سلێمانی لە بۆسەی پێوەدانی دووپشک دا

سلێمانی لە بۆسەی پێوەدانی دووپشک دا

جار بینراوە: (1.5K)

راگەیاندنی دیکیۆمێنتی ئاسایشی نەتەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٥لە کاکەڵەدا کۆمەڵێک مەسج و ئاماژە لە وێناکردنی ستراتیجی ئەمریکیەکان و فۆرم و شێوازی کارکرنیان لەم سات و سەردەمەدا دەخاتەروو. لە نێو ئەم دیکۆمێنتەدا پانتایەکی دیار بۆ خۆرهەڵاتی ناوەراست تەرخان کراوە، زۆر راشکاوانە باس لە سیاسەتی ئەمریکا لەم ناوچەیە دەکات. دیکۆمێنتەکە ئەو هەقیقەتە دەخاتەروو، کە ستراتیجی نوێی ئەمریکا بۆ تەواوی وڵاتان بە یەک فۆرم و ئاراستە نیە، بەڵکو هەر ناوچەیەک بۆخۆی بە تایبەتیەکانیەوە مامەڵەی لە گەڵدا دەکات، لەم بازنەیەدا لە ئاماژەکانی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەراست باس لە بوونی کۆمەڵێک هاوپەیمانی دەکات، تەواوی ناوچەی خۆرهەڵات وەک یەک پاکێج نابینێت.

لە نێو دێرەکاندا ئەوە دەخوێندرێتەوە، کە وڵاتانی ئەم ناوچەیە دەکات بە سێ بەشەوە، بەشێکیان وڵاتنی هاوبەش و دۆستی ئەمریکا دەبن، بەشێک نەیار و دەژمنی ئەمریکا، بەشێکیش جێگای بایەخی ئەمریکا نیە، یان لە درەرەوەی بازنەی نەخشەرێگای ستراتیجی دایناون.

لەم پرۆسەیەدا عێراق بەوەی سەرچاوەیەکی گەورەی وزەی نەوت و گازی سروشتیە، جێگای بایەخی ئەمریکیەکانە، بەڵام دۆخێکی تایبەتی هەیە یان دەکرێت بڵێین تا ئەم ساتە لە نێوان وڵاتانی دۆست و نەیاردا ساخ نە بوەتەوە. لە ستراتجی نوێی ئەمریکادا، ئاماژە بە پێویستی یەکلا کردنەوەی دۆخی عێراق دەکرێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بۆ شێوازی ئەو یەکلاکردنەویە نەکراوە. لە دەرەوە دیکیۆمێنتەکە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکەیەکان ئەم لوغزەین چارەسەر کرد، بە دارشتنەوەی پرۆسەیەکی سەربازی، کە ناویان لێناوە (پێوەدانی دوو پشک) نەخشەرێگای یەکلاکردنەوەی ئایندەی عێراقیان دەرشتوەتەوە. لە لێدوان و راگەیاندنەکانی سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە چەند ئاماژەیەک ئاشکرا دەکرێن.

-پێویستی لێدان و کۆتایهێنان بە گروپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران، کە بە شکاندنی دوا باڵی ئێرانیەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەرست ناوی دەبەن.

-ناولێنانی پرۆسەکە بە پێوەدانی دووپشک، لە گەوهەردا هەڵگری مانا و ئاماژەی تایبەتن، کە لە خوێندنەوەدا وا شیکاری بۆ دەکرێت، وەک پێوەدانی دوو پشک لێدانەکەی جەرگبڕ دەبێت.

-ئامەدەکردنی چەک و جۆرێک لە درۆنی نوێی هێرشبەری خۆکوژ، کە جگە لەوەی زۆر بە توانا و پێشکەوتوە، تێچوەکەیشی ئەوەندە هەرزانە هیچ بارگرانیەکی ئابووری لە سەر ئەمریکا دروست ناکات.

لەم مەنزیلەدا ئەوەی ئەگەری شەڕ و نەهامەتیەکان بۆ عێراق زۆر زیاتر دەکات، بێ توانای حکومەتی عێراقە لە کۆنترۆڵکردنی ئەو گروپانە و رازیکردنی ئێران بە کشانەوە لە عێراق.

