×

عەلی باپیر: خەڵک هەژارە و دەسەڵاتدرانیش فڕۆکەی تایبەتیان هەیە و پارەی خەڵکیان بردووەتە دەرەوەی هەرێم

عەلی باپیر: خەڵک هەژارە و دەسەڵاتدرانیش فڕۆکەی تایبەتیان هەیە و پارەی خەڵکیان بردووەتە دەرەوەی هەرێم

جار بینراوە: (61)

-

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایدەگەیەنێت، چاوهڕێی خێر له دهسهڵاتدارانی ههرێم ناكرێت، ئاماژە بەوەشدەکات، لە هەرێمی کوردستان حکومەت و پەرلەمان شکۆی شکێندراوە.

عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵی پەیام رایگەیاند، “لە هەرێمی کوردستان حکومەت و پەرلەمان شکۆی شکێندراوە، ئێمە راستمان کرد کە بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانمان کرد و بڕیارماندا بەشداری پێکهێنانی حکومەت نەکەین”.

ئاماژەی بەوەکرد، “من پێم سەیرە پەرلەمانتارەکان بەبێ ئەوەی کاری پەرلەمانتاری بکەن چۆن مووچە وەردەگرن و چۆن پێی مورتاحن”.

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، “لەگەڵ ئەوەداین هەرێمی کوردستان یەکی تەندروستی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت”، دەشڵێت، “دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر کورتبینن و بەرژەوەندیی کەسی زاڵە بەسەریاندا”.

باسی لە ریفراندۆم کرد و وتی، “کاتی ریفراندۆمەکە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەوایەکییان کەوتە کەلـلە وایان دەزانی بوونە دەوڵەت و دەیانوت دەبینە دوو دراوسێی باش لەگەڵ عێراق، هەر بۆ رۆژی دواتر بە عێراقیان دەوت دەرگای وتوێژ دامەخەن”.

وتیشی، “چاوهڕێی خێر له دهسهڵاتدارانی ههرێم ناكرێت، هەرکەسێک چاوەڕێی خێر لە دەسەڵاتی هەرێم بکات بەهەڵەدا چووە”.

عەلی باپیر جەختی لەوەشکردەوە، “پەرلەمانی عێراق گرنگە و یاسادانان و پەسەندکردنی بودجە یەکلادەکاتەوە، هەر لە پەرلەمانەوە متمانە بە کابینەی نوێی حکومەت دەدرێت”.

باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق کرد و ئاماژەی بەوەدا، “هەڵبژاردنی ئەمجارە گرنگە، چونکە پرسی مووچە و نەوت چووەتە بەغدا”، هەروەها باسی لەوەکرد، “ستراتیژی پارتی و یەکێتی ئەوە نەبووە کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن”.

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رەخنەی لە حکومەتی هەرێم گرت و وتی، “پرۆژەی حکومەتە و کەچی بۆ بانگەشەی حزبی خۆی پێ هەڵدەکێشێت”.

باسی لەوەشکرد، “ئەگەر ئەم دۆخەی ئێستا هەرێم باش بەڕێوەبردن بێت، ئەی خراپ بەڕێوەبردن چۆنە؟، خەڵک هەژارە و دەسەڵاتدرانیش فڕۆکەی تایبەتیان هەیە و پارەی خەڵکیان بردووەتە دەرەوەی هەرێم”.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو کەسانەی دەچنە پەرلەمانی عێراق دەبێت کەسانی پسپۆڕ و شارەزابن، هەروەها دەبێت نوێنەرانی کۆمەڵ ئاگایان لە ئیمان و عەقیدە و رەوشتی خۆیان بێت”.

بابەتى تر

👤
Live: 33 Today: 59 📊 Click Here