قەیرانی مووچە لە کوردستان: برینە ئابوورییەکان پەڵەی دەروونی بەرهەم دەهێنن

قەیرانی مووچە لە کوردستان: برینە ئابوورییەکان پەڵەی دەروونی بەرهەم دەهێنن

جار بینراوە: (1.2K)

“مووچە دیاری و چاکەیەک نییە، بەڵکو مافێکی سروشتییە کە گەرەنتی کەرامەتی مرۆڤ دەکات”

لە سەروبەندی پێنانە نێو ساڵی (٢٠٢٦)، فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی دیمەنێکی دووبارەبوونەوەی چاوەڕوانی و نائومێدی دەبنەوە. مووچەی مانگەکانی (١٠ و ١١ و ١٢) لە ئاڵۆزییە سیاسی و ئابوورییەکاندا گیری خواردووە و چارەنووسی ئەم سێ مووچەیە بەنادیاری ماوەتەوە، لە کاتێکدا مووچە لە ژمارەیەکی تەنیا سەر هەژماری بانکییەوە گۆڕاوە بۆ هێڵێکی ژیان کە کەرامەت و سەقامگیری بۆ خێزانەکان دابین دەکات.

هەر هەواڵێک سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێم لەسەر دابەشکردنی مووچە، بووەتە مانشێتی پەخشی هەواڵ و دەزگاکانی راگەیاندن، بووەتە تەوەری گفتوگۆ لەسەر پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا، هەندێکجاریش ئامرازێکە کە بە ئاگاداری یان نائاگادارانە، بۆ گرژکردنی دەمارەکانی فەرمانبەران و ماندووکردنی دەرونییان بەکاردێت. لەوەش خراپتر، هەموو ئەم قەیرانانە هاوکاتن لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و سەپاندنی باج و رسوماتی ی حکومەت و کەڵەکەبوونی پسوڵەی فەرمی بۆ پارەی ئاو و کارەبا، فەرمانبەران گیریان خواردووە لە نێوان چەکوشی داهاتی لەدەستچوو و سەبەتەی زیادبوونی خەرجییەکان.

ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات ناتوانرێت لە دواکەوتنێکی دارایی کاتی تەنها کورت بکرێتەوە؛ قەیرانێکی ئاڵۆزە کە لەگەڵ رەهەندە ئابووری و دەروونی و دامەزراوەییەکان تێکەڵ بووە، کاردانەوەکانی بەجێدەهێڵێت، کە رەنگە بۆ نەوەکانی داهاتوو درێژببێتەوە.

ئاستی یەکەم: کاردانەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی – نوقمبوون لە هەژاریدا

دەستبەجێترین و دیارترین دەرئەنجامیش داڕمانی ئابووری خێزانە مووچەخۆر و فەرمانبەرە میرییەکانە. باسەکە چیتر لەسەر کەمکردنەوەی شتە رووکەش و جوانکارییەکان نییە، بەڵکو لەسەر وازهێنان لە پێداویستییە سەرەتاییەکانە. چیرۆکەکان زۆرن لەو خێزانانەی کە سەردەمانێک چینی مامناوەند بوون، دوای ئەم قەیرانە درێژخایەنە ناچار بوون منداڵەکانیان لە قوتابخانە ئەهلیەکان بکێشنەوە و لە داهاتووی پەروەردەیی کە هیوایان بۆ دەخواست، بێبەشیان بکەن، نەک بەهۆی نەبوونی هۆشیارییەوە، بەڵکو بەهۆی توندی بارودۆخەکانیانەوە. ئەم دابەزینە لەناکاوە نەک هەر ئاستی ژیان دادەبەزێنێت بەڵکو پێگەی کۆمەڵایەتیش دەشکێنێت و برەو بە هەژاری دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی بچووکبوونەوەو سنوردارکردنی و بازاڕی نێوخۆیی و خاوبوونەوەی گشتی ئابووری. ئازارێکی و سەخت و برینێکی دەروونی قوڵە، کاتێک دایباب ناچارە بۆ منداڵەکانی روونبکاتەوە کە ئیدی بەهۆی بێ مووچەیی و دواکەوتنی مووچە زۆر شتیان لەدەست نایەت!

ئاستی دووەم: لێکەوتەی دەروونی – ئازاری نەبینراو کە هەڕەشە لە شیرازەی خێزان دەکات

تاوانی بێدەنگ لێرەدایە. ئەو گوشارو تەنگەژە دەروونییە بەردەوامەی کە لە ئەنجامی نادڵنیایی داراییەوە دروست دەبێت، هێزێکی تێکدەرە کە تەندروستی دەروونی فەرمانبەران تێکدەدات. جەستە دەبێتە کارگەیەکی هەمیشەیی بۆ بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکانی فشار وەک کۆرتیزۆڵ، ئەمەش دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و کەمخەوی و خەمۆکی. لەگەڵ درێژەکێشانی قەیرانەکەدا، فەرمانبەران بەرەوڕووی ئەو شتە دەبنەوە کە لە دەروونزانیدا بە شەکەتی و ماندووبوونی دەروونی ناسراوە، لەوێدا وزەی دەروونی خۆیان لەدەست دەدەن و نوقم دەبن لە حاڵەتێکی بێهودەیی و بێهیوایی.

ئەم دۆخە نالەبارە بە چێندراوی قەتیسی نامێنێتەوە؛ وەک هەست و سۆزی نەرێنی و توندوتیژی لەناو خێزانەکەدا دەتەقێتەوە و هەڕەشە لە ئاسایشی خێزان دەکات و پیرۆزترین یەکان ژەهراوی دەکات. ئەو بەخێوکارە فەرمانبەرە کە بڕیارە پایەی خێزانەکەیان بێت، بەهۆی ئەو تەنگەژەو گوشارە زۆرانەوە دەگۆڕێت بۆ بارستاییەک لە توڕەیی و بێدەسەڵاتی، کەشێکی ناتەندروست بۆ گەشەکردنی منداڵ و سەقامگیری ژیانی هاوسەرگیری دروست دەکات و نەوەیەکی نوێی دێنێتە بەرهەم، لەسەر ترس و بێبەشی پەروەردە بووە لەبری ئاسایش و ئارامی دەروونی.

