بەڕێز کاک ئەرسەلان دەست خۆش بۆ دانپیانانەکەت کە دژایەتی زۆری (بەرهەم ساڵح)تان کرد. بەڵام ئایا دەزانی بۆ نەکەوت؟
جیاوازیی ئێمە و ڕۆژاوا، تەنها یەک شتە؛ ئەوان کە کەسێکیان تێدا هەڵدەکەوێ، بەهەمووان سەری دەخەن. ئێمە کە کەسێکمان تێدا هەڵدەکەوێ، بە هەموومان سواری سەری دەبین.
(غەسان کەنەفانی)
ڕاستکردنەوەیەک و بیرهێنانەوەیەک پێویستە
ڕاستکردنەوە:
١. هەتا ڕەوانشاد مام جەلال مابو، – هەرچەندە حەزێکی زۆر هەبو، کەستان نەتانتوانی دژایەتیی بەرهەم بکەن. چونکە مام جەلال هەر لە سەرەتاوە، بەرهەم – کە گەنجێکی سەرەتای سیەکان بوو- ، بە پشتیوانییەکی ڕوون و ئاشکرای توندی خۆیەوە، هێنایە ناوتانەوە. ناوی نابو ( کلیلی ئەقڵی من). دژایەتیی ئەو خەتی سوور بوو. نەتانکرد.
٢. دژایەتی کەسی بە توانا، هەرچەندە لە زەمانی شاخەوە هەبوو، بەڵام دوای نەخۆشکەوتنەکەی مام جەلال، خەستتر بوەوە. بڕیار درا، هەندێک کەس لە یەکیێتی زیادن. دەبێ، یا سوک بکرێن، یا دەربکرێن. ڕێکەوت وابوو، ژمارەیەک لەوانەی بەر ئەم هەڵمەتە کەوتن، ڕابەر و قەڵەمدار و بەتوانا و خاوەن بیرە ئازادەکانی ناو یەکیێتی بوون. یەکێتیەک، کە مامی بەڕێز دەیگوت؛ ( کەسمان لێ زیاد نیە ), لە پڕ بوو بە حزبێک, ڕۆڵە هەرە بەتواناکانی خۆی لێ زیاد بوو.
توانرا بەرهەم دەربکرێ، بەڵام نەتوانرا کۆتایی بە ژیانی سیاسیی بهێنرێ. چونکە، ئەو کاتەی پاڵی پێوەنرا، بەرهەم لەوە گەورەتر ببو بپلیشێتەوە. ژمارەیەک پۆستی باڵای لە ناو هەرێم و لەدەرەوە بینیبوو. – دوو جار سەرۆکی حکومەتی کوردستان بوو. دوایش بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق.
بەرهەم کوڕێکی تا بڵێی زرنگە، سیفەتی ڕابەریی تێدایە. هەر پلە و پۆستێکی وەریگرت، تیا درەوشایەوە. شوێن دەستی بەجێ هێشت. شایانی زیاتریشە.
بیرهێنانەوە:
پیشەی دژایەتی و ململانێی ناهەقانە، لە زەمانی شاخەوە هەبوو. ڕق و کینەی شەخسی، بەغیلی بە هاوڕێ و چاڵ هەڵکەندن بۆ هاوسەنگەری خۆت، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. ئەمانە هەموی هەبوو. ڕەنگە گەنجێکی ئەمڕۆ کە ئەوە ببیستێ، باوەڕنەکات؛ چۆن ژمارەیەک کەس، کە هەمو بۆ یەک ئامانج، بە ڕەزامەندیی خۆیان، گیانی خۆیان خستبێتە مەترسیەوە، ژیانێکی سەختی پڕ برسیێتی، ماندو بوون و مەترسیان هەڵبژاردبێ، بۆ یەک ئامانجی هاوبەش لە ڕێگا بن، چۆن وە لەسەر چی دەبێ چاڵ بۆ یەکتر هەڵکەنن؟!. کەچی دەکرا.
هەر ئەو کاتە دەرکەوت کە، هەرچەندە، بۆ زۆربەی هەرە زۆری پێشمەرگە، شاخ مەیدانی قوربانی بو، بۆ سەرخستنی کۆمەڵانی خەڵک بوو، بەڵام بۆ کەمینەیەک، شاخ مەیدانی هەڵپەی بێویژدانانەی دەسەڵات وزوڵمی ڕێگەپێدراو و سامان کۆکردنەوە بوو. پاشانیش بوو بە دەرفەتی کاسبیەکی پڕقازانج. شاخ بۆ ژمارەیەک کەسی لەخۆبردووی دڵسۆز و بەتوانا، تەنها لەبەر ئەوەی خاوەنی بیر و هەڵوێستی نەدۆڕاو بوون. تەنها لەبەر ئەوەی خەباتەکەی ئەمان مەترسیی دەخستە سەر پلە و پایەی کەسانێکی تر، .کرابو بە دۆزەخ. لە زەمانی شاخ، چەندین پێشمەرگە، سەرەڕای ترسی تۆپ و تەیارەی سەدام، سەرەڕای غەمی کەسوکاری بە سایەی ئەمەوە، زیندانی یا دەربەدەر کراو، دەبوایە بە مشوری ئەوەشەوە ڕۆژبەڕێ بکەن، نەکا لەپر، لەبەر قینێکی شەخسی، بە دەستی هاوڕێکەی خۆیان، لە چاڵ بخرێێن، لێ بدرێن، نەقڵ بکرێن.
