فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه: بۆ پاراستنی ژێرخانی هه‌رێم، سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانیمان پێ بده‌ن

–
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 27ی تشرینی دووه‌می 2025 فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئامانج له هێرشكردنه‌سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر، لێدانه له ژێرخانی ئابووری، خزمه‌تگوزاریی گشتی و وه‌به‌رهێنانی نێوده‌وڵه‌تی.
فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه نیگه‌رانیی قووڵی خۆی نیشان داوه له‌وه‌ی كه پێشتریش هێرشی له‌م شێوه‌یه كراوه‌ته سه‌ر هه‌رێم و سه‌ره‌ڕای ئاشكرابوونی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كرده‌وه‌كانیان ئه‌نجام داوه، هیچ ڕێكارێكی پێویستیان به‌رانبه‌ر نه‌گیراوه‌ته به‌ر.
داواش له حكومه‌تی فیدراڵی عێراق ده‌كات “ئه‌مجاره به جددی به‌دواداچوون بكات و تاوانباران به سزای خۆیان بگه‌یه‌نێت تا ڕێگری له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م تاوانانه بكرێت.
له به‌شێكی تری راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رووی ده‌می ده‌كاته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نووسیویه‌تی: “ئاسایشی هه‌رێم به‌شێكی دانه‌بڕاوه له ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی جیهان”، داواكاریشه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وێڕای سه‌ركۆنه‌كردنی ئه‌و كرده‌وانه، سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانی بۆ هه‌رێم دابین بكه‌ن تا بتوانرێت پارێزگاری له سه‌قامگیری و ژێرخانی وزه بكرێت.
هاوكات داوا ده‌كات وڵاتانی جیهان له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه دیپلۆماسییه‌كانه‌وه فشار بخه‌نه سه‌ر به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌و گرووپانه بكات و چیتر نه‌یه‌ڵن له‌ژێر هیچ پاساوێكدا ده‌ستدرێژی بكرێته سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رچاوه‌كانی وزه.















Post Comment