حەج و عومرەی کوردستان: پرۆسەی وردبینی بۆ ناوی خوازیارانی حەج تا کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت

_
وتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند: وردبینی بۆ ناوی خوازیارانی حەجی ساڵی 2026 دەستیپێکردووە، لە کۆی 59 هەزار و 389 خوازیار، وردبینی تەواو بۆ ناوی 46 هەزار و 507 ناو کراوە، پرۆسەکەش تا کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند: پاش کۆتایی هاتنی پرۆسەی ناونوسینی خوازیارانی حەج، دەستیان کردووە بە وردبینیکردن لە داواکارییەکان و تاوەکو ئێستا 6556 کەس لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان نامەیان بۆ چووە و ئاگادار کراونەتەوە کە، پێویستە زانیارییەکانیان ڕاست بکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەکو پێویست خەڵک نامەکانیان نەکردووەتەوە و زانیارییەکانیان ڕاست نەکردووتەوە.
هەروەها داوای لەو کەسانە کرد کە نامەیان لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی وەتسئاپ و ڤایبەر پێگەیشتووە، بە زووترین کات زانیارییەکانیان ڕاست بکەنەوە و کەموکوڕی فۆرمەکانیان تەواو بکەن، چونکە ئەگەر بەم شێوەیە بمێننەوە، ئەوا مافی بەشداریکردنیان لە تیروپشکی ناوی خوازیارانی حەج نامێنێت.
سەبارەت بە کاتی بەڕێوەچوونی تیروپشکی ناوی خوازیارانی حەج؛ ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا خەریکی پرۆسەی وردبینکردنی ناوی خوازیارانی حەجن و لە کۆی 59 هەزار و 389 فۆرم، 46 هەزار و 507 فۆرم وردبینی تەواویان بۆ کراوە و ئامادەن بۆ تیروپشک.
وتیشی: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، پرۆسەی وردبینیکردنی فۆرمەکان بە کۆتایی دێت، دواتریش قوناغی بەراورد کاری ناوی خوازیارانی حەج دەستپێدەکات، هەر کەسێک پێشووتر وەکو هاوڵاتی حەجی کردبێت، ئەوا مافی نابێت جارێکی دیکە حەج بکات و دەرفەتەکە بۆ هاووڵاتیانی دیکە دەبێت کە تاوەکوو ئێستا حەجیان نەکردووە، ئەمەش لەسەر بنەمای یەکسانی و پەیڕەوکردنی دادپەروەری لە نێوان هەموو هاوڵاتیانی کوردستان بەبێ جیاوازی.















Post Comment