شوناس..گرفتی پێناسە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوچەرخدا
تا ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەر دەستەواژەیەکی یەکگرتوو سەبارەت بە مافی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەی بازنەی زۆربەی حوکمران لە دەوڵەتی نەتەوەییدا رێک نەکەوتووە. بەشێک لە نەبوونی ئەو رێکەوتنە بۆ فرەبوونی ئەو پێکهاتانە لە بواری چەندایەتی، و چلۆنایەتی و شوناسدا دەگەرێتەوە.
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دەستنیشانکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا تا ئێستا بەرجەستەبوونی رێکەوتن و سازشی دیاردەی درووستبوون و بەردەوامبوونی مۆدیلی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی دوای رێکەوتننامەی ویستفاڵیایە کە لە ساڵی 1648 دا کۆتایی بە شەڕی نێوان ئاینزا کرستیانییەکان لە ئەوروپا و بە ڕۆڵی سیاسیی کەنیسە هێنا، و پرنسیپی سەروەری دەوڵەتی نەتەوەیی و دەستێوەرنەدان لە کاروباری سنوری دەوڵەتانی ئۆروپای درووست کرد.
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوچەرخ و دەوڵەتی نەتەوەیی بەردەوام کاری کردوە بۆ سنووردانان و دەستنیشانکردنی ئاست و ناوەڕۆکی داواکاری ئەو پێکهاتانە لە رێگای ئەوەی کە چەمکی مافی مرۆڤ و تاکەکەس لە جیاتی مافی تاکە کەسێکی ئەندامی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی خاوەن کەلتوری تایبەت دا بێت، و جێبەجێکردنی مافی ئەو پێکهاتانەی بە هەڕەشە لە سەر بوون و بەردەوامبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی داناوە.
لە بواری فرەکەلتوریدا کە لەم بابەتەدا لە جیاتی دەستەواژەی “میڵتی کەلتوری لیبراڵی” بەکاری دەهێنم، ژمارەیەک پێکهاتە لەو بازنەیەدا واتە فرە کەلتوری کۆدەبنەوە کە کۆمەڵگای فەرمی نێودەوڵەتی بە مافی کەمایەتی ناوی دەبات.
هەر لە بازنەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییە کەلتورییەکانی بەدەر لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی زۆربەی حوکمران لە دەوڵەتی نەتەوەییدا، کۆمەڵێک دەستەواژەی دیکە بەکاردێت و هەر یەک لەوانە ئاستەمە لە نێو مافی کەمایەتییەکان کۆبکرێتەوە لە کاتێکدا پێکهاتەی کۆمەڵایەتی زۆربە بەردەام بە ژمارە دەستنیشان کراوە و هەندێ جاریش کەمایەتییەک بە ژمارە ڕۆڵی زۆربەی بینیوە، وەک حوکمی سپی پێستەکان لە ئەفەریقیای باشور لە سەردەمی سیستمی ئەپارتاید، و حوکمی کشتالییەکان لە ئیسپانیا کە خۆیان بە سەر دەوڵەتدا سەپاند، و لە عێراقیشدا حوکمی سوننە لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاق تا ساڵی 2003دا.
هەرچەندە کارکراوە کە دەستەواژەی “مافی فرەکەلتوری” بە فراوانی بۆ داڕشتنی جۆرە سیاسەتێک بەکار بێت کە ئاستێک لە دانپێدانانی گشتی و پشتگیریکردنی ناوەندێکی بەرفراوانی کۆمەڵگە ڕەگەزییە کەلتورییەکانی دەرەوەی بازنەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتدار، و مافەکانیان دابین بکات، بەڵام هەر جۆرە پێکهاتەیەک لەو ناوەندە فراوانە شوناس و تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئەندازەی داواکارییەکانیشیان لە یەک ئاستدا نین.
لە چوارچێوەی پێکهاتەکانی دەرەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ناوەندی دەسەڵات لە دەوڵەتی نەتەوەییدا ڕچاوی دەستەواژەی کەمایەتییە کۆنەکان.. کەمایەتییە نوێکان وەک پەناهندە و کۆچبەرەکان .. کەمایەتییە سەقامگیرەکان و دانیشتوانی ڕەسەن، دەکرێت.
