رێبەر ئەحمەد: هۆکاری کۆچکردنی گەنجانمان بەدەر لە ئیرادە و بڕیاری خەڵکی کوردستانە و پێویستی بە چارەسەرێکی بنەڕەتییە

_
وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، هەوڵی باش بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە دراوە لەکاتی کۆچکردندا لە لیبیا گیریان خواردووە و “ژمارەیەکی زۆر لە قاچاخچییانی کۆچبەرانیان لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کردووە.”
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی 10ـی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی یەکەمین دیداری پەیماننامەی ی کۆچ کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە هۆکارەکانی کۆچی گەنجان کرد و رایگەیاند، ”ئەوەی دەبێتە هۆی کۆچکردنی گەنجانمان، بەدەر لە ئیرادە و بڕیاری خەڵکی کوردستانە و پێویستی بە چارەسەرێکی بنەڕەتی هەیە.”
ئاماژەی بەوەشکرد، گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ سەر هەرێمی کوردستان هۆکارێکی کۆچی گەنجانن و وتی:،”کاتێک شاندی وڵاتان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، یەکێک لە داواکارییە یەکانمان ئەوەیە کە گوشار بخەنە سەر حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بکات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی ش پارێزراو بن.”
جەختیشی کردەوە لەوەی، ”نابێت چی دیکە بە هیچ پاساوێک، مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دوا بکەوێت. ئەوە مافێکی سەرەتایی مووچەخۆرانە، بەڵام بەداخەوە پرسی مووچە بووەتە بابەتێکی سیاسی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دژی هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنن.”
وەزیری ناوخۆ گوتی: ”ئێمە بەرپرسین بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆمان، چی لێرە و چی لە دەرەوەی وڵات. هەوڵدەدەین لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەوانەی لە لیبیا دەستگیرکراون، بگەڕێندرێنەوە، فەرمانگەی یەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، کاری زۆر باشیان بۆ گەڕاندنەوەی گەنجانی کورد کردووە.”
ئەوەشی خستەڕوو، بە سوود وەرگرتن لە ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ وڵاتان، توانیویانە بەشێکی زۆر لە تۆڕەکانی قاچاخچێتی دەستنیشان بکەن و هەڵیانبوەشێننەوە، “بەشێکی زۆری ئەو قاچاخچییانە دەستگیرکراون و ‘ئەو نوسینگانەش کە پارە بۆ قاچاخچییەکان حەواڵە دەکەن، داخراون و رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر. بەگشتی دیاردەی قاچاخچێتیمان لە هەرێمی کوردستان کەم کردووەتەوە.”















Post Comment