×

فەرحان جەوهەر: پێش هەڵبژاردن پەرلەمان کارا نەکرێتەوە پێکهێنانی حکومەت دەکەوێتە مانگی 3ـی ساڵی داهاتوو

فەرحان جەوهەر: پێش هەڵبژاردن پەرلەمان کارا نەکرێتەوە پێکهێنانی حکومەت دەکەوێتە مانگی 3ـی ساڵی داهاتوو

جار بینراوە: (1.1K)

_

فەرحان جەوهەر، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، “کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە ناکاو نەبوو، دەمێکە بڕیاربوو کۆبوونەوەکە بکرێت، بەر لە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ پاریس بڕیاری لێ درابوو، بەڵام دەمێکە بڕیاری لێ درابوو. دڵنیام کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ بووە چونکە لە ئێستادا مەلەفی زۆر گرنگ لە پێشمانە، وەک هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت.

فەرحان جەوهەر لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت: پارتی و یەکێتی بەردەوام ناکۆکی سیاسییان هەیە، بەڵام ئەم کۆبوونەوە بەرەوپێشچوونێکی زۆر باش دەبێت.

سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتیش دەڵێت: دوای هەڵبژاردن حکومەتی هەرێم پێکدێت، بەڵام بڕیارە پێش هەڵبژاردن پەرلەمان کارا بکرێتەوە، چونکە ناکرێت ئێستا حکومەت پێکبێت، چونکە ئەو وادە یاساییەی پێویستە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و راسپاردنی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان، لەبەر دەستدا نییە.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەگەر پەرلەمان کارا بکرێت، نابێت بکەوێتە ساڵی داهاتوو، بەڵام پێش هەڵبژاردن پەرلەمان کارا نەکرێت، رەنگە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەوێتە مانگی 3ـی ساڵی نوێ و دوورتریش بڕوات.” 

بە وتەی فەرحان جەوهەر، لای پارتی، “پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتییە  سەرۆکی هەرێم و حکومەت بۆ پارتییە.”

وتیشی: دوای هەڵبژاردنی عێراق، رێککەوتنەکان دەبنە یەک پاکێج چونکە لێرە و لە بەغداش پۆست دەبێت، بۆ نمونە لە بەرامبەر پۆستی سەرۆکی هەرێم، پۆستی سەرۆکی کۆماریان پێدەدرێت.

سەبارەت بە متمانەی نێوانیشیان لەگەڵ یەکێتی رایگەیاند، “هەر بۆیە پێکهێنانی حکومەت دواخراوە، بۆ ئەوەی هەموو رێککەوتنەکان بە یەک پاکێج بن، چونکە پێشتر ئەو متمانە لەنێوان پارتی و یەکێتی نەبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە، بابەتی لالەزار و کاک لاهوور بە ناوخۆی یەکێتی و خێزانەکەیانەوە هەبوو، بەڵام پارتی دەستێوەردانی لە ناوخۆی یەکێتی نەکردووە و هەڵوێستی ئەرێنی بوو، بۆیە ئەمە وا دەکات متمانەی زیاتر هەبێت.”

جەختیشی کردەوە کە، “بانگەشەی هەڵبژاردن تووند دەبێت، بەڵام بە کۆبوونەوەکانەوە نییە. بەڵام جاری پێشووی نەگەیشتبووە هێڵە سوورەکان، جەنابی سەرۆک بارزانی لای ئەوان (یەکێتی) هێڵی سوور بوو، بۆیە ئەم هێڵە گشتییانە دەپارێزرێت، حەملەی پارتی ڕووی لە یەکێتی و دەبێت و هی ئەوانیش ڕووی لە پارتی دەبێت، ئەمە سیاسەت و بانگەشەیە. سروشتەکە خۆی وایە و هیچی دوژمنداری کەسیی نییە.”

بابەتى تر

👤
Live: 79 Today: 1,531 📊 Click Here