دوو شارەزای بواری كەشناسی پێشبینی پایزێكی وشک و زستانێكی پڕ له باران دەكەن

_
دوو شارەزای بورای كەشناسی لە هەرێمی كوردستان و عێراق، پێشبینی دەكەن، باران بارینی وەرزی پایزی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان كەم بێت و وەك پێویست نەبێت و زستانەكەشی بە پێچەوانەوە پڕ لە باران بێت.
محەممەد كەمال، شارەزا لە بواری كەشناسی بەی راگەیاند، باران بارین لە دوای 15ـی تشرینی یەكەمی 2025، لە ناوچە شاخاوییەكان دەستپێدەكات و لەناو مانگی تشرینی دووەم، لەناو سەنتەری شارەكان دەستپێدەكات.
پێشی وایە، باران بارین بەگشتی لە پایزدا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان لەخوار ئاستی ساڵانەوە دەبێت و بڕی باران كەمتر دەبێت.
بەپێی قسەكانی ئەم شارەزایە، لە دوای مانگی دوانزەوە دەكەوینە زستانەوە و پێشبینی دەكات، بارانێكی باش ببارێت و ڕێژەی بەفر و باران بارین لەئاستی ئاسایی زیاتر بێت.
لەلایەن خۆیەوە سادق عەتییە، شارەزای ناسراوی عێراقی له بواری كەشناسی، بەی ڕاگەیاند، وەرزی باران بارین لە دوای ناوەڕاستی مانگی دەوە دەستپێدەكات و بارانی پایزی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان كەم دەبێت و لەخوار ئاستی ساڵانەوە دەبێت.
وتيشى، باران بارین لە وەرزی زستاندا باشتر دەبێت و پار ساڵ هەموو ناوچەكانی كوردستان بارانبارینێكی كەمی بەخۆوە بینی، كە لە خوار ڕێژەی دیاریكراوەوە بوو، ڕێژەكە نەگەیشتە 60%یش.
پێشبینیشی كرد، سەرەتای وەرزی باران بارینی ئەمساڵیش، بارانبارین لە هەرێمی كوردستان لەخوار ڕێژەی ساڵانەوە دەبێت، بەڵام لە وەرزی زستان بارانێكی باش دەبارێت.















Post Comment