دیوە نەبینراوەکەی کردە تیرۆریستیەکانی ئوسترالیا: هاوکێشەی مەولا و مەوالی

دیوە نەبینراوەکەی کردە تیرۆریستیەکانی ئوسترالیا: هاوکێشەی مەولا و مەوالی

جار بینراوە: (871)

دوێنێ باوک و کوڕێکی پاکستانی ١٦ هاوڵاتی مەدەنی و بێ گوناهیان لە سیدنی تیرۆر کرد و دەیان کەسی تریشیان بریندار کرد.

لە کردەوە تیرۆریستیەکەی دوێنێدا، عارەبێکی سوری بەناوی ئەحمەد ئەلئەحمەد وەک پاڵەوانێک پەلاماری یەکێک لە پاکستانیەکانیەکانی دا و تفەنگەکەی لێسەند. پاڵەوانێتی ئەو نەبوایە، ژمارەی کوژرا و بریندارە جووەکان و خەڵکی تر زۆر زیاتر دەبوو.

ئێستا، جگە لە بنەماڵەی بەناهەق کوژراو و بریندارەکانی دەستی تیرۆری باوک و کوڕە پاکستانیەکە، لە ناو دوو خانەوادەی دیکەدا دوو چیرۆک و دوو کەش و هەوای تەواو پێچەوانە هەیە.

یەکەمیان لە خانەوادەی باوک و کوڕە پاکستانیەکە و ئەوی دیکەیشیان لە هی پاڵەوانە عاڕەبە سوننە سوریەیەکە.

دۆخی خانەوادە پاکستانیەکە، کە باوکە تیرۆریستەکەیان کوژراوە و کوڕەکەیشیان بە برینداری گیراوە، شێواوە و بۆ هەمیشەش بەشێواوی دەمێنێتەوە و ئیدی ناتوانن ژیانێکی سروشتی بژین، نە لە ئوسترالیا و نە لە پاکستان و نە لەهەر گۆشەیەکی تری ئەم دونیایە.

هەرچی خانەوادە عارەبەکەشە، چیرۆکێکی دیکەیە…

ئێستا لە ماڵی ئەحمەد ئەلئەحمەد جەژن و شادییە. سەرتاپای خانەوادە ئەلئەحمەد هەست بە خۆشی و شادی و شانازی دەکەن کە ئەو ئێستا لەچاوی نزیک بەتەواوی ئوسترالیەکان وەک پاڵەوانێک ناوبانگێکی هەمیشەیی بەخشی بە خۆی و خانەوادەکەی و رۆڵە و نەوەکانی.

هەر لە سەرۆک وەزیرانی ئوسترالی و هەتا ناتانیاهۆ و ترەمپ ئاماژەیان بە ئازایەتی و پاڵەوانێتی ئەم کۆچبەرە عاڕەبە سوریە دەکەن کە ژیان و گیانی دەیان جوو و خەڵکی دیکەی سیڤیلی پاراست.

ئەو هەر بەڕاستی پاڵەوانەو منیش هەم دەستخۆشی و ئافەرین و هەم پیرۆزبایی لێ دەکەم.

بەڵام ئێوە هەڵەیەک و ناجۆرییەک لەم چیرۆکەدا نابینن…؟

پاڵنەری ئەو باوک و کوڕە تیرۆریستە پاکستانییە بۆ رەشەکوژی جووە بێتاوان و سڤیلەکانی سیدنی تۆڵەکردنەوەیە بۆ غەززە.

بەڵام کامیان نزیکترن لە غەززە، عارەبە مەولاکەی سوریا یان باوک و کوڕە مەوالییەکەی پاکستانی…؟

واز لە غەززە بێنن، ئێستا ئیسرائیل گەییشتۆتە گوندەواری دیمەشق و کەم هەفتە هەیە کە ناوچەیەکی سەریا بۆردومان نەکات، یان کۆمەڵێک لە باندەکانی سەر بە جۆلانی نەکوژێت، کە هەم هاوخوێن و هاودین و هاوزمان و هاوڵاتی ئەحمەد ئەلئەحمەدن نەک دوو پاکستانیەکە.

بە هەموو پێوانەیەک بێت، دەبوایە ئەحمەد ئەلئەحمەد تیرۆریستەکە بوایە و باوک و کوڕە پاکستانییەکە، کە نوێژەکانیشیان رەوان نییە و رەوانیش بێت لەماناکەی تێناگەن، ئەم رۆڵە پاڵەوانەیان بینیبوایە کە ئەحمەد ئەلئەحمەد بینی.