هەڵبەتە هەر یەک لەو دەستەواژانە پێناسەی خۆی هەیە و ئەندامانی ئەو پێکهاتانە بەوە قایل نابن کە هەر هەموویان بە کەمایەتی بناسرێن. بەشێکی فراوان لە تاکە کەسی ئەو گروپانە نایانەوێت تەنها لە چوارچێوەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و تاکە کەسیدا تەماشای مافەکانیان بکرێت، بەڵکو لە هەمان کاتدا وەک تاکە کەسێک و مرۆڤێک کە بەشێکن لە چوارچێوەی و لە نێوەندی شوناسێکی هاوبەش و تێکەڵاو لە گەڵ پێکهاتەیەکی کۆمەڵگایی، و کاردەکەن کە لە چوارچێوەی ئەو پێکهاتەیە مافەکانیان دابین بکرێت و خۆیان بە بەش و نوێنەری ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییە دەزانن و مافە ڕەواکانیان وەک تاکە کەس بە بەشێکی جیانەکراوە لە مافی بە کۆمەڵی پێکهاتەکە دەزانن.
بە شێوەیکی کردەیی ناکۆکی لەسەر پێناسەکردنی دەستەواژەی کەمایەتی و مافەکانی هەیە. بۆ نموونە لە بەریتانیا دەستەواژەی کەمایەتییەکان تەنها بۆ ئەو پێکهاتانە بەکار دێت کە بە نوێی کۆچیان بۆ ئەو وڵاتە کردوە، و بەتایبەتی ئەگەر ئۆسکوتڵەندا و ویلز بە نموونە بهێنینەوە دەستەواژەی کەمایەتی بە ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەی کە میژووی دێرینیان لە دەوڵەتدا هەیە، ناوترێت، بەڵام لە ئۆتریش پێکهاتەی دێرینی وەک سلۆفینستەکان بە کەمایەتی دادەنرێن. لە هەمان کاتدا دانشیتوانی ڕەسەن لە زۆربەی وڵاتان بە دەستەواژەی کەمایەتی قایل نین، و ئەگەر بڕوانینە ئۆسکوتڵەندا و ویلز ئەوا خۆیان بە گەل یان نەتەوە دادەنێن.
سەبارەت بە دابینکردنی مافەکانی ئەو پێکهاتانە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کۆمەڵێک دەستەواژەی جیاواز بەکار دەهێنرێت، لەوانە: مافی کەمایەتییەکان، سیاسەتی هەمەچەشنی، ڵێکۆلینەوەی کەلتوری، مافی کەلتوری، تێکەڵبوونی کەلتوری، خۆگونجاندن..هتد.
لە گی نێودەوڵەتی هاوچەرخدا ناڕوونییەک نێوان مافی دانیشتوانی ڕەسەن و مافی کەمە نەتەوەییەکان درووست بوو. بەشێک لە هۆکاری ئەم ناڕوونییە بۆ ئەو ڕەفتارە نامرۆیانە و بەدڕەوشتانە دەگەرێتەوە کە کۆلۆنیالیستە ئۆروپییەکان دژ بە دانیشتوانی ڕەسەن لە ئەمەریکا و ئۆستراڵیا و نیوزلەندا، و ئەمەریکای باشور ئەنجامیان دا، و لە ئاکامدا دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو ناوچانە زۆر چەوسانەوە و بە لاوازی دەرکەوتن و زیاتر پێویستییان بە پاراستن هەبوو.
جیاوازی نێوان داواکاریی کەمە نەتەوەییەکان و داواکاری دانیشتوانی ڕەسەن لە بواری مافەکاندا لە چەند خاڵێکدا بە دی دەکرێت لەوانە:
ـ ئاراستەی زۆربەی کەمایەتییەکان خۆگونجاندنە و کار بۆ خۆتێکەڵکردنە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەتە، لە کاتێکدا دانیشتوانی ڕەسەن کار بۆ سەربەخۆیی دامەزراوەکانی خۆیان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەکەن.
