درووشمەکانی کاندیدانی ژن لە دەسەڵاتی پیاودا
تا ڕادەیەک درووشمی کاندیدانی ژن لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ڕاست و جێبەجێکراو بێت بەندە بەچەند فاکتەرێكی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری، هەر بۆیە زۆرێک لە درووشمەکان لە ڕۆاڵەتدا پێشکەوتووخواز دەردەکەون، بەڵام لە جێبەجێکردندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە.
درووشمەکانی کاندیدە ژنەکان بە گشتی پێشکەوتووخوازن و بریتین لەوانەش، دەرکردنی یاسا لە بەرژەوەندییەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکان دژی ژنان، چەسپاندنی یەکسانی ژن و پیاو لە یاسا و دەرفەتەکان، دابینکردنی پاراستن و پشتیوانی بۆ ژنانی قوربانی، پشتگیریکردن لە مافەکانی ژنان، زیادکردنی بەشداری ژنان لە بڕیاردانی سیاسی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری ژنان لە سیاسەت و کارگێرییەکان، تواناسازی ئابووری ژنان و بەهێزکردنی بەرەوپێشچوونی ئابووری ژنان، پرسی نەتەوە و ژینگە، پرسی گەنجان و منداڵان.
بە درووشمەکان وا دەردەکەوێت کۆمەڵگەی کوردی بە بەراورد بە دەیان ساڵی ڕابردوو هەڵوێستێکی کراوەتر بەرانبەر بە ڕۆڵی ژنان هەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا کێشەکە لە جێبەجێکردندایە و سەرەڕای پێشکەوتن لە ئامادەبوونی سیمبولی ژنان لە پەرلەمان و ناوەندی بڕیاردان، بەڵام لە لایەن حزبە سیاسییەکان و پیاوانی دەسەڵاتخواز بەربەستی زۆر لەبەردەم جێبەجێکردنی درووشمەکانیان درووست دەبێت.
لە نێو حزبە سیاسییەکاندا هێشتا پیاوان باڵادەستن و بڕیارە گرنگەکان بە دەگمەن لەلایەن ژنانەوە دەدرێن، لە زۆر بواردا، بەشداری چالاکانەی ژنان لە سیاسەتدا ڕووبەڕووی هەڵوێستی نەرێنی و سنووردار دەبێتەوە، یاساکان بۆ پشتگیری ژنان لاوازن و جیاکاری ڕەگەزیی هەیە، حزبە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە پشکی ٢٥٪ بۆ ٣٠٪ ـی ژنان، تەنها ناوی ژنەکان لە لیستەکانی هەڵبژاردندا بەکاردەهێنن بەبێ ئەوەی ڕۆڵی ڕاستەقینەیان پێبدەن.
هۆکاری پەسەندنەکردنی بەڵێنەکانی ژنانی سیاسەتمەدار لەپەرلەمان (چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە عێراق) ڕەگ و ڕیشەی بۆ چەند ئاستێکی پێکهاتەیی و کلتووریدا دەگەڕێتەوە، چونکە سیستەمی پیاوسالاریی و دەسەڵات گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ژنانی تێکۆشەر، تەنانەت ئەگەر ژنان لە پەرلەمانیش بن، بڕیاری وەک دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای گرنگ لە کۆبوونەوەکانی ناو حزبەکان و لایەنەکان دەدرێت، لە زۆر حاڵەتدا، نوێنەرانی ژن بەهۆی دابەشبوونیان بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا و زاڵبوونی پەیرەو و پرۆگرامی حزبەکان بەسەریاندا، ناتوانن لەناوخۆی خۆیاندا یەکگرتوو بن، ناتوانن لەسەر یاساکانی پەیوەست بە ژن کۆدەنگ بن و دەنگ بدەن، سەرەنجام درووشمەکان پەرتەوازە و ناڕێک دەمێننەوە و نابنە یاسا.
هەروەها پرۆژە یاساکانی پەیوەست بە مافەکانی ژنان لە لیژنەکاندا ڕادەگیرێن، ئەو دامەزراوانەی کە دەبێت پشتگیری ئەم پلانانە بکەن وەک وەزارەتی کاروباری ژنان یان کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان نییە، جگە لەوەی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە هێشتا تێڕوانینێکی نەریتی و ئایینی سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان هەیە، هەر بۆیە کاتێک پرۆژە یاسایەکی وەک “قەدەغەکردنی فرەژنی” پێشنیار دەکرێت، فشاری ئایینی و کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی بەرچاو درووست دەبێت و نوێنەرەکان لە ترسی کاردانەوەی کۆمەڵایەتی پاشەکشە دەکەن.
ژنان دەتوانن نوێنەرایەتی خۆیان وەک ڕەمزی داکۆکیکارێکی کاریگەر و ڕاستەقینەی ژنان بپارێزن، بۆ ئەوەش گرنگترین هەنگاو ئەوەیە کە ژنان لە پەرلەمان بەدەر لە ئینتیمای حزبی لەگەڵ یەکتر یەکبگرن و ئەو کات دەتوانن بە یەک دەنگ قسە بکەن و بە کۆمەڵ دەنگ بدەن و پڕۆژە یاساکان بە ڕێگای فشار بخەنە بواری پەسەند کردن و جێبەجێکردن، هەروەها داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان تەنها لە ئەستۆی ژنان نییە و ژنان دەتوانن پیاوانی پێشکەوتووخواز و ڕۆژنامەنووسان و نوێنەرانی ڕیفۆرمخواز لەپاڵ خۆیاندا کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی دەنگیان بەشێوەیەکی بەرفراوانتر ببیسترێت.
نوێنەرانی ژن دەتوانن میدیا و بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار بهێنن بۆ ئامادەکردنی ڕای گشتی و درووستکردنی فشاری کۆمەڵایەتی بۆ پەسەندکردنیان، هەروەها دەتوانن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و دامەزراوەکانی مافەکانی مرۆڤ هاوکاری وەربگرن بکەن بۆ پاڵپشتی یاسایی و تەکنیکی، لەگەڵ ئەوەشدا ژنانی چالاک هەیە کە بەڵێنەکانیان بەجێی گەیاندووە و گۆڕانکارییەکان لە مافەکانی ژنان درووست کردووە، بۆ نموونە هەندێک لە نوێنەرانی ژن لە پەرلەمانی هەرێم توانیوویانە پڕۆژە یاسایەک سەبارەت بە توندوتیژی خێزانی و مافەکانی منداڵان پەسەند بکەن















Post Comment