سلێمانی لە شارەوە بۆ ئۆردوگا

سلێمانی لە شارەوە بۆ ئۆردوگا

جار بینراوە: (1.5K)

٢٤١ ساڵ لەمەوبەر سلێمانی کە دامەزرا بنەمای شار تێدا بەدی کرا ، هەموو لایەنە ژینگەییەکەی حسابی بۆ کرا بوو، زەوی کشتوکاڵی، جوگرافیا و پلانی ئاو و ئاوەڕۆ، سەوزایی، خانوو و باخ و مەتەریالی بینا کردن، ڕێگاوبان، کلتوور شوێنی بۆنەکان، شوێنە پیرۆزەکان، گۆڕستان، نەخۆشخانەو حوجرە و خوێندگاکان، سەنتەری ئیدارەی شار و جێگەی کۆڕبەندە سیاسییەکانیش، گەڕەک و سنووری نیشتەجێبوون و بازرگانیش، جوڵەو چالاکی تێدا بەدی دەکرا، شوێنی پیشەوەران و تەنانەت خانی ئاژەڵەکانیش.

ئۆردوگا شوێنێکی ئیمێرجنسیە کە لە ڕوداوێکی نەخوازراوی وەک کارەساتی سروشتی و ڕوداوی خوازراوی وەک جەنگ و دەستدرێژی و داگیرکاری دروستدەبێت و دادەمەزرێت، شوێنەکە لایەنی دەستەڵات بۆت هەڵدەبژێرێت، سنوورەکانی تەلبەند دەکرێت، مەتریالەکانی دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبون سادە و کاتییە، ڕێگاکانی تەسک و خنراون، ئاو و ئاوەڕۆ کێشەی دەبێت، سەوازیی تێدا بەدی ناکرێت، نەخۆشی زوو بڵاو دەبێتەوە، شوێن و فەزای تایبەتی نییە، هەمووی دەبێتە فەزای گشتی، بەلام ئەم فەزاییە کەس ناتوانێت بڕیاری تێدا بدات جگە لە سەردەستەی ئۆردوگا نەبێت، خزمەتگوزاری تەندروستی فەراهەم نابێت، خوێندن لاواز دەبێت و هیچ بەهایەکی تێدا نابێت. هاتوو چۆ تێدا سنووردارە، شوێنە تایبەتەکان کەس بۆیان نییە نزیک بکەونەوە. هەمیشە تاک مافی هاوڵاتی بوونی نییە تێدا، تاکی لاوازی کۆمەڵگا دەبنە قوربانی ڕاستەوخۆو دووچاری زەبرەکان دەبنەوە، منداڵ و ژنان و پیر و لاوەزاکان دەبنە سووتەمەنی. جوڵە و چالاکی تێدا ئەستەم دەبێت، بێکاری زیاد دەبێت، ئاسایش و سەلامەتی زۆر بەرتەسک دەبێتەوە. کەسیش ناتوانێت بە ئازادی ڕای خۆی بەیان بکات، ترس باڵدەکێشێت، ترسی پێداویستی سەرەتاییەکان، ترسی بیرکردنەوە لە گۆڕانکاری و پاشەرۆژ، دید و ئاسۆی بینین تەڵخ دەبێت، خەڵک تێدا پاسیف و ناکارا دەبێت، بێ هیوایی دەبێتە پەتا، کێشە کۆمەڵایەتییەکان زۆر دەبن، یاسا گشتییەکان دەبنە یاسای ئۆردوگا، سەردەستەی ئۆردوگا چەند کەسێک دەکەنە نوێنەر و ودەبنە یاساوڵ و پارێزەری ئەو زێدە.

ئێستا لە ئەم دو وێنەیە، کەمەیان زۆر لە سلێمانی دەچێت؟

بابەتى تر

👤
Live: 61 Today: 1,807 📊 Click Here