شارەوانیی سلێمانی بۆ کاندیدەکان: لە ماوەی دوو رۆژ هەستن بە لابردنی ئەو پۆستەر و ستاندانەی کە بە پێچەوانەی رێنماییەکان دانراون

-
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری ئەو کاندیدانە دەکاتەوە کە بە پێچەوانەی رێنماییەکان پۆستەرەکانیان بۆ بانگەشەکردن دانەوە.
لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هاتووە، “سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بەهۆی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بە نووسراوی فەرمی وەک پێشتر ئاگاداری سەرجەم لایەنە دارەکان و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی سلێمانی کردووە کە دانانی پۆستەر و ستاندەکان پێویستە بەپێ رێنماییەکان دابنرێت و دوور بێت لە زیانگەیاندن بە سەوزایی و بلوارەکان و عەمودەکان و کێبڵی کارەبا و ئاودێرییەکان”.
ئاماژە بەوەکراوە، “کۆمەڵێک پۆستەر و ستاند دانراون لە ناو بلوارەکانی شەقامی مەلیک مەحمود و تاسڵوجە -سلێمانی و ئەمڕۆ سەرجەمیان تێبینی کران کە دوورە لە رێنماییەکانمان و هۆکارێکە بۆ زیانگەیاندن بە بلوارەکان و باخچەکان و سەوزایی و وشکبوونیان و ناتوانرێت ڕۆژانە کاری ئاودێریکردنیان بۆ ئەنجام بدرێت”.
شارەوانی سلێمانی داوا لە سەرجەم کاندیدەکان و لایەنە دارەکان دەکات لە (ماوەی دوو رۆژ) هەستن بە لابردنی ئەو پۆستەر و ستاندانەی کە بە پێچەوانەی رێنماییەکان دانراون.
ئەوەشخراوەتەڕوو، “سەرجەم شۆستە و شەقامەکان و بلوارەکان وێنەیان گیراوە لە لایەن وێنەگری تایبەت بە شارەوانیمان و وێنەکان پارێزراون لامان بۆیە تا ماوەی دیاریکراو لایەنە دارەکان هەڵنەستن بە لابردنیان ناچار هەڵدەستین بە وەرگرتنی رێکاری پێویست”.















Post Comment