جیاوازی فکر و بۆچوون و ململانێی ناو حزب، ڕەوایە. سودبەخشیشە. (ی ن ک) لەسەر ئەو بنەمایە دروست بوو. بەڵام ململانێیەک کە ئەنجامەکەی بە سوودی گشتی بشکێتەوە. ببێ بە هۆیەک بۆ درەوشاندنەوەی توانا بەرزەکانی کۆمەڵگا. زۆر بە داخەوە، لە شاخ هەندێک جار، وانەبوو. ژمارەیەک کەسی دڵسۆزی بوێری بەتوانا، ململانێ، بە ئامانجی پتەوکردنی عەدالەت و بەگەڕخستنی وزە و توانای سوودبەخش، بە زەرەر بۆیان شکایەوە. لە جیاتی ئەوەی بەرهەمی فکر و ماندوبونیان ببێ بە هۆی بەرزبوونە و و باڵا کردنیان، دژایەتی کران، پەردەی ڕەشی گوماناوی درا بەسەریاندا. بێگومان، دوای ڕاپەڕین، کە سامان ڕژا، ئەم نەریتە پتەوتر بوو.
بۆچی بەرهەم بە بەرداشی ململانێی هەڤاڵانە نەپلیشایەوە؟
بەرهەم، سەرەتای دەرکەوتنی، لە دەرەوەی وڵات بوو. دوور لە ململانێی هەڤاڵانە و تێکۆشەرانەی مەیدانی بێ ڕەحمی خەبات. دوور لە پاشقولی هاوڕێیانە. دوور لە بەرداشی بێبەزەیی خەباتی شاخ، توانی بە ئاسودە، دوور لە چڕنوکی هەڤاڵان و پشتئەستور بە پشتیوانیی توندی خودی بەڕێز مام جەلال، گەشە و نەشونما بکات. یاسای سروشتە؛ شلکە نەمامێک بە یەک دەست ڕیشەکێش دەکرێ، بەڵام کە بوو بە درەخت بە حەوت تەوریش نابڕدرێتەوە.
کە هێشتا لاوێکی کەم ئەزمون، لە دارستانی سیاسەت، چەکەرەیەک بوو، توانی دوور لە دەستێوەردانی هەڤاڵانی تێکۆشەری جەرگەی خەبات، تواناکانی خۆی بە گەڕبخات و لە خزمەتی گەلەکەی بەکاری بهێنێ. ڕەنگە خۆیشی نەزانێ چەندێک بەخت یاوەری بوە. کاتێ کە ئەم لە ژیانی ئاسودەی ئەوروپا و ئەمریکا خزمەتی دەکرد، دەیان کادری بەتوانای خۆنەویست، هەم لە شاخ و پاشان لە ژێر حەسار، بەردەوام بەم بەرداشەی پاشقولی بێ رەحمی هاوڕێیانە، وردوهاڕ دەبوون. سەدان چەکەرەی جێگای هیوای پاشەڕۆژ، لەژێر پێی ژمارەیەک دەسەڵاتدار و قسەڕۆیشتووی بێ توانای ناو حزب، پلیشانەوە. ئەمە بەو مانایە نیە کە بمەوێ لە توانای بەرهەم کەم بکەمەوە. بەرهەم بلیمەتە.
لە نوسینەکەتا بەڕێزت دەپرسیت؛ تۆ بڵێی هەمو میللەتێک ئاوا دژی خەڵکە بەتواناکانی خۆی بوەستێتەوە؟ وەڵامەکەی نەخێرە. ئەو میللەتانەی شەیدای ئازادی و ڕزگارین، دەچنە ژێر باڵی ئەوانەی هەڵدەکەون.
(غەسان کەنەفانی) ڕاستی گوتوە؛ جیاوازی ئێمە و ڕۆژاوا، تەنها یەک شتە؛ ئەوان کە کەسێکیان تێدا هەڵدەکەوێ، بەهەمووان سەری دەخەن. ئێمە کە کەسێکمان تێدا هەڵدەکەوێ، بە هەموومان سواری سەری دەبین.
