی دووبارەکردنەوەی هەمان شکستی کۆناکسایە؛ ئەو شوێنەی کە تێیدا هاوار و نەعرەتەکان نەیانتوانی ڕێگری لە کوژرانی کۆڕش و هەرەسی خەونەکانی بکەن. جەنگ لە سەدەی بیست و یەکەمدا، چیتر مەیدانی “دەنگە بەرزەکان و نەعرەتە” نییە، بەڵکو گۆڕەپانی ئەو “عەقڵە تیژەیە” کە دەزانێت چۆن هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێت.















Post Comment