ـ کەمایەتییەکان جەخت لە سەر مافە تاکە کەسێکان و چوارچێوەی مافی مرۆڤ دەکەنەوە، لە کاتێکدا دانیشتوانی ڕەسەن دەڕواننە پەیڕەوکردنی بە کۆمەڵی مافی پێکهاتەکەیان.
ـ ڕۆڵە و ئەندامانی کەمایەتییەکان ناڕواننە جیاکاری و جوداخوازی لە گەڵ پێکاتەی زۆربە و دەسەڵاتدار لە دەوڵەتدا، بەڵام ئەندامانی دانیشتوانی ڕەسەن خولیایان بۆ خودموختارییە.
یەکێک لەو پرسیارانەی کە لەم ستونەدا بە گرنگی دەزانم بە دەستنیشانکردنی شوناسی دۆزی ڕەوای مەسەلەی کوردستانە لە نێو سەرجەم ئەو پێناسانەی دەخرێنە ڕوو.
ئەوەی لە سەد ساڵەی تێکۆشانی ڕەوای بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی ڕچاو دەکرێت، کارکردنی نەیارانی کوردستان و تەنانەت تا ڕادەیەکی بەرچاو کارکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی مامەڵە لە گەڵ بابەتی کوردستان وەک کێشە و گرفت بکرێت، و هەندێ جاریش بە مەسەلە و دۆز ناوبراوە کە بە کوردەوە هەبێت وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی یان وەک نەتەوەیەک، نەک دۆزێک بە کوردستانەوە هەبێت وەک نیشتمان. ئەم ئاراستەیە لە دەستوری عێڕاقی ساڵی 2005دا ڕەنگی دایەوە کە سەرجەم گروپە کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەتی عێڕاقی بە ئاستی جیاوازی شوناسەوە بە پیکهاتە دادەنێت و وشە و دەستەواژەی کەمایەتی بۆ هیچ گروپێک بەکار ناهێنێت، و دانەرانی دەستور پێیان وا بووە بەم جۆرە زۆربەی گرۆپە ئەتنی و نەتەوەییەکان ڕازی دەکەن و بەم جۆرەش بانگەشەی ڕووکەشی بۆ فۆرمێک لە چەمکی فرەکەلتوری لیبراڵی دەکەن.
ڕەنگدانەوەی ئەم ئاراستەیە لە دەستوردا ئەوەبوو کە کوردستان بە عێڕاقەوە لە چوارچێوەی فیدڕاڵی دەستنیشان بکرێت و ئەمەش بەردەوامبوونی ئەم بۆچونەیە کە مامەڵە لە گەڵ مەسەلەی ڕەوای گەلەکەمان وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێو دەوڵەتی نەتەوەیی عێڕاقدا دەکات نەک ئەوەی کە خودی کوردستان نیشتمانە و مافی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی هەیە.
یەکێتی ئۆروپا تا ئێستا لە چوارچێوەی عەقلیەتی سەنتڕاڵیزمی ئۆروپایی داکۆکی لە مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی، و کار بۆ گشتاندنی ئەو مۆدێلە وەک ئەزمونێکی سەرکەوتوو بە تایبەتی لە باری نێوان دەوڵەت و ئەو کەمایەتییە نەتەوایەتییانەی کە تیایدا کۆکراونەتەوە دەکات، و ئەمەش لە بازنەی هەڵبژاردنی نموونەیەکە کە پشت بە فرە کەلتوری دیموکراسی لیبراڵی و پاراستنی سەقامگیری کە مەبەست لێی پاراستنی ئەمن و سەروەری دەوڵەتە، دەبەستێت. هەنگاوەکانی یەکێتی ئۆروپا لەم بوارەدا بە گشتاندنی ئەوەی بە باشترین شێوازی دەزانێت، کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی ئەزمونی خۆیاندا بە پێوەر دانراون، و دوواتر داڕشتنی یاساییان لە دەوڵەتانی دیکەی دەرەوی سنووری خۆیان بۆ بکرێت، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لە پاشماوەکانی ئیمبراتۆریەتە هەڵوەشاوەکانی ڕوسیا سیزاری و پاشتر یەکیتی سۆڤیەت، و ئیمبراتۆری عوسمانی و ئیمبراتۆری نەمساویدا، و لە هەندێ حاڵەتی تایبەتیشدا دەستێوەردانی سنووردار لە چواچێوەی پاراستنی بەرژەوەدییەکانیان بکەن.
