×

سیاسی ساختەچی!!

سیاسی ساختەچی!!

جار بینراوە: (37)

د. ئەمیر حسێن

سیاسی ساختەچی!!

د. ئەمیر حسێن

بەیانیەکی تەموومژاوی لە ناو دارستانە چڕەکانی باکور ، ئاگاداریەک بەقەدی دارێکی ڕزیودا هەڵواسرابوو ، لەسەری نوسرابوو :

بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری دارستان هەلی کار ڕایدەگەیەنێت ، بۆ دامەزراندنی کەروێشکێک وەک پشکنەری تونێلەکانی ژێر زەوی . کەس داخوازی پێشکەش نەکرد جگە لە ورچێکی بێ کار ، لە کەنار دارستانەکەدا ماوەیەک بوو بە هێمنی دەژیا ، کەس لێی نەپرسی ، خۆ ئەو کەروێشک نیە بەڵکو ورچە ، ئایە لە دۆزینەوە و پشکنینی تونێلدا شارەزایی هەیە یان نا ؟ یان ئایە دەتوانێت بچێتە ناو تونێلە تەسک و تروسکەکان بەو قەبارە زلەوە ؟ گرنگ ئەوەبو بە خەتێکی جوان و ڕەوان داخوازی پێشکەش کردو بە مۆرێکی باپیرانیشی بۆ دڵنیایی داواکاریەکەی ڕازاندبۆوە ، هەر زوو داواکەی قبوڵکراو بە هەمان پلەی خزمەت بڕیار درا بە دامەزراندنی ، دوای چەند هەفتەیەک ورچەکە بۆی دەرکەوت ، کەروێشکێک لە دارستانەکەدا بە پلەی ورچی ڕێگا شکێن دامەزراوە ، مووچەکەی سێ ئەوەندەی مووچەی ئەوە ، بەسەرسامی لەخۆی پرسی ” ئەوە لە کەیەوە کەروێشک بۆتە ورچ ؟ ” خێرا سکاڵای پێشکەش کردو دەستکرا بە پرۆسەی پشکنین و لێپێچینەوە ، لیژنەیەکی باڵا بەمەبەستی بەدواداچونی داواکاری ورچەکە ، لە کۆمەڵێک پڵینگ پێکهێنرا ، لیژنەکە سەرەتا بانگی کەروێشکەکەیان کرد ، ئەویش بەڵگەنامەکانی خستە ڕوو ، بەپێی بەڵگەکان سەلماندی ورچێکی تەواوەو لە ڕەچەڵەکێکی دەگمەن و ڕەسەنە ، دواتر ورچەکەیان بانگهێشت کرد ، ئەویش بەڵگەنامەکانی پێشکەشکرد ، بەپێی بەڵگەنامەکانی دەرکەوت کەروێشکەو لە گروپی کەروێشکە بچوکەکانە ، دوای مشتومڕی لیژنەکە بۆ ماوەیەکی دورودرێژ ، پێداچونەوەیی سەرجەم دێکۆمێنتەکان ، بۆیان دەرکەوت هەمووبەڵگەنامەکان ڕاستەقینەو فەڕمی و دروستن ، بۆیە بڕیاریان دا بە ” جەختکردنەوە لەسەرهێشتنەوەی ئەرکەکانیان وەکو خۆی ، بەبێ هیچ گۆڕانکاریەک ” ورچەکە هەر زوو بڕیارەکەی قبوڵ کرد ، هیچ جۆرە تانەو ناڕەزایەتیەکی پێشان نەدا ، کاتێکیش ڕۆژنامەنوسێک بە دەم ڕێگەی گەڕانەوە لێی پرسی بۆچی بێدەنگە ، یان ناڕازی نیە لە بڕیارەکە ؟ لە وەڵامدا ورچەکە وتی :” چۆن دەمە دەم لەگەڵ لیژنەی پڵینگەکاندا بکەم ، لە کاتێکدا تێگەیشتم ئەوان تەنها بە دێکۆمێنت پڵنگن ، لە ڕاستیدا کەرن و تەنها مۆری پڵنگ لە بەڵگە نامەکانیان دراوە ” ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بو ، ڕۆژی دواتر دارستانەکە ، بە هەواڵی پلە بەرزکردنەوەی لیژنەکە خەبەری بۆوە ، بۆ پلەی ( لیژنەی باڵای دادوەرانی دارستان ) ، لەو ڕۆژەوە لیژنەکە بڕیاریدا ” هەرکەسێک بگیرێ ، بەڵگەنامەی پێنەبێت بیسەلمێنێ زیندوە ، لە ڕیزی مردووان ئەژمار دەکرێ !! “.

