ته‌مموز 24, 2025

سیاسەتی هاوپەیمانی و پێداویستی خوێندنەوەیەكی نوێ

جار بینراوە: (122)

كاوە مەحموود



بەشداری لە بەرەی كوردستانی
  
حزبی شیوعیی عێراق بەشداریی لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانی كرد، لە ڕێگای نوێنەرایەتیكردنی لەلایەن رێكخراوی هەرێمی كوردستانەوە. ئەم بەشدارییە گرنگییەكی میژوویی هەیە ‌و خودی ئەو بەرەیەش، كە لە ئایاری 1988دا دامەزرا، توانی لە قۆناغێكی هەستیاری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا ڕۆڵێكی ئەرێنی ببینێت.
 
لەم باسەدا مەبستمان هەڵسەنگاندنی بەرەی كوردستانی نییە، كە ئەم مەسەلەیە پێویستی بە توێژینەوەیەكی زانستییانەی قووڵ هەیە، بەڵام ئاماژە بە هەندێ خاڵی گرنگ دەكەین:
ـ بەشداریكردنی حزبی شیوعیی عێراق لە بەرەی كوردستانیدا لە ڕێگای بەشداریكردنی رێكخراوی هەرێمی كوردستانی حزبی شیوعیی عێراق بوو. ئەم شێوازە بەشدارییە هەنگاوێكی گرنگ بوو لە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندیی كوردستان، تەنانەت لە بواری كاری بەرەییدا.

ـ دامەزراندنی بەرەی كوردستانی ڵاپەڕەیەكی نوێی لە پەیوەندی نێوان لایەنە كوردستانییەكاندا هەڵدایەوە‌ و ئامرازێكی گرنگ بوو بۆ قورتاربوون لە كارتێكردنی لێكەوتەكانی شەڕی ناوخۆیی، كە بەسوودی رژێمی دیكتاتۆری دەسەڵاتدار ‌و زیانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان گەڕایەوە.

ـ بوونی بەرەی كوردستانی ئامرازێكی گرنگ بوو بۆ ئەوەی شاڵاوی دڕندانەی ئەنفال ‌و كیمابارن، كە شكستییەكی سەربازی بوو بەنیسبەت جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان، نەبێتە شكستییەكی سیاسی. بەرەی كوردستانی ئامرازی خۆڕاگرتن ‌و بەردەوامبوونی تێكۆشان‌ و زیندووكردنەوەی هیوای گەلی كوردستان بە سەركەوتن، بوو.
ـ بەرەی كوردستانی وەك هێزێكی سیاسی رێكخەر، یەكێك بوو لە ئامرازە گرنگەكانی پاراستنی دەسكەوتەكانی گەلەكەمان، كە لە ڕاپەڕینی ئاداری 1991دا، بەدیهات. ڕاپەرینی ئازاری 1991 لە ناوەڕاست ‌و باشووری عێراق بەرپابوو، بەڵام نەبوونی هێزی رێكخەر، كە تێكڕای لایەنە سیاسییەكان بگرێتەوە، یەكێك بوو لە هۆكارەكانی سەرنەكەوتنی لەو دەڤەرەدا. سەركردایەتی بەرەی كوردستانی بۆ ڕاپەڕین بەڵگەیەكی دیكەی گرنگی ‌و پێویستی كاری بەریی بوو لە تێكۆشاندا بۆ وەدیهێنانی مافەكانی گەلەكەمان.

ـ دوای ڕاپەرین، بەرەی كوردستانی توانی ئیدارەی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا بەپشتگیری جەماوەر، بەڕێوەبەرێت‌ و یەكەمین هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان ساز بكات.

بەشداریی حزبی شیوعیی عێراق لە كۆنگرەی نیشتمانیی یەگرتووی عێراقدا

  لە كانونی یەكەمی 1990دا، لێژنەی كاری هاوبەش لەسەر بنەمای بەشداری چوار ڕەوتی سیاسی، (ِرەوتی دیموكراتی، ڕەوتی نەتەوەیی عەرەب، ڕەوتی نەتەوەیی كورد، ڕەوتی ئیسلامی)، دامەزرا. ئەم لێژنەیە لە بەیروت كۆبوونەوەی سەرەكی خۆی بەست، بەڵام سستی لە كارەكانیدا هەبوو، لە ناوەڕاستی ساڵی (1991)ەوە كارەكانی ڕاگیرا.