گشتاندنی ئەو پێوەرانە لە باڵاترین نموونەی چارەسەر کە خۆی لە حوکمی زاتی هەرێمایەتی کە فیدراَلیش دەگرێتەوە دەرناچێت، و ئەو چارەسەرانە زۆر بە شێوەیەکی سادەیی خراونەتە ڕوو، چونکە پاشخان و تایبەتمەندی مەسەلەی نەتەوایەتی لەو ناوچە فراوانانەی کە چارەسەرەکەی وەک ڕەچەتە و مۆدێل بۆی رەوانە دەکەن، بە هەند وەرنەگرتووە، و ئەوەی ڕچاو نەکردوە کە بارودۆخی پەرەسەندنی ئەو مەسەلانە و پاشخانی مێژوویان جیاوازی هەیە، و ناکرێ دوور لە واقیعی هەر بابەت و مەسەلەیک و ئاستی پەرەسەندنی لە ھەر ناوچەیەکدا، تەنها لە بازنەی مانەوەی قەوارەی ئەو دەوڵەتانە وەک پێوەریێکی ، بیر لە چارەسەری کیشەکان بکرێتەوە، و هەنگاوی پراکتیکی بۆ سەقامگیری بەردەوام مسۆگەر بکرێت.
یەکێک لە گرفتە گەورەکان کە تا ئێستا لۆجیکی لیبراڵی نەیتوانیەوە چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە مەسەلەی یە نێوان ئەمنی نەتەوەیی دەوڵەت و پرنسیپی عەدالەت. ئەمنی نەتەوەیی دەوڵەت خۆی لە پاراستنی قەوارەی دەوڵەت دەبینێتەوە، و بابەتی عەدالەتیش لە جێبەجێکردن و پاراستنی مافی کەمە نەتەوایەتییەکان یان پیکهاتەکان کە مانای کۆتایهاتنە بە هەژمونی نەتەوەی زۆربە یان تایفە و ئەتنیکی زۆربە لە دەوڵەتەدا کە کار بۆ سەروەری زمان و کەلتور و ئاین و ئاینزا خۆی دەکات.
یەکێک لە گرفتەکانی گشتاندنی نموونەی ئۆروپایی بۆ چارەسەرکردنی بابەتی مافی کەمە نەتەوەییەکان بە جۆرێک ئەو نموونەیە خۆی لە یاساکانی وڵاتی دیکە ببینێتەوە، دوو ڕووییە لە پەیڕەوکردنی شێوازی نموونەکان.
بە پێی مۆدیلی لیبراڵی ئۆروپایی باس لە هەمە جۆری و فرەشێوازی چارەسەرەکان دەکرێت، وەک بڵیی ئاستی شێوازی چارەسەرەکان فراوانە. ئەو چارەسەرانە خۆی لە چەندین شێواز دەبینێتەوە، وەک: نوسینی بۆردی شەقامەکان و نیشانەکانی هاتوچۆ بە زمانی کەمە نەتەوایەتییەکان یان پێکهاتەکان، و بوونی قوتابخانەی سەرەتایی بە زمانی کەمە نەتەوایەتییەکان، و داننانی زمانی کەمە نەتەوایەتی بە زمانی فەرمی ، و مافی ڤیتۆ، و خوێندنی باڵا، و حوکمی زاتی هەرێمایەتی.
