باڤڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی .. ئاوینەکانی ململانێکی مێژویی بێ بەها…یاخود ! وسیسەتمەدارە ژەنگهەڵگەراو و پیسەخۆرەکانی ئێستاش!

باڤڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی .. ئاوینەکانی ململانێکی مێژویی بێ بەها…یاخود ! وسیسەتمەدارە ژەنگهەڵگەراو و پیسەخۆرەکانی ئێستاش!

جار بینراوە: (1.3K)

مەسرور بارزانی سەرەرای ئەوەی کوری کەسایەتی ناودار مسعود بارزانی و کۆڵەیەکی بنەرەتی ئەم سەردەمەی پارتی و بنەماڵەی بارزانیە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و جێگرێکی سەرۆکی پارتیشە. ئەم سەرجەم پێناسە و بەرپرسیاریەتیە دەسەڵاتێکی رەهای لەم هەرێمە بچوکەی کوردستان پێ بەخشیوە.

واقعێکی حاشا هەڵنەگرە بەشێکی زۆری ئەم پێگە و دەسەڵاتەکانی بۆ ئینتمای بۆ بنەماڵەی بارزانی دەگەرێنەوە، مەبەست نیە لە بەهای کارەکانی کەم بکەمەوە، سلێمانی وتەنی جادەکەی بۆ تەختکراوە.

ئەوەی شایستەی ئاماژەپێکردنە هەر لێدوانێک، کارێک، بریارێک ئەو خاوەنی بێت راگەیاندنی حزبەکەی وەک ئەعجوبەی ئەم سەردەمە عەرزی دەکەن، بۆ ساتێک خۆیان نادەن لە قەرەی شکست و ئاڵەنگاریکان و کارەکانی دژ بە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بیرورا.

لە خانەوادەی بارزانی گەیشتوم بە خزمەتی خوالێخۆشبوان مەلا مستەفا، و کورەکانیشی ادریس و صابیر بارزانی، لە شۆرشی ئەیلول بۆ کاروباری خوێندکاران بەردەوام لە گەڵ هاورێکانم لە یەکێتی قوتابیانی کوردستان بەشەو سەردانی بارەگای بارزانی مان لە رایات دەکرد کە خوالێخۆشبو ادریس بارزانی بەرێوەی دەبرد، لەوێ مسعود بارزانیم بینیوە کە سەرپەرشتکاری دەزگای پاراستنی پارتی بو، هەمیشە بەرێزی گوێی دەگرت و قسەی نەدەکرد بە پێچەوانەی کاک ئیدریسی برای کە دەریایەک بو لە جموجۆڵ و قسەکردن و بریاردان و دەرکردنی فەرمانەکان. بۆ خۆم هیچ ئەزمونێکم لە گەڵ نەوەی نوێی بنەماڵەی بارزانی نیە، ئەوەی بیستومە و دەیخوێنمەوە پاشانە ژیان بەسەر دەبەن کە بۆتە جێگای پرسیاری زۆرینەی هاوڵاتیانی کوردستان.

لە هاوینی ١٩٧٢ دوای هەڵبژاردنمان بۆ مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بە دەستپێشخەری شەهید سامی عبدالرحمن کە سەرپەرشتیاری رێکخراوەکانی سەر بەپارتی بو دانیشتنێکی لە گەڵ مەلا مستەفا سازکرد لە کۆشکی ئاشتی (قصر السلام) – خانویەکی سێ ژور بو لە گردەکەی چۆمان کە لە بلۆکی روت دروستکرابو- مەلا مسەفا بەئاگابو کە شەپۆلی چەپرەی لە ناو رێکخراوەکان لە گەشەکردندایە، روی تێکردین و گوتی: گرنگ نیە راسترەو یاخود چەپرەون، ئەوەی گرنگە کوری میللەتەکەتان بمێننەوە.

پارتی لە بزافی کوردایەتی لە زۆر بواردا سودمەند بوە چونکە رکابەرەکانی لە بنەرەتدا جیاوازیەکی بنەرەتیان لە گەڵیدا نەبوە، هەمویان دو روی یەک دراو بون و هەموشیان بەیەکەوە سەرکەوتو نەبون خوێندنگایەکی کوردایەتی جێگیر و دروست لە باشور دروست بکەن کە ببێتە نمونەیەک بۆ بەشەکانی تری گەورە.