هاوکێشەیەکی پێچەوانە و ناجۆرە…

بۆ تێگەییشتن لەو هاوکێشەیە، دەبێت لە سیستەمی مەولا و مەوالی تێبگەین، کە سیستەمێکی کۆیلایەتی بە کۆمەڵی نەتەوە موسوڵمانە نا عەڕەبەکانی سەردەمی ئەمەویەکانە.

لەو سیستەمەدا، عاڕەب مەولا و موسوڵمانە غەیرە عارەبەکانیش مەوالی بوون. سیستەمێک هاوشێوەی کۆیلایەتی بەکۆمەڵی گروپە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان.

لەم سیستەمەدا مەولا هەقی هیچی نییە، مەوالی هەموو کارێکی بۆ دەکات..

بۆ نموونە، مەولا شەڕ و غەزەوات و فەتوحات ناکات… مەوالی ئەم ئەرکەی بۆ ئەنجام دەدات و بەرهەمەکەی بۆ مەوالیەکانی دێنێتەوە. خەلیفەی ئومەوی مەولا و و تاریق بن زیادی ئەمازیغی و لەشکرەکەی و فەتحی ئەندەلوس، نموونەی زەقی ئەم حاڵەتەیە.

مەولا ناچێت شۆڕش و یاخی بوون بکات و هەوڵی ئەوە بدات خۆی ببێتە خەلیفە… مەوالییەکان دەچن شۆڕش دەکەن و کە شۆڕشەکەشیان سەرکەوت، مەولا عارەبەکانیان دەکەنە خەلیفە. لە روخاندنی ئەمەویەکان و بوونە خەلیفەی عەباسیەکان، ئەبو موسلیم خوراسانی لەشکرە کورد و فارسەکەی ئەم رۆڵەی مەوالی بینی.

مەولا ناچێت شەڕی بەرگری لە خەلافەتەکەی بکات و مەوالی دەچێت خۆی و سەربازانی نەتەوەکەی دەبات ئەم بەرگریەی بۆ دەکات، رۆڵی خەلیفەی عەباسی مەولا و سەلاحەدینی ئەییوبی مەوالی لەشەڕی خاچ پەرستەکان نموونەی ئەم حاڵەتەیە.

هەمان ئەزموون، لە سوریا و لەشەڕی رژێمەکەی ئەسەد راستە. هەموو شەڕە یەکلاکەرەوەکان، موجاهیدە مەولاکانی ئیغۆری و تاجیکستانی و تورکستانی و چیچانی کردیان… دەسەلاتەکەش بووە هی جۆلانی و عاڕەبە سوننەکان.

سەردێکی کردە تیرۆریستییەکانی ئەلقاعیدە و داعش لە ئوسترالیا، لە ٢٠١٤ تا ئێستا، هەمان ئەو یە سەیرەی نێون مەولا عاڕەبەکان و مەوالیە غەیرە عارەبەکانمان پیشان دەدات.

لە ١١ ساڵی رابردوودا نۆ کردەی تیرۆریستی لە ئوسترالیا ئەنجام دراون…

هاندەری هەر نۆ کردە تیرۆریستیەکە بەرگری کردن بووە لە دۆزی عارەبەکان. زۆربەی ئەو کردەوە تیرۆریستیانە یان بۆ تۆڵەی عێڕاق و سوریا یان تۆڵەی غەززە و فەلەستین ئەنجام دراون.

بەڵام عەجایبەکە ئەوەیە هیچ عارەبێک، ئەم ٩ کردە تیرۆریستیانەیان ئەنجام نەداوە، سەرجەم نۆ کردە تیرۆریستیەکەی ئوسترالیا، سەر بە نەتەوە غەیرە عارەبەکان بوون.

ئەوە لەکاتێکدایە نزیکەی ٢٥ هەزار فەلەستینی و زیاتر لە ٤٠٠ هەزار عاڕەب لە ئوسترالیا دەژین.

هەڵبەت بە هەموو پێوانەیەک، چاوەڕوان دەکرێت کە عاڕەبەکانی هەر کام لەم سێ وڵاتە، واتە عێڕاق و سوریا و فەلەستین بە پلەی یەکەم لە پشت ئەم کردەوەیە بن. بە پلەی دووەمیش عاڕەبەکانی باقی ١٩ وڵاتەکەی تر ئینجا نەتەوەکانی تر.