ئاست و میچی مافدان بە خستنەڕووی داواکارییەکان هەندێ جار و لە هەندێ نموونەدا دەگاتە ئازادی باسکردن و بانگەشەکردن بۆ مافی جیاخوازی بە شێوەیەکی دیموکراسییانە، وەک نموونەی ئۆسکۆتلەندا کە سەربەخۆخوازەکان حوکمی ئەو هەرێمە دەکەن. بۆ نموونە سەرۆک وەزیرانی ئێستای ئۆسکۆتڵەندا لە پێناوی سەربەخۆیی نیشتمانەکەی و جیابوونەوە لە بەریتانیا تێدەکۆشێت، بەڵام کاتێک ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەو وڵاتە کرا هەرچی دەزگا و توانای سەرمایەداری و لیبراڵی بەریتانیا و ئینگلیز هەبوو دژ بە سەربەخۆیی ئەو وڵاتە تەیار کرا و ریکلامیان کرد و خەڵکی ئەو وڵاتەیان لە سەربەخۆیی تۆقاند، و لە ئاکامدا هەڵبژاردەی سەربەخۆیی سەری نەگرت. بەڵام کاتێک گەلی کاتالۆنیا ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کرد و بڕیاری گەل بۆ سەربەخۆیی بوو، حکومەتی ئیسپانیا هێزی بەکار هێنا و سەرکردە سەربەخۆخوازەکانی دادگایی و بەندکرد.
لە مێژووی ئۆروپادا سەبارەت بە مامەڵەکردن لە گەڵ بزافە نەتەوەییە سەربەخۆخوازەکان، تاوانی تیرۆر درایە پاڵ بەشێک لەو بزافانە نەک لە بەر ئەوەی هێز بەکار دەهێنن، بەڵکو لە بەر ئەوەی داوای سەربەخۆیی دەکەن. بەم شێوازە مامەڵە لە گەڵ بزافی باسک و سوپای کۆماری ئێرلەندا کرا.
ئەوەی لە بواری مافی کەمە نەتەوایەتییەکان تەنانەت لە نموونەی ئۆروپا ڕچاو دەکرێت، مەسەلەی تەکیفی یاساییە بۆ مافی کەمە نەتەوایەتییەکان کە سەڕەڕای گشتاندنی نموونەکانی خۆیان و کارکردن بۆ دانانی پێوەری قانونی بۆیان، دابینکردنی ئەو مافانە لە چوارچێوەی قانونی ناوخۆیی نەک نێودەوڵەتی مایەوە، و پرۆژەی و ڕاگەیاندنە هەرێمایەتییەکانیش وەک ڕاگەیاندنی کۆبنهاگن لە ساڵی 1999 تایبەت بە رێکخراوی ئاسایش و هاریکاری لە ئۆروپادا کە بە یەکەمین بەیاننامەی رێکخراوێکی ئۆروپایی دووای هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت دادەنرێت، لە مادەی 36ی دا ئاماژە تەنها بە حوکمی زاتی هەرێمایەتی دەکات، و بەم شێوەیە نموونەی فرەکەلتوری لیبڕاڵی نەیتوانێ مەودایەکی نێودەوڵەتی بە مافی کەمە نەتەوایەتییەکان لە دەوڵەتی نەتەوەییدا ببەخشێت.
ئەم بابەتە واتە مەودای فراوانکردنی مافی نەتەوەیی بەدەر لە نەتەوەی زۆربە لە دەوڵەتدا کە بگاتە مافی بریاردانی چارەنوس بەتایبەتی بە نیسبەت دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانەوە، پێویستی بە سەرلەنوێ تکیفکردنی مەسەلەکە هەیە کە نەک بە یاسای ناوخۆیی دەوڵەت تەماشا بکرێت، بەڵکو لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، و ئەم بۆچونە لە بەشی سێیەمی ئەم بابەتە ئاماژەی پێدەکەم.
گرفتی دیکەی بواری گشتاندنی نموونەی فرەکەلتوری لیبرالی بە گشتگیری نموونەکانی چارەسەرکردنەکانی کێشەی کەمە نەتەوایەتییەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا هەیە، بی ئەوەی ڕچاوی تایبەتمەندی هەلومەرجی ئەو وڵاتانە و مێژووی نەتەوەکان لە گەڵ یەکتردا بکەن کە لە ئاکامی هەرسهێنانی سێ ئیمبراتۆریەت قەوارەی نەتەوەیی و سنووری ئەو دەوڵەتانە گۆڕانکاری جۆراجۆری بە سەردا هاتووە، و نموونەی دەوڵەتی هاوردە بە پێی بەرژەوەندی دەوڵەتە ئیمپریالیستە براوەکانی شەڕ سەپێنراوە، و لە ئاکامیشدا قەیرانی دەوڵەت لە پانتاییەکی فراوانی ئەو دەوڵەتە درووستکراوانە تا ئێستا بەردەوامە.