ئێستا دەبیستین بەناو پاشماوە شۆرشگیرەکانی یەکێتی لەو واقعە تێگەیشتون کە چیاوازی بنەرەتی بونی نیە بۆیە لەو زەلکاوە گەنیوەدا راوی بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەست پێکردوە و وەک مورتەزەقەیەکی سیاسی لەم و لەو دەخۆن. ئەمجۆرە سیاسەتبەزانە هەرچی بکەن هەر ئەوەن کە خۆیان دەمێکە شوناسی بێ پوچەڵی خۆیان سەلماندوە.لە ئێستادا بەپێویستی نازانم ناو و کرداریان باس بکەم.

ئەم هاوکێشەیە رەگی ریشەیی ئاڵۆز و کێشە و شەر و مەرافەکانی کوردە لە باشوری کوردستان کە تا ئەم چرکەیەش بە شێوازی جیا بەردەوامن، چونکە کاتیك جیاوازی بنەرەتی نەبێت هەر هەموی دەگەرێتەوە بۆ هەمان سەرچاوە، خۆپەرست و پاڵەوانانی فشە و خۆپەرست و درۆزن نان و پیازی پێوە دەخۆن و هاوڵاتیش دەبێتە قوربانی غیابی فکر و هزری بنەرەتی جیاواز. غیابی ئەم چەمکە لە باشوری کوردستان گێژاوێکی دیموکراسی، فکری، کۆمەڵایەتی و حوکمرانی خۆشەکردوە.

مام جلال لەم واقعە باش تێگەیشتبو، بۆیە دوای خولە خوێناویەکانی شەری ناوخۆ هەوڵی زۆری دەدا یەکێتی و خۆی لە ململانێی خەست لە گەڵ پارتی و بنەماڵەی بەرزانی دور رابگرێت. هاوکاتیش دەرکی دەکرد کە جیاوازیەکانی لەگەڵ پارتی و بنەماڵەی بەرزانی شایستەی خوێنرشتنی کورد نین، بۆیە روی لە بەغدا کرد و شی رادەستی مسعود بەرزانی و پارتی کرد، بۆ خۆم جاران کە کوێرانە باوەرم بە جیاوازیە بنەرەتیەکان لەگەڵ پارتی هەبو ئەو کارەی مام جلالم بە ێک رەتکردۆتەوە، بەڵام ئێستا لەو قەناعەتەدام باشترین کاری کردوە چونکە باش دەیزانی کێشە و جیاوازیەکانی لە گەڵ لایەنەکەی تر نە بنەرەتین و نە ئەوەشی هەن بەوان چارەسەر دەکرێن. بەشێک لە خۆپەرست و ئاژاوەگیرە دێرینەکانی ناو یەکێتی ئێستا ئەو هەڵسەنگاندنەی مام جلال بۆ مەرامە تایبەت و گومانەویەکانی خۆیان خستۆتە گەر، چونکە ئەوان حەدیان نیە سێبەرێکی مام بن.

هەمان راستی دوبارە بوەوە کاتێک گۆڕان دروستبو کە پێگەی یەکێتی لە هەرێم لاواز کرد، بۆیە لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەگەریدا لەگەڵ پەیامنێری رۆژنامە ناوداری ئەمریکی ( نیۆرکەر) لە سلێمانی چەند رۆژێک دوای ئەو شکستەی یەکێتی گوتی: گەر ئێستا نەوشیروان ببینم پیرۆزبایی لێدەکەم. مام جلال بەدوای ئەوەدا نەبو ناکۆکیەکان لە گەڵ رکابەرەکانی خەستتر و دژوارتر بکات چونکە زۆر باش دەرکی دەکرد بەوەی جیاوازیەکان بنەرەتی نین و ئاوێنەی کاتی ساتەکانیانن.

ئێستا باڤڵ و قوبادی کورانی مام جلال، وارسە سیاسی و حزبیەکانی باوکیان، هاوکێشەی مام جلال بە شێوازێکی تر پراکتیزە دەکەن.

هەر دوکیان سیاسەت و هەڵوێستەکانی باوکیان لە گەڵ پارتی بەشێوازێکی جیاوازتر، بەڵام بەهەمان مەبەست، پراکتیزە دەکەن. چۆن و بۆچی ؟

لە ی ئایندەدا هەوڵ دەدەم بەتێرو تەسەلی تیشک بخەمە سەر وەڵامەکە و لەسەر ئەو کۆنە بازرگانە سیاسیانەی ناو یەکێتی کە ئەمرۆ وەک نۆزدەی هاری سلێمانی سنگ دەپەرێنن. تا ئایندەیەکی نزیک!

بابەتى تر

👤
Live: 33 Today: 1,640 📊 Click Here