بەڵام پاشخانی نەتەوەیی هەر کام لە ٩ تیرۆریستەکە بەم جۆرەیە: سێ پاکستانی، دوو سۆماڵی، دوو بەنگلادیشی، لەگەڵ کوردێک و ئێرانیەک و ئەفغانیەک.

ئەم نۆ تیرۆریستانە دەبوایە لەپێناوی نەتەوە و وڵاتی خۆیاندا تێبکۆشن و قوربانی بدەن، بەر لەوەی هەوڵ بدەن بۆ کێشەی خەڵکی تر، واتە عاڕەبە سوری و عێڕاقی و فەلەستینیەکان ماڵی خۆیان و خەڵکی تریش وێران بکەن، لەکاتێکدا عارەبەکانی ئوسترالیا، هەرگیز ئامادە نین لە پێناو ئەو دۆزانەیاندا بچوکترین قوربانی بدەن.

ئێستا و بەلەبەرچاو گرتنی ئەم هەقیقەتانەی سەرەوە، تێگەییشتن لە سیستەمی مەولای عارەبەکان و مەوالی نەتەوە غەیرە عارەبەکان ئاسانترە…

پرسیار ئەوەیە کە ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کوردە مەوالیەکانی باشور، بۆ یەک جاریش بێت کوردانە و نیشتیمانیانە و مرۆڤانە بیر بکەنەوە و کۆت و بەندی مەوالێتیان بۆ عاڕەب و تورکەکان بشکێنن…؟

وەڵامەکەی بۆ ئێوە جێ دەهێڵم..

لەخوارەوە، بەروار و شوێنی ئەو کردە تیرۆریستیانەی لە ١١ ساڵی رابردوو لەئوسترالیا لەلایەن مەوالیەکانەوە ئەنجام دراوە ریز دەکەم، لەگەڵ ناو و رەچەڵەکی تیرۆریستەکانی هەر کردەیەک

١) نوعمان حەیدەر، داعشێکی ئەنفغانی، کردە تیرۆریستیەکەی ملبۆرنی ئەنجام دا، ١٤ی ئەیلولی ٢٠١٤.

٢) مان هارون، داعشێکی ئێرانی، کردە تیرۆریستیەکەی سیدنی ئەنجام دا، ١٥ی دیسەمبەری ٢٠١٤.

٣) فەرهاد، مناڵێکی تەمەن ١٥ ساڵەی کوردی باشور، کردە تیرۆریستیەکەی سیدنی ئەنجام دا، ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥.

٤) ، ئیحسان خان، ئەلقاعیدە، بەنگلادیشی، کردە تیرۆریستیەکەی سیدنی ئەنجام دا، ١٠ی ئەیلولی ٢٠١٦.

٥) زیشان ئەکبەڕ، پاکستانی، کردە تیرۆتیستیەکەی ٥ی نیسانی ٢٠١٧ی لە سیدنی ئەنجام دا.

٦) یەعقوب خەیرە، ئەلقاعیدە، سۆماڵی، کردە تیرۆریستیەکەی ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٧ی لە ملبۆرن ئەنجام دا.

٧) موئمینە شوما، بەنگلادیشی، داعش، کردە تیرۆریستیەکەی ٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ی لە ملبۆرن ئەنجام دا.

٨) حەسان خەلیف، سۆماڵی، کردە تیرۆریستیەکەی ٩ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ی لە ملبۆرن ئەنجام دا.

٩) ساجید ئەکرەم و نەڤید ئەکرەم، پاکستانی، کردە تیرۆریستیەکەی ١٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٥،

ئەم لیستەی سەرەوە ئاماژەیەکە کە هێشتا و لەسەدەی ٢١دا یوەندی مەولا و مەوالی نێوان عاڕەب و گەلانی تری وەک کورد و ئەفغانی و سۆماڵی بەنگلادیشی و پاکستانی، بەشێوە و فۆرمی سەردەمیانە هەر زیندووە.

ئایا ئەمە پرسێک نییە بۆ عیبرەت و وانە وەرگرتن، بەتایبەت بۆ ئێمەی کوردی بێ دەوڵەت…؟

بابەتى تر

👤
Live: 158 Today: 2,036 📊 Click Here