تای هەڵبژاردن كەی تەواو دەبێت
ناتەبایی سیاسی و نەبونی ستراتیژی نیشتمانی قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكانی زیاتر بەرەو مەترسی و هەرەس دەبات ،دەرئەنجامی دوو هەڵبژاردنی ڕابردووی پەڕلەمانی كوردستان و پەڕلەمانی عێراق خەریكە بۆ كورد دەبێتە لەكەیەكی گەورە لە ترازان و تەشەنوج و تەخوین و سڕینەوە ، لەكاتێكدا دەبێت هەڵبژاردن گڕوتینێكی نوێ بكات بەبەری حزب و دەسەڵات و حومكڕانی و دەرئەنجام و گۆڕانكاری دەنگی هاوڵاتی.
زۆرجار مرۆڤ خەم و حەسرەتێكی قوڵ دای دەگرێت كە تەماشای دیمەنە سیاسیەكان دەكات لەو هەموو ناتەبایی و خۆخۆری و خۆسەپاندنە ، بۆ مرۆڤی هۆشیار وەك ئەریك فرۆم دەڵێت هۆشیاریەكەی كێشەی بۆ دروست دەكات و ئەم خەمە كەڵەكەبوانە دەبنە وەرەم لە مێشكی دا ، كاتێك ئێمە بەو بچوكیە وەك كورد لەو جیهانە گەورەو گرانە بێ پەناو پشتیوان بەڵام لە خەمی خۆمان نین سەرباری ئەو هەموو تەحدی و مەترسیانە لەسەر شوناس و خاك و خەڵك و سامان و ئاسمان و ڕێسمان كەچی خۆمان بە ئەندازەی دونیا گەورە كردوە لە خۆڕا…
هێشتا بەشێك لە هێزە سیاسیەكان تای هەڵبژاردن بەری نەداون وەك قۆناغی بانگەشە مامەڵەدەكەن بێ گوێدانە یاساو دەستور و خەمی خەڵك و خواستەكان ،تۆسەیری شیعەو سونە بەو پەڕی ناتەباییان بەڵام دواجار لەسەر مێزی گفتوگۆ لەسەر ئاستی كەسی یەكەم كۆدەبنەوەو ڕێكدەكەون ، بەڵام لەوەشدا ئێمە كۆك نین و لەگەڵ دەیان داواو پڕۆژە بۆ كۆبونەوەی هێزە سیاسیەكان و دانانی ستراتیژی نیشتمانسازی لەم دۆخە ئاڵۆزە ، بەڵام هیچ كۆبونەوەیەك نیە نە لەسەر ئاستی كەسی یەكەم و نە مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی و تەنانەت پەڕلەمانتاروفراكسیۆنەكانیش…
لەخۆڕا فایەق بێكەسی شاعیر نەی فەرموە
کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە
دوو دڵن پیسی لەگەڵ یەک، بۆیە وا بێ لانەیە
بەڕاستی پیس و بودەڵەین و ناگەین بە مەقسەد، ئەگەرنا حەیفە ئەو جۆرە مامەڵەو شكاندن وبەرژەوەندی خوازیە لەگەڵ ئەوهەموو مەترسی ئەوهەموو دەرفەتەباشانەی لەبەردەستن بۆ كوردلەم قۆناغەدا.
ئەگەر چی زۆرجار دەڵێن بێدەنگی ستەمكاری دروستدەكات بەڵام ئیتر خەریكە قسەكردنیش ئەو ماناجوانەی نامێنێت و ئامانجەكان ناپێكێت ، تۆ تەماشاكە ئێستا بەشێك لە دەستەبژێرو دڵسۆزو حزب و خەباتی مەدەنی و داواكاری ڕەواو بەرەی هاوبەش و ناڕازی و دەیان دەستەو ئەنجومەن و گروپی دڵسۆز بەم خاك و نیشتمان و قەوارەیە نائومێدی باڵی كێشاوە بەسەریاندا چونكە ئیتر خەریكە بەتەواوەتی گوێكان كەڕ دەبن و چاوەكن كوێر…















Post Comment