لێگەڕانایە، با گەلە نووستووەکە هەر لە نووستندابوایە؛ نیپال بە نموونە
مامۆستا ئێرک دایۆبەر، مامۆستای زانستە مرۆییەکان لە زانکۆی مینیسۆتا، ساڵی ٢٠١٨ قسەیەکی کرد، ئێستاش لە گوێمدا ئەزرنگێتەوە، کاتێک وتی؛ (نهێنی و سیحری سۆشیال میدیا لە وەدایە ، گەلە ژێردەستە کان ئەنوێنێت و بەخەوێکی قوڵیاندا دەبات، ناعەدالەتی لەنێو گەلە نادیموکراتەکان و تەنانەت دیموکراتەکانیش، وەک ماری سڕبوو لێدەکات و سڕی دەکات).
قسەکانی وانەیەکی تەواوی پێوە بەسەربرد، لەنێو چەلەحانێیەکی توندی نێو خوێندکارەکاندا، بەشێکی زۆر لە خوێندکارەکان وایان نیشاندا کە سیحری سۆشیال میدیا هێندە توندە، لە ئۆپیم-ئوفیون توندتر. بەرزبوونەوەی دەنگ دژی ناعەدالەتی نێو کۆمەڵگە سڕدەکات، خەڵک بێهۆش دەکات، ئەخەون و لەخەوێکی قوڵدا دەبن، ئەو وڵاتانەی دەسەڵاتێکی ناعادل و گەندەڵ بەڕێوەی دەبن ، باشترین چەکیان بەدەستەوەیە بۆئەوەی میللەت زیاتر بنووێت، ئەویش سۆشیال میدیایە، دەسەڵاتی زیرەک لەنێو ئەو میللەتانەدا، ئەتوانێت بەئاسانی بەم چەکە پارێزگاری لە دەسەڵات و مانەوەی خۆی بکات ، ئەویش بە دابینکردن و فەراهەمکردنی بەشێوەک کە بە ئاسانی بگاتە دەستی گەنجان.
ئەتوانین بڵێین قسەکەی مامۆستا ئیرک تەواو و هاوتەریبە لەگەڵ روودای راماڵینی دەسەڵاتی نادادپەروەری نیپاڵ لەلایەن خەڵکەوە، گەنجانی نیپال بەهۆی سۆشیال میدیاوە لە خەوێکی خۆشدا بوون، بێهۆشکرابوون، کاتێک دەسەڵاتی سیاسی ئەم ئۆفیونەی لێبڕین، خەبەریان بۆوە، کاتێک دەسەڵاتی نیپال بڕیاری بڕینی ئەم ماددە بێهۆشکەرەیدا کە ئینتەرنێت و بەدوایدا سۆشیال میدیایە، گەنجەکان خەبەریان بۆوە و ئەوەی لێکەوتەوە، کە بووە وانەیەک بۆ تەواوی دەسەڵاتدارە ناعادیلەکان.
رەنگە قسەکەی مامۆستا ئیرک تا رادەیەک راست بێت، کاتێک نارازییەکان لە هەرێمی ئێمە لە سەردەمی پشکۆدا بوو، وردە وردە بەناوی ئازادی دەربڕینەوە، چەکەکان لەدەستی شەقام سەندرانەوە و درایە دەست میدیای ئەهلی، ماوەیەکی زۆر ناڕەزایەتییەکان لەناو میدیای ئەهلی خەوێنران و دواتریش بە حزبی ئۆپۆزسیۆنی فەیک سڕکران و هیچ رەشەبایەک نەما بۆ گەشانەوەی پشکۆی ناڕازی شەقامی کوردی، ئێستاش ئەوەتا بەتەواوی سۆشیال میدیا تەواوی گەنجی بێهۆش کردووە و ناڕەزایەتییەکانی لە سنووری سکرینێکی بچوکی سەر مۆبایلێکەوە، دوورناکەوێتەوە.















Post Comment