لە چەند ساڵی ڕابووردوودا دەوڵەتانی ئۆروپا چەندین شاندیان بۆ سەرکردەی نەتەوە جیاوازەکان رێک خست و کاریان دەکرد کە ئەو شاندانە سوود لە شێوازی پەیڕەوکراو لە رۆژئاوادا وەرگرن، و ئەو شاندانە بە ئەرێنی تەماشای ئەو مۆدێلەکانی نێو یەکێتی ئۆروپایان دەکرد، و بە گەرمی باسی یەکتر قەبوڵکردن و بەیەکەوە ژیانیان دەکرد، بەڵام کاتێک ئەو شاندانە بۆ وڵاتی خۆیان دەگەڕانەوە توانای رێکەوتنیان لە سەر گەڵاڵنامەیەکی سادەی لە یەکتر تێگەیشن نەبوو.
کاتێک کە رۆژئاوا دووچاری کۆسپ و گرفت لە گشتاندنی نموونەکانی دەبێت بیانوی ئەوە دەهێنێتەوە کە چارەسەرەکان لە ئۆروپادا بۆیە سەرکەوتوو بووە چونکە کەمە نەتەوایەتی لە ئۆروپادا بەهۆی پرۆسەی مۆدیرنەوە شوناسێکی مەدەنی وەرگرتووە، و لە شوێنەکانی دیکە بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شێوازێکی ئەتنی پشتبەستو بە ڕەچەڵک و هەژمونی هۆز و عەشرەتگەرییەوە هەیە.
ئەم بیانووەش پێچەوانەی گرفتەکانی شوناس و کێشەی نەتەوەیی و کەمایەتییە لە خودی وڵاتانی یەکێتی ئۆروپادا.
لە بابەتی نێوان دەسەڵاتی زۆربە و دەسەڵاتی کەمایەتی لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخدا چەمکێکی سیاسی گرنگ کە لە کۆتاییدا بۆتە پێوەرێک لە هەڵوێست وەرگرتنی هەردوو لایەنی هاوکێشەکە، مەسەلەی نێوان چەمکی ئەمنی نەتەوەیی و چەمکی عەدالەتە.
ئەمەنی نەتەوەیی لە دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخدا بەو نموونەیەی لە ئەزموونی ئەوروپای دووای رێکەوتننامەی ویستفالیا دروست بوو، بریتییە لە پاراستنی ئەمنی دەوڵەت کە بریتییە لای دەسەڵاتداران کە نوێنەری نەتەوە یان تایفە یان پێکهاتەی زۆربەن بە ژمارە، مانەوەی دەوڵەت و پاراستنی سنوورەکەی و ماوەنەدان بە کەرتبوون یان داماڵینی بەشێک لەو دەوڵەتە. ئەم ئاسیشە نەتەوەییە لەم جۆرە دەوڵەتانە دەگاتە پێدانی بەرگی پیرۆزی بە چەمکی مانەوەی دەوڵەت بەو سنوورە کە پێی دروست بووە، و بەم جۆرە چەمکی نیشتمان پەروەری لای پێکهاتە یان نەتەوە یان تایفەی زۆربەی حوکمران لە دەوڵەتدا بریتییە لە پاراستنی ئەو دەوڵەتە و مەشروعیەت دان بە بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی دژ بەوانەی بوونی ئەو دەوڵەتە دەخەنە مەترسییەوە یان کار بۆ جیابوونەوە دەکەن. لایەنێکی دیکەی هاوکێشەکە بریتییە لە چەمکی عەدالەت کە پێکهاتەیەک یان نەتەوە یا تایفەیەک لە دەوڵەتی نەتەوەییدا کەمایەتی پێکدەهێنن و داوای مافەکانی خۆیان دەکەن و بە کۆمەڵ واتە فراوانتر لە مافی تاکەکەس بە بیری