نەک هەر کادری مام ناوەند، بەڵکو ژمارەیەک لە بەرپرسی ماندو و لێهاتو، ئەوانەی دەتوانین بڵێین یەکیێتی بە شانو بازوی ئەوان، بە ڕۆژانی سەخت و دژواری خەباتدا پەڕیەوە، ئەوانیش نەیانتوانی لە زەبری دژایەتیی هەڤاڵانە ڕزگاریان بێت. هەر کە درز لە ی نێوان ڕەوانشادان نەوشیروان و مام، سەری هەڵدا، هەڤاڵانی قسەڕۆیشتوو، لەبری پڕکردنەوەی ئەو درزە، درزیان کرد بە کەلەبەر. نەوشیروانیان ناچار کرد دەست لە حزبێک هەڵبگرێ کە هەموو ژیانی خۆی تێدا بەخت کردبو. ئەمە بەو مانایە نییە کە مام ونەوشیروانیش بێ هەڵەبون. یەکیێتی وەک ئەوەی دەستی لێوەشێنرابێ، کەوتە گیانی دڵسۆزەکانی خۆی، وەک دایکێک حاشا لە ڕۆڵەکانی خۆی بکات. تەنانەت توانی ( شێرکۆ بێکەس) ی مەزنیش بتۆرێنێ. شاعرێک، کە تەنها شێت و شەیدای کورد و کوردستان بوو، ئەوەی لە ژیاندا پێویستی بو، وەها کورسی و مێز و قەڵەمێک و چەند گڵۆزێک جگەرە بوو. ئەمیش لە پاشقولی شۆڕشگێڕانەی هاوڕێیانی خەبات، ڕزگاری نەبو.
یەکیێتی بۆ وای لێهات؟
ئەم نوسینە، نە شیوەنە بۆ کەس نە پەنجەی تاوانیشە بە ناهەق. هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەوەی؛ بۆ وامان لێهات؟ چۆن( ی ن ک ) لە حزبێکی نیمچە بەرەیی، ئاوێتەی ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە، بە قەولی مام؛( یەکیێتی ماسی و جەماوەریش ئاو بوون)، چۆن بو بە حزبێکی بێ چێژ و ئەندێشە. دوور لە کۆمەڵانی خەڵک، دابڕاو لە بیر و هوشیاری. چۆن کەوتە ئەم حاڵە؟ چۆن لە ئامانجی گرێدانی چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە، بوو بە ئامانجی حزبی عەشرەت و بنەماڵە؟ کامیان ڕاستە؟ ئەوسا یان ئێستا؟
دوای ڕێگایەکی سەختی خەباتی پڕ قوربانیی نەتەوەیی و چینایەتی، ئێستا وامان لێهاتوە بە شەجەرەی عایلەی خۆماندا دەچینەوە، تا بیدۆزینەوە، کاتی خۆی سەر بە کام عەشرەت بووین! وامان لێهاتوە، چیتر گرنگ نیە چ بڕوانامەیەکت هەیە، چ توانایەکی ، تەکنیکی و هونەریت هەیە، تەنها گرنگە، کوڕی کێی، لە چ عەشرەتێکی؟ سەر بە کێی؟ چی بو وای کرد، هەندێک لە دەسەڵاتداران بگەنە ئەو بڕوایەی؛ خەباتی چینایەتی و حسابکردن بۆ ڕەشوڕوتی کۆمەڵگا، ڕێبازی شاخ بوو.کۆن بوو، بەسەر چوو. ( لە شاخ مەبادئ، لە شار مەساڵح). بۆ کەس نەیتوانی تێیانبگەیەنێ کە، ئەم جۆرە بۆچوونە، ئەگەر لە سەرەتاوە قازانجی کاتیشی هەبێ، لە دوور خایەن زیانی زۆر قووڵە. پڕنابێتەوە.
کوردانی ڕۆژاوا، کە تا ئەم دواییەش سیاسەتمەدارانی باشور، وەک هەرزەکار و هەڵپەکار دەیانبینین، چۆن ئەوان توانیان کۆمەڵگای خۆیان لەو ساڵە سەختانەی خەبات بە یەکسانی، تەبایی و فەراهەمکردنی مافی تاک لە نێر و مێ، بهێڵنەوە؟ بۆچی زۆربەی کورد و بەشێک لە عەرەب, لەدەوری (ی پ گ) کۆبونەتەوە، کەچی (ی ن ک)، نەک تەنها جەماوەرەکەی، بەڵکو ئەندامە دێرینەکانی دوور دەکەونەوە؟ کێ دەستی لە یەکیێتی وەشاند؟
چۆن (ی پ گ) توانیویەتی، کارێکی وا بکات، ئەمریکا، تورکیا، ئیسرائیل و ئێران، بێ حسابکردن بۆ ئەوان، هیچ گۆڕانکاریەک لە سوریا نەکەن. کەچی ئێستا، دوای ٣٥ ساڵ کۆمەک، ئەمریکا – لە زاری تۆم باراکەوە – لەم ڕۆژانە وتی « فیدراڵیی عێراق هەڵە بوو، هەیە کورد لەناو حوکمەتە مەرکەزیەکانی دا بژی». خەریکە بەسایەی ئەزمونی فاشلی ئێمەوە، ئیشەکە لە ڕۆژاواش تێک دەدەین.
سەرەڕای هەمو ئەو زیانانە، کورد یەک قازانجی کردوە؛ نەوەی ئایندە چیتر بۆ وەڵامی پرسیاری؛ بۆ کورد نەبو بە دەوڵەت؟ تەماشای دەرەوە ناکات. ناڵێ؛ دەستی داگیرکەری بێگانە بو!! تەماشای ناوخۆمان دەکات. کورد، تا خۆی مابێ، پێویستیی بە دوژمنی دەرەکی نیە.














Post Comment