سودانی: پلانێکی تۆکمەمان بۆ دەستەبەرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی داڕشتووە

سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە کە حکومەت پلانێکی تۆکمەی بۆ دەستەبەرکردن و پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی داڕشتووە، ئەم پلانە گرێبەست و پڕۆژەی چاکسازی مۆدێرن لەخۆدەگرێت کە لەسەر بنەمای نوێترین تایبەتمەندی و سەرچاوە نێودەوڵەتییەکانە.
رۆژنامەی سەباح بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتویەتی، دوابەدوای سەرکەوتنی بەرچاوی سیاسەتی دەرەوەی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵکشانی سەربازیی ناوچەیی حکومەت پلانێکی تۆکمەی بۆ دەستەبەرکردن و پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی داڕشتووە.
وتیشی، خوازیاری پابەندبوونی کاریگەرانە بە رێککەوتنی ئاگربەست بۆ دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی ململانێکانە و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئاسایش و سەقامگیری عێراق لە پێشینەی کارەکانیانە.
باسی لەوەشکرد، پلانی پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پڕۆژەی چاکسازی مۆدێرن لەخۆدەگرێت کە لەسەر بنەمای نوێترین تایبەتمەندی و سەرچاوە نێودەوڵەتییەکانە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک لە داهاتوودا.