لیبراڵی بانگەشەی بۆ دەکات، و چەمکی هاووڵاتیی بۆ دەدۆزێتەوە و دەیخاتە خانەی یەکسانییەوە کە هەندێ جار بە دەستەواژەی دەستوریش ئاماژەی بۆ دەکرێت، بەڵام کاتێک ئەو کەمایەتییە وەک پێکهاتەیەکی مرۆیی کە تایبەتمەندی کەلتوری خۆی هەیە داوای مافە بە کۆمەڵەکەی دەکات کە بەشێکی بریتییە لە مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی، ئەوا ڕستە و دەستەواژەی هاووڵاتیبوون و مافی مرۆڤ بەو سنوورەی کە زۆربە لە دەوڵەتی نەتەوەیی بڕیاری دەدا، بۆ گەمارۆدانی مافی کەمایەتی بەکار دێت، و ئەوەی پێی دەڵێن عەدالەت جێبەجێ نابێت و ئەوەی ڕەوایە بۆ نەتەوەیەک کە زۆربە لە دەوڵەتدا پێک دێنێت ڕەوا نییە بۆ نەتەوەیەکی دیکە کە کەمایەتییە لەو دەوڵەتەدا، و لەم حاڵەتەشدا هەر داواکارییەکی کەمایەتی بە چاوی گومانەوە لەلایەن زۆربەوە تەماشا دەکرێت و زۆر جار لێی کەمدەکرێتەوە و سەروگوێ دەکرێت، و بە شێوەیەکی کردەیی جیاکاری نەتەوەیی دروست دەبێت و چەوسانەوەی ڕوون بە دیار دەکەوێت.
لە عەقلیەتی باوی نەتەوەی زۆربە، کەمە نەتەوایەتییەکان هەردەم مەترسین لە سەر ئاسایشی دەوڵەت، چونکە ئاسایشی دەوڵەت بە پێی بۆچوونی ئەوان بریتییە لە بەردەوامبوونی هەژمونی زۆربە، و بۆیە زۆربە پێی وا یە کە دابینکردن و بەردەوامبوون لە حوکمدا لەوەدایە کە کەمایەتی زۆر بچوک و لاواز هەبێت چونکە دەوڵەتی بەهێز پێویستی بە کەمایەتی بێ هێز هەیە، و هەردەم ئەو زۆربەیە لۆجیکی جۆن ستیوارت مل (1806-1873) بەکارهێناوە کە وتویەتی: کۆمەڵە کەلتورییە بچوکەکان واز لە میراتی کەلتوری خۆیان دەهێنن، و خۆیان دەخزیننە نێو کەلتوری نەتەوە بەهێزەکانەوە.
نموونەکانی ئەم هەژمونە و مەترسی لە کەمایەتی نەتەوەیی لە نێو دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخدا تەنها لە نموونەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، بەڵکو لە شوێنی دیکە ئەم حاڵەتە بەدی دەکرێت.
لە عێڕاقدا هەرچەندە کە باشوری بە مەرجەوە پێوەی لکێنرا، بەڵام نزیکەی هەشتا ساڵ زیاتری ویست کە دەوڵەتی عێراق دان بەوەدا بنێ کە کوردستان بە پێی دەستور هەرێمە، هەڵبەتە ئەمەش بە فەرزکردنی ئەمری واقیع بە تێکۆشانی گەلی کوردستان، نەک بە قەناعەتی نەتەوە یان تایفەی زۆربە کە تا ئێستا بەدەمیدا نایەت و لە گی سیاسیی خۆیدا وشەی فیدڕاڵی بەکار ناهێنیت، و تەنانەت هەندێ لایەنی دیموکرات و چەپی عێڕاقیش لە گی سیاسی خۆیاندا دەستەواژەیەکیان بەکار دەهێنا کە لە مێژووی سیستمی سیاسی لە جیهاندا نەبوو و ئەوەش دەستەواژەی “عێڕاقی ئیتحادی موحد”.