  لە حوزەیرانی 1991دا بەدەستپێشخەریی هەندێ حزب ‌و كەسایەتی سیاسی، كۆنگرەی ڤییەنا بەسترا‌ و بەشێكی لایەنەكانی لێژنەی كاری هاوبەش، بە حزبی شیوعیی عێراقەوە، تیایدا بەشدارنەبوون، دواتر حزبی شیوعی لەو پێكهاتەیە بەشداربوو.

  حزبی شیوعیی عێراق لە ڕاپۆرتی سیاسی پێنجەمین كۆنگرەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە شێوازی كاركردن لە كۆنگرەی نیشتمانیی یەكگرتووی عێراقدا لەبارترین شێوازی كاری ئۆپۆزسیۆنی نییە ‌و لاوازی لە شێوازی ئامادەیی بۆ كارەكانی ‌و كەمی پشكی حزبی شیوعی لە دەستە سەركردایەتییەكەی‌ و بوونی قورسایی كارەكانی لە دەرەوەی وڵات ‌و نەگواستنەوەی ئەو چالاكییانە بۆ قووڵایی عێراق ‌و پشتبەستنی بە هۆكاری دەرەكی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری، كۆمەڵێك دیاردەی نەرێنی بوون لە كاری ئەم پێكهاتەیەدا.

بەشداریی حزبی شیوعیی عێراق لە لیستی (العراقیە)دا

دوای ڕوخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆری لە عێڕاق، حزبی شیوعیی عێراق بەشداری لە لیستی عێراقیەدا كرد وەك چوارچێوەیەكی كاری هاوبەش ‌و شێوەیەك لە شێوەكانی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردن ‌و بەشێوەی سەرەكی بەشداریی لە داڕشتنی بەرنامەی لیستەكەدا كرد. هەرچەندە حزبی شیوعی گرنگی ئەم لیستەی لەبەرچاو گرت، بەڵام نەك وەك دەربڕێكی ڕەوتی دیموكراسی، چونكە ڕەوتی دیموكراسی زۆر لەو لیستە و پێكهاتەكەی بەرفراوانتر بوو. ئەم بەشدارییەی وەك هەوڵێك بۆ دۆزینەوەی چوارچێوەیەكی هەڵبژاردن دانا لە دژی بەشبەشێنەی تایفی، بەجۆرێك لە كاتی وەرگرتنی بڕیارەكانیدا بەلای هیچ لایەكی تایفەگەری نەشكێنێتەوە‌ و بە لەبەرچاوگرتنی گرانی ئەو كارەش، بەنەرمییەكی مەبدەئیانەی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتە كرد‌ و جەختیكردەوە، كە لە رێگای گفتوگۆ ‌و تەوافقەوە ڕێگانەدرێت بڕیارەكان تاكلایەنە بدرێت ‌و پشت بە واقیعبینی سیاسییانە و دووركەوتنەوە لە بەدەستهێنانی دەستكەوتی حزبی بەرتەسك، هەڵوێستەكان وەرگیرێت.