گۆرانی سروشتی شەڕ

شەڕ و ململانێ چەکدریەکان لەم دەمەدا گۆرانی زۆر گەورەیان بەسەردا هاتوە، توخمەکانی پرۆسەی شەڕکردن گۆرانی لە سروشتی شەڕدا بەرجەستکردوە، درۆنە خۆکوژیە نوێکەی ئەمریکا و چەکە ئەلکترۆنی و لێزەریەکانی تەنیا فۆرم و شێوازی شەڕکردن ناگۆرن، بەڵکو تەواوی پرنسیپەکانی شەڕ و سروشتەکەیشی دەگۆرن. شەڕ لە ئەورۆدا زۆر کورتخایەن و توند دەبێت. پێشکەوتینی پرۆسەی چەکسازی ئەمەریکا و تێکەڵبوونی بە ژیری دەستکرد، بەو ئاستەی سنورەکانی خەیاڵی ئێمە دەبرێت، دۆخێک دەسەپێنیت چونەشەڕەوە لە بەرانبەر ئەمریکادا دەرئەنجامەکەی شکستێکی مسۆگەر دەبێت.

ستراتیژی شەڕە

لە بارە گشتەکەیدا و لە نەخشەی سەربازیدا ئەوەی تا ئەورۆ ئەمریکیەکان ئاماژەی پێدەکەن تەنیا لێدانی گروپە شیعە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانە، لەم پرۆسەیەدا لێدانی بارەگاکانیان و بەرپرسانیان لە ئاستی باڵادا دەکرێنە ئامانج.

لێدانی باڵەکانی ئێران و نینۆککردنی ئێرانیەکان لە عێراقدا بۆ شکاندنی شکۆی ئێران نیە، بەڵکو ئامانجێکی ستراتیجی ئەمەریکیەکانە، چەندین رەهەندی هزری و سیاسی و ئابووری هەیە.

لەم کەین و بەینەدا زۆرجار قسەو باس دەچێەتە سەر دیاریکردنی ئەو گروپانەی سەر بە ئێرانن، لەم چوارچێوەیەشدا تێشک دەخرێتە سەر سلێمانی و وردتریش سەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک یەکێک لەو گروپانە، رەنگە لە کەتواردا ئەوە هەقیقەتێکی یەقین بێت، کە بە حوکمی جوگرافیا سلێمانی دەکەوێتە ناو ناوچەی هەژموونی ئێرانیەکانەوە، بەڵام لە رووی ئایدیۆلۆژیاوە نە سلێمانی و نە یەکێتش نابنە بەشێک لە پرۆسە و پرۆژەی ئێرانیەکان، بگرە نابنە جێگای متمانەی ئەوان. سلێمانی و بەرەی ئێرانیەکان سەر بە دوو باوەرو شۆپی جیاوازن و لە قوڵای باوەرداریدا دوور نیە نەبنەوە بە نەیار. من بۆخۆم پێموایە ئایندەی سلێمانی و شێوازی مامەڵەکردن لە گەڵیدا لە سەر توانای رمبازێی سیاسی سەرکردەکانی یەکێتی و گەمەی سیاسی ناوچەکە دەوەستیتەوە.

لەم بارو حاڵەدا ملهوری و لاساری و دەمار ئەستوری فەرمانرەوای حکومەتی عێراق و ملنەدان بۆ داواو خواستەکانی ئەمریکا لە گەڵ ئەقڵ و لۆجیکدا بە هاوسەنگی نایەنەوە، باجی رووبەرووبونەوەی ئەمریکا زۆر لەو دژوارتر دەبێت، کە دەخوێندرێتەوە. ئەمریکا لە ئەورۆدا لە مەنزیلی وەحشیگەرایدایە، بۆ مانەوەی لە سەر دەسەڵاتی جیهان دەست لە هیچ ناپاریزێت، بە شیوەیک بەلەسە بووە، چۆن خۆتی لێبدەیت دەسوتێیت.

لەم دۆخەدا هیچ گومانی تیادا نیە، کە ئێرانیەکان دەم لە پوش لە عێراق دەردەکرێن، خۆ چەپەرەدان لە دیوەزمەی وەحشیگەرانی ئەمریکا لانیکەم لە پێوەدانی دووپشک رزگاری دەکات. باڵفتەی ئەقل ئەوە دەخاتەروو، بەرژەوەندی ئێرانیەکان و شیعەی عێراقیش لەوەدایە بە لۆجیک مامەڵە لە گەڵ ئەم دۆخەدا بکەن. سەرئەنجام لەم وڵاتە دا شیعە زۆرینەن و هاوکات لە رووی باوەرداریەوە هیچ هێزێک ناتوانێت لە ئێرانی دابرێت.

بابەتى تر

👤
Live: 24 Today: 91 📊 Click Here