لە جەنگەڵەستانی پەڕاوە فەڕمیەکاندا ، شوناس لە ڕێگەی جەوهەرە سروشتیەکانەوە دیاری ناکرێ ، بەڵکو ئەوە بەڵگەنامەکان و نوسراوی سەر پەڕاوەکانە ، ماهیەتی بونەوەرەکان دیاریدەکات ، بەڵگەنامەکان ئەرکی ڕێکخستن وتۆماری یان نیە بە تەنها ، بەڵکو فۆڕمێکی دیاریکراوی ساختەو وەهمی ، وەک پێشمەرجی وجودی دەسەپێنن ، لە بەرامبەر ڕەتکردنەوەی بونی ڕاستەقینەو واقعیدا ، لێرەوە بونی حەقیقی ، لە ژێر مۆری تۆخ و ڕەنگاو ڕەنگی بەڵگەنامە زۆرەکاندا بزر دەبێت ، ئیتر لەم جۆرە جەنگەڵانەدا ( پڵنگی – کەر ، کەروێشکی – ورچ ) ، زۆر دەبن و شوناسە ڕاستەقینەکان تێکەڵ دەبن .

ئەم چیرۆکە تەنها ڕەخنە نیە ، لە سیستەمی کارگێڕی دەسەڵاتە بیرۆکراتیەکان ، بەڵکو ڕامانێکی وجودیە ، لە و بونیادەی دەسەڵاتی ستەم کارو نا دادپەروەری لەسەر دامەزراوە ، ئەوەتا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ، بەڵگەنامەکان پڕن لە ناونیشانی قەبە لە ڕوی سیاسی ، ، کۆمەڵایەتی ، ئەکادیمی و زانستی ، ڕۆشنبیری و میدیایی ، نیشتیمانی و ئاینی ، ئیداری و دەوڵەتداری ، ئەدەبی و فەرهەنگی ، ئاسایش و سەربازی …. چەندانی تر ، بەڵام بەشێکی زۆریان لە واقعدا ڕاستەقینە نین ، زۆرینەی پڵنگە جەربەزەکانی دنیای سیاسەتی ئێمە بۆ نمونە ، جگە لە مەخلوقێکی گەمژە زیاتر هیچی تر نین ، یان لە باشترین حاڵەتدا ڕێویەکی ساختەچی قۆڵبڕی بێ مۆڕاڵن .

لە جەنگەڵێکی لەم شێوەیەدا ، شوناسەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن دەستەبژێری سیاسیەوە تێکەڵکراون ، چونکە خۆیان هەڵگری شوناسێکی درۆزن و ساختەن ، بۆیە بە شێوەیەکی ڕێکخراو کار بۆ گشتاندنی بێ مۆڕاڵی دەکەن لە کۆمەڵگادا ، هەر لە قۆناغی حوکمی شۆڕشگێڕیەوە ، تا ئەمڕۆی ڕەوایەتی زۆرینەی هەڵبژاردنی ساختە ، ئەمە لە کاتێکدا ڕاسپاردەی ئەم شوناسەی ئەمڕۆیان ، لە ڕێگەی دزی و گەندەڵی و قۆڵبڕین و نا دادی و ستەمەوە ، وەک غەنیمەت دەستکەوتوە ، باکیان نیە بەرامبەر دەستبردن و ساختەکردنی بێشەرمانەی ، شوناسی ڕاستەقینەی هاوڵاتی و خەونی ئایندەی نیشتمان ، کاتێکیش کۆمەڵگا بێدەنگە ، مانای ترس و قبوڵکردنی ئەم دیفاکتۆیە نیە ، بەڵکو وەکو ورچەکە گەیشتوە بە ئاستێک لە هۆشیاری تراژیدی ، بۆ ناسینەوەی حەقیقەتی ئەم دەستەبژێرە ، نەک هەر پڵنگ و بەوری مێژوکرد نین ، بەڵکو تەنها بەڵگەنامەو پەنجەمۆری هەرێمی و نێودەوڵەتیان لێ وەربگریەوە ، جگە لە داهۆڵی ناو مێژوی سی ساڵی ڕابوردوو ، هیچی ترنین .

لە کۆتایدا ئەمە پارادایمی حیکایەتی ئەو سیستەمە ستەمکارانەیە ، شوناسی مرۆڤ بە ژمارەی پیت و مۆری تۆخی سەر ڕوپەڕی بەڵگەنامە فەڕمیەکان دیاریدەکات ، نەک بە کردارو هەڵوێستە ڕاستەقینەکان . بۆیە دەبینین زۆر بە ئاسانی بەڵگەنامەکان ، کەروێشک دەکەن بە ورچ و ورچێکی زلی بە هێز بە کەروێشکێکی لاوازی بچوک . ئەوەتا لەسەردەمی هیچ وپوچی ساختەچیەکاندا بەڵگەنامە و ژمارەکان پیرۆزترن لە بونی ئەنتۆلۆژیانەو هۆشیاری ڕاستەقینە ، لێرەوە جەوهەری مرۆڤ کەوتۆتە ژێرمەترسی بەردەوامی بەڵگەنامە ساختەو ژمارەی کارتە زۆرەکان ، بێشەرمانە و لە هەموو لایەکەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر و بە بێدەنگی ئەتک دەکرێ ، لە بازگەی بێ مۆڕاڵیدا زیندوەکان بە مردو ، مردوەکان بە زیندو ئەژمار دەکرێن .

هەموو ەکان کاتێک لەبڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی














بابەتى تر

👤
Live: 72 Today: 2,462 📊 Click Here