حوکمدارییە شکست خواردووەکەی هەرێمی کوردستان

عوسمان فایەق
لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی دوایی، حوکمداریی پارتی دیموکراتی کوردستان و مسرور بارزانی وەکو سەرۆک وەزیران بووەنەتە نموونەیەکی ڕوون لە شکستی بەڕێوەبردنی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان، کە بە تەواوی پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەیە کە لە ٢٠١٩دا درا کە “هەرێمی کوردستان دەبێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ناوچەکەدا”. لە کاتێکدا کە بەڵێنی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی ئابووری درا، ئەنجامەکان بە تەواوی پێچەوانەی ئەوەن: زیانی بیست ملیار دۆلاری بەهۆی ملمالانێکانی نەوت لەگەڵ بەغداد، بێکاری بەرفراوان کە گەنجان ناچار کردووە بەتەواووی نائومێدبن لە وڵات و داهاتوویان، دواکەوتنی بەردەوامی موچەکانی کارمەندان، و لە هەمان کاتدا کۆکردنەوەی سامانی دزراو زانراو نەزانراو لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە. پرسیارە بنەڕەتییەکان بەردەوام بێ وەڵام دەمێننەوە: بۆچی لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە ٨ ملیار دۆلار داهاتی نەوتی هەیە، موچەی کارمەندان مانگانە دوا دەکەوێت؟ کوا ئەو ملیار دۆلارە کە بە ناوی “خەرجی گەشەپێدان” تۆمار کراون، بەڵام کۆڵانەکانی هەولێر و سلێمانی هێشتا بە شەو لە تاریکیدان؟ بۆچی لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان لەسەر نەوت مەلە دەکات، نرخی سووتەمەنی بەردەوام بەرز دەبێتەوە لە بازاڕی ناوخۆیدا؟ سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان خاوەنی سەرچاوە سروشتییە دەوڵەمەندەکانە، بەڵام ناشفافی لە بەڕێوەبردنی ئەم سەرچاوانەدا و پشتگوێخستنی بەرژەوەندی گشتی لەبەرامبەر بەرژەوەندی تایبەتیدا، هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە قۆناغێکی وا کە تەنانەت بنەڕەتییترین خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، ئاو، و تەندروستی بە شێوەیەکی ستاندارد دابین نەکراوە. لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان لە ڕیزبەندیی جیهانیی گەشەپێدانوێنا دەکرێت لەلایەن بەرپرسە گەندەڵەکانی یەکێتی و پارتیەوە ، بەڵام هەرگیز بەو شێوەیە نیە لەکاتێدا هاوسنووری وەک تورکیا و ئێران لە دۆخی ئابووری و خزمەتگوزارییەکانیان زیاتر بە پێشەوە چوون. ئەم دۆخە وایکردووە کە پشتیوانی جەماوەری لە حکومەتی هەرێم کەم بێتەوە و هەستی بێباوەڕی لە بەرنامە سیاسییەکان زیاد بکات، لە کاتێکدا کە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد لەسەر لقی شکانەوە و مەترسیی جەنگی نوێی ناوخۆیی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی هەرێم هەڵدەگرێت. لە کۆتاییدا، ئەم دۆخە پرسیارێکی بنەڕەتی دەخاتە ڕوو: ئایا ئەم شێوەیە لە حوکمدارییە لە یەکەمین دەیەی سەدەی بیست و یەکەمدا پەسەندکراوە، یاخود کاتی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هاتووە؟ چونکە پێموایە نە مەسرور بارزانی بۆ دەسەڵات و سەرۆک وەزیرانی دەبێت پێویستە هەرگیز ڕێگەی پێ نەدرێتەوە بێتەوە دەسەڵات نە پارتیش ئەو حیزبەیە کەپشتر پێ ببەسترێت لە دوای هەموو ئەو شکست و نسکۆیانەی بە سەر کوردیاندا هێناویانە هەر لە مەلا مستەفای باوکیانەوە تاوەکو دەکاتە ئەم منداڵە وردلنەی ئامادەیان دەکەن بۆ جێگرتنەوە