كاری ناو لیستەكە بەتەنها لە بەرژەوەندیی تاكەكەسیی سەرۆكی لیستەكە بوو. ئەو مەسەلانە ‌و ئەو گرفتانەی لە كاری لیستی عیراقیەدا هەبوون، حزبی شیوعی لەچەندین بۆنە‌ و سەرجەم كۆبوونەوەكانی لیستەكەدا ئاماژەی پێدەكردن، بەڵام بارەكە تادەهات خراپتر دەبوو. هەڵپەی تاكەكەسی لە وەرگرتنی بڕیار بەناوی لیست ‌و دووركەوتنەوە لە بەرنامەكەی زیاتر دەبوو. حزبی شیوعی هەر لەسەرەتاوە ئەوەی راگەیاندبوو، كە پەیوەستبوونی بەو لیستە لەسەر بنەمای پەیوەستبوونی هەموو لایەنەكانی ناو چوارچێوەكەیە بە بەرنامە هەڵبژاردنەكەی، كە لە پێكهێنانی لیستەكەدا رێكەوتنی لەسەر كراوە، بەڵام لە ئەنجامی ئەو هەڵسەوكەوتە نادیموكراسییەدا، ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەشدار لە لیستەكە چوونە دەرەوە ‌و لیستەكەش خۆی لە ئەنجامی هەندێك ئەجێندە‌ و حیساباتی تایبەتی ورد ‌و پەیوەست بە لایەنە دەرەكییەكان، لە بەشداری حكومەت دەرچوو و حزب لە گوتاری سیلسی‌ و ڕاگەیاندنی بۆچوونی خۆی لەمەڕ پێشهاتەكانی ڕەوشی عێراق‌ و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ پڕۆسەی سیاسی ‌و هەڵوێست لە حكومەت، سەربەخۆیی خۆی پاراست.

لیستی عیراقییە لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستانەی حزبی شیوعیی عێراق كاردانەوەی سەلبیانەی هەبوو. ئەوەبوو بێ قسە لەگەڵ كردن ‌و ئاگاداركردنەوەی حزبی شیوعی وەك عورفێكی كاراپێكراو رایانگەیاند، كە حزبی شیوعیی عێراق لەدەرەوەی لیستەكەدایە.

كاركردن لە چوارچێوەی ڕەوتی دیموكراتی

حزبی شیوعیی عێراق لە بەرنامەی نیشتمانی دیموكراتی خۆیدا ئاماژەی بە رێگای رزگاربوون لە قەیرانی هەمەلایەنەی عێڕاق كرد، كە دوای ڕوخاندنی ڕژیمی دیكتاتۆری ‌و سەرنەكەوتنی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكان لە چارەسەركردنی ئەو قەیرانەدا، قووڵتر دەبۆوە.

بەرنامەی حزبی شیوعی پێویستی بە كۆكردنەوەی سەرجەم هێزە دیموكراسی‌ و مەدەنییەكان بوو لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەكی بەرفراوانی گونجاوی كراوە بۆ بەرپاكردنی تێكۆشانی داواكاری ڕۆژانەی خەڵك ‌و داكۆكیكردن لە بەرژەوەندیی جەماوەر‌ و توێژە پەراوێزخراوەكان‌ و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ‌و جێبەجێكردنی دیموكراسی ‌و دەوڵەتی قانون ‌و ئەنجامدانی گەشەپێدان. ئەمەش وای دەخوازت، كە هێزەكانی ئەم ڕەوتە بە لیستی هاوبەش لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق‌ و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بەشداربن. ئەوە بوو لە یەكێك لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا ئەم رەوتە توانی بوونی خۆی لە بەشێك لەو ئەنجومەنانەدا بسەلمێنێت، لە كاتێكدا هەر یەك لەو لایەنانە بەتەنیا دووچاری پەراوێزخستنی سیاسیی دەبوونەوە، ئەمەش ئاسۆیەكی بەرچاو لەبەردەم ئەم هێزانە دێنێتە پێشەوە لە بواری تێكۆشانی بۆ داواكاریی رۆژانەی خەڵك‌ و لە بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا.

ئەم ئاراستەیە پێویستی بە دەربازبوون لە عەقلیەتی بەرتەسكی حزبایەتی لەلایەن سەرجەم لایەنەكانی ئەم ڕەوتە هەیە، كە هاوكاتبێت لەگەڵ بەردەوامبوونی تێكۆشانی شەقام ‌و گرێدانی بە تێكۆشانی پەرلەمانی ‌و بەردەوامبوون لە خستنەڕووی دەستپێشخەریی سیاسی‌ و دۆزینەوەی شێوازی ڕێكخراوەیی گونجاو و لەبار ‌و كرانەوە لە بەردەم تێكڕای هێزە دیموكراسی ‌و مەدەنییەكانی دیكە ‌و هاوكاری لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان ‌و سنگفراوانی سیاسییانە لە كاری رۆژانەدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas