بەرهەم و كارە نویەكەی لە UN
بەرهەم ساڵح، بارزانی چوار ساڵ لەمەوبەر بلۆكی كرد وەك سەرۆككۆمار هەڵببژێردرێتەوە. ئێستا پۆستێكی باڵای لە دامەزراوەی نەتەوە یەكگرتوەكان دەستكەوتووە وەك كۆمسیاری كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری پەنابەران (UNHCR).
ئەم پۆستە دەستكەوتێكی كەسییە بۆ د.بەرهەم و پەیوەست نییە بە كوردبوون و كوردیشەوە. پیرۆزی بێت وەك پۆستێكی ڕكابەری لەسەر كە د.بەرهەم. تێیدا سەركەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی لە كێبڕكێیەكەدا. ئەم پۆستە پۆستێك نییە لە فەرمانگەیەكی كوردستان تا بە واستە و حیزبیبوون و پاڕانەوە و دەست ماچكردن بەدەست بێت. د.بەرهەم مەرجی پێویستی بۆ كارەكە و شایستەیی تێدانەبوایە بە پتشگیری دۆناڵد ترەمپیش ئەم پۆستەی پێنەدەدرا. با بۆ چەواشەكاری وا نیشان نەدرێت بارزانی لۆبی بۆ كردوە، وەك لە هەندێ نەكالی میدیای سێبەری پارتی بانگەشەی بۆ دەكرێت، بێجگە لەوەش، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بارزانی ئەو ئەكترە كارامە و بەهێزە نییە ئاو بەدووی بڵەكەیدا بڕوات. ئەم. ڕاستیەش دەبێ بزاندرێ، د.بەرهەم ناتوانێ نوێنەری كورد بێت و نابێت نوێنەری كوردیش بێت لەو پۆستە گشتیەدا.
لەلایەكی ترەوە، د.بەرهەم لە پۆستی سەرۆككۆماری نەیتوانی جێبەجێكاری دەستووری عێراق بێت وەك ڕاگرێكی بێلایەنانەی دەستوور لە پۆستی سەرۆككۆماری و نەیتوانی ڕێگری بكا لەوەی جوتیارانی كەركوك و ناوچە جێ ناكۆكی لەسەرەكانی تر هەموو ڕۆژێك تووشی چەوسانەوە و زولملێكردن ببنەوە. هەروەها دەبا پێشەنگی بكردبا لە سەپاندنی مادەكانی دەستوور وە بەتایبەت مادەكانی پەیوەست بە ئەنجومەنی فیدڕالی (مجلس الإتحاد) و جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ و یەكالاكردنەوەی پرسی كەركوك و ناوچە جێ ناكۆكی لەسەرەكانی تری بەر شاڵاوی تەعریب كەوتوون و تا ئێستاش تەعریب بەردەوامە. بەرهەم لە پۆستی سەرۆككۆماری بەلای سونە و توركمانەكانی دادەشكاند و دڵی توركیا و ئەردۆغانی ڕازی دەكرد لەسەر حیسابی كورد و چەوساوەكانی سیاسەتی تەعریبی دەوڵەتی عێراقی كە توركیا خوازیاری مانەوەی ئەو سیاسەتەیە. پۆستەكەی ئێستای د.بەرهەم نوێنەرایەتی كوردی تێدا نییە، بەڵام ئەگەر ئەوەشی تێدابا، بەرهەم زیاتر مەیلی نوێنەرایەتی كردنی توركیا و ئەردۆغان دەكات.
جگە لەوانەی سەرەوە، ئەو بە فەرمانبەرێكی باڵای دامەزراوەیەكی نێونەتەوەیی دامەزراوە كە ئەرك و ئامانجی تایبەت و دیاریكراوی هەیە. نە بەناوی كوردەوە لەو پۆستە دامەزراوە وە نە پۆستەكەشی تایبەتە بە كوردەوە. كارەكەی چوارچێوەیەكی تایبەتی هەیە كە پەیوەستە بە پەنابەرانەوە لە سەرتاسەری جیهاندا، نەك گروپێكی ئەتنیكی تایبەتی وەك كورد. خاوەن پۆست دەبێ لەو چوارچێوەیەدا كار بۆ هەمو پەنابەران بكات.
د.بەرهەم لەم پۆستە نوێیەی تاقیكردنەوەیەكی كوردایەتیەكی لەپێشە كە پەیوەستە بە ئەرك و فرمانی خۆی و چاوەڕوانی لێدەكرێت لە چوارچێوەی كارە نوێیەكەی وەك كۆمسیاری كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری پەنابەران چۆن هەڵسوكەت دەكات لەگەڵ ئەو شوێنانەی پەنابەری كوردی لێ نیشتەجێن و تووشی توندوتیژی و بۆردومانی ئەرزی و ئاسمانی و چەوسانەوە و پشتگوێخستن و مەحرومیەت هاتوون، وەك كامپی مەخمور و كامپەكانی پەنابەرانی كوردستانی ڕۆژهەڵات.
بزانین تا چەند بە هانای دانیشتووانی كوردی ئەو كامپانە دەچێت لە مەترسی و پشتگوێخستن دەیانپارێزێت، یارمەتی پێویستیان ئەو كامپانە و ئۆردوگاكانی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان لە عێراق (هەرێمی كوردستان) دەدات، وەك بەشێك لە ئەركی كاری داهاتووی. با بزانین تا چەند ئازادی جولانەوە و ڕێگەپیدانی كاركردن و خۆشگوزەرانی و سەلامەتی دانیشتوانان و خزمەتگوزاریەكانی ئەو شوێنانە باشتر دەكات. دابینكردنی پێویستیەكانی ژیانی سەرنشینانی ئەو شوێنانە و سەلامەتی و خزمەتگوزاریەكانیان و پەروەردە و خوێندنی منداڵەكانیان پەیوەستن بە كارە نوێكەی د.بەرهەمەوە. ئەمە تاكە تاقیكردنەوەی كوردایەتیەكەیەتی، با بزانین تێیدا سەردەكەوێت یان وەك تاقیكردنەوەكەی لە پۆستی سەرۆككۆماری، وەك سەرۆككۆمارێكی بێلانەن و پارێزكاریكەر لە دەستوور و جێبەجێكردنی، ساقیت دەبێت!!















Post Comment