لە مێژووی عێڕاقدا بەردەوام گومان لە داواکارییەکانی گەلی کوردستان کراوە، تەنانەت ئەگەر لە دەستوردا باس لە شەراکەتی عەرەب و کورد کرابێت هەروەک لە دەستوری 1958 هاتبوو. هەر بۆ نموونە لە ساڵی 1959 کاتێک مامۆستایانی کوردستان داوایان لە عبدالکریم قاسم کردوە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی مەعاریفی کوردستان دابمەزرێت و خوێندنی کوردی بە ئەلفابێتی لاتینی بێت. عبدالکریم قاسم زۆر بە توڕەییەوە دەڵێت: هەرگیز بوار نادەین ئەلفابێتی عەرەبی بگۆڕن و خوێندنی کوردی بە ئەلفابێتی لاتینی بێت، و بەڕِێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی کوردی دروست دەبێت نەک مەعاریفی کوردستان. ئەم زانیارییە لە کتێبی کۆنگرە ناوخۆییەکانی مامۆستایانی کورد 1959، 1960 لە نوسینی سەرباز مجید خۆشناو، و یادەوەرییەکانی مامۆستا محمد سعید ساڵح، و ێکی کەریم شارەزا هاتووە.
ئەم نموونەیە لە شوێنی دیکەش دووبارە بۆتەوە بۆ نموونە کۆماری تترستان لە روسیای فیدرالڕ کە لە ساڵی 2000 داوایان کرد ئلفابێتی خوێندن لە سلاڤییەوە بۆ ئەلفابێتی خۆیان بگۆِڕدرێت، داواکارییەکەیان لە لایەن پەرلەمانی روسیای فیدڕاڵەوە بە توندی ڕەتکرایەوە.
تا ئێستا هزری لیبڕالی و فرەکەلتورییەکەی کە بانگەشەی بۆ دەکات نەبۆتە هۆی چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی بە شێوەیکی بنبڕ لە یەکێتی ئۆروپا، و ئەگەر تەماشای هزری سۆشیالستی سۆڤیەتی بکەین کە باسی دروستبوونی ئومەی سوشیالستی دەکرد ئەو چەمەکەش لە گەڵ هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت کۆتایی هات، و چەندین دەوڵەت دروست بوو، و بە هەمان شێوە تێزی ئومەی دیموکراتی کە بەرێز ئۆجالان باسی دەکات لە واقیعی پراکتیکدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەمکێکی نەزۆکە.
تا ئێستا تێکڕای ئەم چەمکانە نەیتوانیوە ئەلتەرناتیف و جێگرەوەی هزری لینینزم سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی بێت کە وەک دیاردەیەکی مێژووی و لە چوارچێوەی شوناسی کۆمەڵایەتی مامەڵەی لە گەڵدا کردووە، و خۆی لە مافی ڕەهای بریاڕدانی چارەنووسی گەلان، بە مافی جیابوونەوە، دەبینێتەوە.
گەلی کوردستان لە باشور و لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دەستواژەی دانیشتوانی ڕەسەنی لیبڕاڵی لەسەردا جێبەجێ نابێت، و ئەو دەستەواژەیە لە لایەن هزری لیبڕالییەوە بۆ دانیشتوانی هیندە سورەکانی ئەمەریکای باکور و دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمەریکای باشور و نیوزلەندا و ئوستوڕالیا، داتاشراوە. بەهەمان شێوە دەسەتەواژەی کەمایەتی لە دەوڵەتە نەتەوەییە فەرزکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەسەردا ناشێت.
بۆیە ئەگر بمانەوێ تەکیفی یاسایی دۆزی ڕەوای کوردستان بکەین و لە چوارچێوەی یاسا ناوخۆییە فەرزکراوەکانی دەوڵەتە نەتەوەییەکان کە کوردستان بەسەریاندا دابەش کراوە دەربهێنین، و مەودا و ڕەهەندی یاسای نێودەوڵەتی بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ ئەم بابەتە مسۆگەر بکەین، پێویستە گی سیاسی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان باس لەوە بکات کە کوردستان نیشتمانێکی کۆلونیالکراوە و کراوە بە موستەعمەرەیەکی دابەشکراو بە سەر چوار دەوڵەتی نەتەوەیی داتاشراو دوور لە ئارەزوو و ئیرادەی گەلی کوردستان.















Post Comment