ئاستی سێیەم و مەترسیدارترین: لێکەوتەی دامەزراوەیی – وەرینی ئەخلاقی کارکردن و داڕمانی خزمەتگوزاری گشتی.

ئەمەش گەورەترین هەڕەشەی ستراتیژییە لەسەر خودی بوونی ئیدارە و حوکمڕانی لە ناوچەکەدا. لە هەوڵێکی مرۆیی بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی فەرمانبەران، هەندێک لە بەڕێوەبەران پەنا دەبەنە بەر پێدانی جۆرە ئیمتیازاتێکی ناچار، وەک چاوپۆشیکردن لە ئامادەنەبوون و دەوام کردن یان کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن. بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی قەیرانەکەدا، ئەم “مۆڵەت و چاولێپۆشی کردنە کاتییانە” دەگۆڕدرێن بۆ خوویەکی چەسپاو و کولتوورێکی نوێی کارکردن کە لەسەر بنەمای بێهێزی و بێباکی و دابەزینی ئەدای کاری دامەزراوەکان. ئەم وەرچەرخانەی ئەخلاقی کارکردن لە سنووری فەرمانگە حکومییەکاندا ناوەستێت؛ راستەوخۆترین و توندترین کاریگەرییەکەی دەکەوێتە سەر هاووڵاتییەکی ئاسایی. مامەڵەکان خاو دەبنەوە، خزمەتگوزارییەکان تا وەستان و خولگەیەکی بێزاری بەکۆمەڵ دەست پێدەکات. لەم زەمینە بەپیتانەی نائومێدی و پێویستیدا، بەرتیل وەک ئامرازێک بۆ “خێراکردن”ی رێکارەکان گەشە دەکات و هەندێک لە کارمەندانی بێهیوا پەنا دەبەنە بەر ئامرازی نایاسایی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، ئەمەش زیاتر سیستەمی کارگێڕی دەڕووخێنێت.

هەروەها ناتوانرێت چاوپۆشی لە کاریگەریی رابردووەکانی قەیرانەکە بکرێت لەسەر کەرتی پەروەردەی گشتی، کە لێرەو لەوێ مانگرتنی پچڕپچڕمان بینی، نابێت ئەوەش نادیدە بگرین کە بەردەوام بوونی ئەم قەیرانە نەخوازراوە ئاسایشی دەروونی مامۆستاکانیشی خستۆتە و مەترسی, هەموو ئەمانە کاریگەری لەسەر داهاتووی تەواوی نەوەیەک دروست دەکات، سووڕێکی خراپەکاری نەزانی و دواکەوتوویی دروست دەکات کە کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتووی تەواوی ناوچەکە دەبێت. بەگشتی تەندروستی دەروونی و ئاسایشی دەروونی لەشوێنی کارو فەرمانگە میرییەکان لە ئێستادا بوون و سەقامگیرییەکەی لە مەترسیدایە؟ هەرچی زووە دەبێت دروشمێکی نوێ و واقیعی بگرینەبەر ئەویش: “پێویستی پاراستنی تەندروستی دەروونی فەرمانبەران بە دەستەبەرکردنی سەقامگیری دارایی و ژیانیان” کە دەبێت دروشمی ھەردوو حکومەتی ناوەندو ھەرێمیش بێت.

دەرەنجام: بانگەوازێک بۆ ویژدان و بەرپرسیارێتی

قەیرانی مووچەی هەرێمی کوردستان زیاترە لە کێشەیەکی دارایی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم لەسەر سەرچاوەی نەوت و گاز، تێکەڵ بە دەستوەردانی دەرەکی و هەرێمایەتی. پێشێلکردنی هەموو لایەنەکانی ژیانە. بۆمبێکی کاتییە کە لە ئابووری خەڵک و لە مێشکیان و لەو دامەزراوانەدا دەتەقێتەوە کە بڕیارە خزمەتیان بکەن. چارەسەری تەکنیکی بۆ کێشەی دارایی ناسراوە، بەڵام ئەوەی بەڕاستی پێویستی بە چارەسەرکردنە، ئەو برینە دەروونیانەیە کە بەسەر هەزاران کارمەنددا هێنراوە وخەریکە دەبێتە هۆی وەرینی کولتوری دامەزراوەیی . کۆتاییهێنان بەم ئازارە چاکەیەک نییە لەلایەن کەسەوە؛بەڵکو پاراستنی مرۆڤایەتی و پاراستنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکانیان، ئەمەش ئەرکێکی بنەڕەتی و ئاکاریە.

لێرەدا زۆر گرنگە هەم حکومەتی ناوەندی و هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بیر بخەینەوە کە مێژوو لەو کەسانە خۆشنابێت کە زیان بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان دەگەیەنن. مووچە دیاری و چاکەیەک نییە، بەڵکو مافێکی سروشتییە کە گەرەنتی کەرامەتی مرۆڤ دەکات. پشتگوێخستنی ئەم راستییە تەنیا دەبێتە هۆی دووبەرەکی و ناڕەزایی زیاتر لە سەردەمێکدا کە هەمووان پێویستیان بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی بەهای ئینسانی و شکۆمەندی دەوڵەت.

•دکتۆرا لەدەروونزانی

•بەرێوەبەری سەنتەری راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی EPU

👤
Live: 81 Today: 951 📊 Click Here